22 . بەفرانبار . 2725
سەرەکیهەواڵوتاروتووێژھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژووکەڵتوورسپۆرتکورتە هەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

پاڵپشتیی "کۆمەڵگەی جووەکانی کوردستان لە ئیسرائیل" لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان

پاڵپشتیی "کۆمەڵگەی جووەکانی کوردستان لە ئیسرائیل" لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان
21 . بەفرانبار . 2725

بەرازی قژلوول

نرخ: 3,84 €
بەردەستە: 1,00

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢۵ی کوردی، یەهودا بن یووسف، سەرۆکی کۆمەڵگەی جووەکانی کوردستان لە ئیسرائیل، بە ناوی سەرجەم جووە کوردستانییەکانی ئیسرائیل، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و پاڵپشتیی خۆی لە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها خۆڕاگری و بەرخۆدانی ڕۆژاوای کوردستان دەربڕی. لە بەیاننامەکەدا وێڕای پاڵپشتی و هاوسۆزی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، جارێکی تر جەختیان لەسەر پێداگری لە کوردستانیبوونیان کردەوە.


دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:
من کوردم - پێوەندیی کوردستان و ئیسرائیل
بۆ خوشک و برا کوردەکانمان لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا، باشوور و دیاسپۆرای کوردستان.

بە ناوی کۆمەڵگەی جووەکانی کوردستان لە ئیسرائیل، هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ خوشک و برا کوردەکانمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە ڕەوەندی تاراوگە، لەم کاتە سەختەدا دەردەبڕم. ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییەی حەلەب دەکەین، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیە و گرووپە جیهادییەکانەوە بەرانبەر بە خەڵکی مەدەنیی کورد و بەتایبەت ژنان و منداڵانی کورد دەکرێت.

ئێمە بەردەوام لەگەڵتانین و پاڵپشتی ئێوەین، هەروەها داوا لە بەڕێز بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانمان و هەموو کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسرائیل دەکەین کە بەبێ جیاوازی، پشتگیریی خوشک و برا کوردەکانمان بکەن. پێویستە هەموو ڕێگە پێویستەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانە و نامرۆڤانەی لە دژی گەلی کوردستان، بەتایبەت لە حەلەب و سەرانسەری سووریە کە لەلایەن هێزە جیهادییەکانی هاوشێوەی حەماس دەکرێتە سەریان، بگیردرێتە پێش و هەموو ئامرازەکان بۆ پێشگرتن لە هێرشەکانی سەر کوردستان بەکار بهێنرێن.

هاوکات هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ خوشک و برا کوردەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرببڕین، کە بوێرانە بەرەنگاری ڕێژێمی ستەمکاری مەلاکان دەبنەوە. سڵاو و نزای دڵسۆزانە دەنێرین و هیوای بەهێزبوون و خۆڕاگری و سەرکەوتنی هەمیشەییتان بۆ دەخوازین لە خەباتی بوێرانەتاندا.

باک و باپیرانمان بەهۆی گوشار و هەڕەشەکان دژی جوولەکەکان ناچار بوون کوردستان بەجێ بهێڵن! کەچی ئێمە وەک بەشێکی جەوهەریی نەتەوەی کورد دەمێنینەوە؛ ئێمە ڕەگ و ڕیشەمان لە زێدی ئەبەدیی خۆمان، واتە لە کوردستاندا هەیە. ئێمە بە تامەزرۆیییەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکەین کە بتوانین لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا یەک بگرین و یەکتر لە باوەش بگرین.

یەهودا بن یووسف
سەرۆکی کۆمەڵگەی جووەکانی کوردستان لە ئیسرائیل