Weather widget for website

کۆماری ئیسلامی و هەوڵ بۆ نەهێشتنی کوردایەتی

04.09.2023 08:59:24
کۆماری ئیسلامی و هەوڵ بۆ نەهێشتنی کوردایەتی

کۆماری ئیسلامی بە هەوڵێکی تازە و بۆ بەربەرین کردنەوەی هەرچی زۆرتری بەرەی شەڕی خۆی دژ بە کورد، ئامادەکاری شەرێکی هەمە لایەنە دژ بەکورد لە ئێران و سوریا و عێراق دەکات. سەرکەوتنی ئەو ئامادەکارییە تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە تێگەیشتنی ئەمریکا لە بەرژەوەندی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامادەیی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لەوەها هەوڵێک. ئەوەی کە ئێستا لە دەیرەزوور ڕوودەدات شتێک نییە کە پەیوەندی نەبێت بە ڕەوشی کەرکووک و بە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە بەرەبەری ساڵوەگەری بزوتنەوەی ژینادا.
تەنسیم کە بڵاوکراوەی سپای پاسدارانە، لە ساڵی ٢٠١٧ دا و دوای تێکشاندنی ڕیفراندۆمی کوردستانی باشوور بە هاوکاری بنەماڵەی جەنگی-تاڵەبانی، نووسی کە کۆماری ئیسلامی بە تێکشاندنی پرۆژەی ریفراندۆم زەربەیەکی سەدساڵەی لە پرسی سەبەرخۆی کورددا. بەڵام، ئێستا کۆماری ئیسلامی لێبڕاوە کە زەربەیەکی گەورەترە تەنانەت هەر بەگشتی لە خودی پرسی کورد بدات. بۆ ئەو کارەش دەیەوێت هەم دوو کیانی نێوەگیانی کوردی لە باشوور و ڕۆژئاوا لە نێوبەرێت و هەم زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردیش.
کۆماری ئیسلامی لەهەوەڵی وەڕێخستنی شەرێکی هەمەلایەنە دژی کوردە کە هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بتوانێ سیاسەتی کوردی نەهێڵێت.
کۆماری ئیسلامی زۆر بەجێ، کورد بە سەرچاوەی هەستانەوەی ژینا دەزانێت. هەستانەوەیەک کە لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا گەورەترین و بەهێزترین و هەمەلایەنەترین مەترسی بووە بۆ کۆماری ئیسلامی. بەو مانەیە کە تا هەستانەوەی ژینا هیچ بەرهەڵستکارییەکی ئاوا بەربڵاو و ئاواش درێژخایەن دژ بە کۆماری ئیسلامی نەکرا بوو. لە هەموو ٤٤ ساڵی ڕابردووشدا، هیچ بەرهەڵستکارییەکیش تا ئەو ڕادەیە شەرعییەتی و پێشوازی نێونەوەیی نەبووە. سەرچاوە و پێشەنگی ئەو هەستانەوەیە کوردستان بوو، نەک هەر لە باری ئیرادەی پشت هەستانەوەکە و دەست پێکردنی، بەڵکوو لە باری بەهێزی و ڕادیکالیزمی سیاسی و گوتاریش، کوردستان نێوەڕۆک و مانای دەدا بە هەستانەوەکە. بۆیە ئێستا ئامانجی ئەو جارەی کۆماری ئیسلامی، خودی کوردایەتی و پرسی کوردە لە هەموو کوردستان، نەک دژایەتی لەگەڵ جۆری داواکاری کورد لەبەشێکی تایبەتی کوردستان. کۆماری ئیسلامی ئەگەر سیاسەتی کوردی بۆ ڕیشەکێش نەکرێ، دەیەوێت کە لانیکەم بۆ ساڵانێکی زۆر وزە لەو سیاسەتە بستێنێ و ئێمکانی ئیلهامبەخشی بۆ هیچ جۆرە جۆڵەیەکی کوردی نەمێنێت. هەوڵی ئەوەیە کە بۆ مانی خۆشی بێت، سەرچاوەی سیاسەتی کوردی بۆ ماوەیەکی زۆر وشک بکات و دەرکەوتە دامەزراوەیەکانی وەک ڕێکخراوە سیاسەکان و بەڕیوەبەرییە ناوچەییەکانی کوردیش لە ڕۆژئاوا و باشوور بێ مانا و بێ داهاتوو بکات و هەموو دەستکەوتێکی هێمایی سیاسەتی کوردیش لە گۆڕی بنێت.
بۆ ئەو مەبەستە، کۆماری ئیسلامی وادیارە کە خەریکی پتەوترکردنی بەرەیەکی بەربەرینی دژە کوردە کە ئێستا جگە لە دوژمنەکانی ناوچەیی کورد وادیارە ڕوسیاشی لەگەڵ کەوتووە. رووسیا بووە بە بەشێک لەو بەرەیە، چونکە کوردستان تەنیا پێگەی ماوەنەوی ئەمریکا لە ناوچەکەیە (لە دەرەوی وڵاتانی کەنداو). هەر وەکوو دەبینین لە ئەفریقاش، ڕووسیا هەوڵی ئەوەیە کە بە کودیتا لە دوای کودیتا، جێ پێ بە ئەمریکا لێژ بکات. بە دەرکردنی ئەمریکا لە کوردستان، ئەمریکا تا هیچ پێگەیەکی ستراتیژیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەرەوی وڵاتانی کەنداو نامێنێت. کە ئەو شتە هەم بە قازانجی کۆماری ئیسلامییە، بە قازانجی تورکیایە، بە قازانجی ئەسەدە و بە قازانجی شیعەی عێراقیشە. تەنیا لایەنێک کە لەو شتە زەرەمند بێت، کوردە. لەبەر ئەوەیکە دوو کیانی کوردی، مانیان ڕاستەوخۆ بەستراوەتە بە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە. بۆیە ئێستا کە دێتە سەر هەلومەرجی داهاتوویی کورد، کورد حاڵەتێکی زۆر سەیری هەیە. لە ڕاستیدا بۆخۆی بەشێکە لە هەرەشەی زۆر جیددی لەسەر داهاتووی خۆی: بۆیە کە باسەکە دێتە سەر داهاتوویی سیاسەتی کوردی وێنا و تەسویرێکی ئاوامان هەیە:
بەرەی دژ بە کورد:
ئەسەد و سوننی عەرەبی سووریا، حکومەتی بەغدا و حەشدی شەعبی و بەشێک لە تورکمەن...، ڕوسیا و کۆماری ئیسلامی و تورکیا.
بەرەی سیاسەتی کوردی:
پارتی دژی پەکەکە و پێچەوانەوەکەشی، پارتی دژی ڕۆژئاوا و پێچەوانەوەکەشی، پارتی دژی یەکیەتی و پێچەوانەوەکەشی، یەکیەتی پیاوی تاران و دژی بەرژەوەندی کورد، یەکیەتی لایەنگری دەسەڵاتی بەغدا لەکوردستان؛ پەکەکە دژی دەوڵەتی کوردی و کوردایەتی؛ سیاسەتی پەکەکە گونجاوە لەگەڵ خەتی مقاومەتە و خاوەنی چەکداری هاوبەشە لەگەڵ حەشدی شەعبی؛ موهتەدی لایەنگری تێکەڵکردنی سپای پاسدارانە لەگەڵ ئەرتەش بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سەرزەوینی ئێران.

3

شانۆی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندان، بۆ کام مەبەست!
مشتێک لە خەروار... ئەو درۆیانەی خومەینی لە نووفڵ لوشاتۆ کردنی
کورد و بەلووچ: دوو نەتەوەی بێ دەوڵەت و لەتکراو و چارەنووسێکی وەک یەک
ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟
مافی مرۆڤ ئامرازی گوشار و دیپلۆماسی
رەبیعی مامۆستا تەنیا و وڵاتپارێزەکە