15 . بەفرانبار . 2725
سەرەکیهەواڵوتاروتووێژھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژووکەڵتوورسپۆرتکورتە هەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

حدکا: بە هانایی خەڵکی ڕاپەڕیوی مەڵکشاهیەوە بچن

حدکا: بە هانایی خەڵکی ڕاپەڕیوی مەڵکشاهیەوە بچن
13 . بەفرانبار . 2725

گۆرانی بۆقەکان

نرخ: 3,67 €
بەردەستە: 1,00

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا لەگەڵ مەحکومکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە، داوا لە هەموو لایەک دەکات، بەهانایی خەڵکی ڕاپەریوی مەڵەکشاهییەوە بچن.

دەقی راگەیاندراوەکە:
خەڵکی خەباتکار و مافخوازی کوردستان!
گەلانی ئازادیخوازی ئێران!
کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان!
پاش تێپەڕینی چەند ڕۆژ لە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە هەمبەر دۆخی نالەباری ژیان و زوڵم و دیکتاتۆریی زاڵ بەسەر وڵاتدا، سەرەڕای سەرکوت و هەڕەشەکانی ڕێژیم، هەتا دێت خۆپیشاندانەکان بەربڵاوتر دەبن و شار و ناوچەی زیاتر بەو بزووتنەوەیە پەیوەست دەبن.
ئەو خۆپیشاندانانە کە سەرەتا زیاتر ڕەهەندێکی ئابووریی هەبوو، بە تێپەڕینی کات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بوو بە ئەکتێکی جەماوەری بۆ دەربڕینی داواکاریییە سیاسییەکانی خەڵک و بەرزکردنەوەی دروشم لەپێناو مافە دێموکراتیک و مرۆییەکانیاندا؛ بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرا، لەگەڵ هەڵسوکەوتی دڕندانەی ڕێژیم و دامودەزگاکانی سەرکوت بەرەوڕوو بوو. بۆیەشە لە ئاکامی هاتنەمەیدانی ئازایانەی خەڵک و سەرکوتکرانیان لەلایەن هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمدا تا ئێستا دەیان کەس لە خەڵکی بێتاوان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، لوڕستان، هەمەدان و ناوچە جیاجیاکانی دیکەی ئێراندا کوژراون و بریندار بوون، هەروەها سەدان کەسیش لە لایەن هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیمەوە ڕفێنراون و بۆ ئەشکنجەگاکان گوازراونەتەوە.

لە دوایین نموونە لەو تاوانانەی ڕێژیمدا، ئەمڕۆ شەممە ١٣ی بەفرانبار لە ناڕەزایەتییەكانی ناوچەی مەڵەکشایی پارێزگای ئیلام، چەندین کەس لە خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە کوژراون و بریندار بوون. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی بریندارانی شاری مەڵکشای یەکجار زۆرە و برینداران لە ژووری نەشتەرگەریدا لەگەڵ کەمیی خوێن و پزیشک بەرەوڕوون. هەربۆیە خەڵکی ئەو ناوچەیە داوای بەهاناوەچوونی خێرا و گەیاندنی یارمەتی بۆ دابینکردنی پزیشک و خوێن بۆ بریندارەکان دەکەن. هاوکات هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە، ناوچەکه لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدایە، تێکهەڵچوون و تەقەکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە خەڵکی مافخوازی مەڵەکشایی بەردەوامە، ئاماری کوژراوەکان لە بەرزبوونەوەدایە و دەیان برینداری ئەم کارەساتەش برینەکانیان زۆر قووڵە و ژیانیان لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوویە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی تاوان و کۆمەڵکوژیی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی مافخوازی وڵاتەکەمان، ناڕەزایەتی و خەبات بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە بە مافی ڕەوای نەتەوەکەمان دەزانین و داوا لە هەموو خەڵک و لایەنە سیاسییە دێموکرات و ئازادیخوازەکان دەکەین کە یەکڕیز و یەکگرتوو بەرەوڕووی کاولکاری و سەرکوتەکانی ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئێران بوەستنەوە و پشتیوانی خەبات بۆ بەچۆکداهێنانی ڕێژیم و کۆتایی‌هێنان بە ستەم و دیکتانۆریی زاڵ بە سەر وڵاتەکەماندا بن. هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم کاروانی مافخوازییە دەکەین و دڵنیاین کە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بەفیڕۆ ناچێ و ئازادی و ڕزگاری بۆ نەتەوەکەیان بەدیاری دێنێ.

هەروەها داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە هەموو شێوەیەک بۆ گەیاندنی یارمەتی بە خەڵک و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکانی ئێران هەنگاوی پێویست و خێرا هەڵگرن و پێش بە کۆمەڵکوژیی خەڵک لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بگرن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
١٤٠٤/١٠/١٣ی هەتاوی
٢٠٢٦/١/٣ی زایینی