ئەمرۆ سێشەممە باسم عەداوی گوتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند كە رێككەوتنە ئەمنییەكەمان لەگەڵ ئێران جێبەجێ كردووە. عەداوی لە تۆری كۆمەڵایەتی ئیكس، توویتەری جاران رایگەیاندووە، رێككەوتبووین لەسەر رێگریكردن لەدزەكردنی چەكداران بۆ سنووری ئێران، رادەستكردنی داواكراوەكان، چەككرد و نەھێشتنی ئۆردوگاكان. عەداوی دەڵێ ھەمووی ئەوانەش جێبەجێ كراون. ئەو قسانەی گوتەبێژی حكومەتی عێراق وەكوو وەڵامێك بۆ قسەكانی رۆژی دووشەممەی ناسر كەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دێت، كە رایگەیاندبوو دوا وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەیان 28-ی ئەم مانگەیەو عێراق دەبێ بڕگەكان جێبەجێ بكات و ئەگەر ئەو كارە نەكات، ئەوان كاردانەوەیان دەبێت. وەڵامەكەی عەداوی گوتەبێژی حكومەتی عێراق دەری دەخات كە ئێران و عێراق لەسەر خودی رێككەوتنەكە و جۆری مامەڵەكردن لەگەڵ رێككەوتنەكە رای جیاوازیان ھەیە.