Weather widget for website

كۆمەلەی شۆرشگێریش داوای مانگرتن دەكات

06.09.2023 15:11:08
كۆمەلەی شۆرشگێریش داوای مانگرتن دەكات

راگەیەندراوی کۆمەڵە بە بۆنەی ۲۵ی خەرمانان

کۆمەڵانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
چالاکان، هاوڕێیان و هۆگرانی هەمیشەیی کۆمەڵە

٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ، یەکەمین ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی ژینا(مهسا) ئەمینی و هاوکات لەگەڵ بە یەکساڵەبوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی-یە. لەم ڕۆژەدا ژینای نیشتمان، بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەستدا و لەگەڵ کۆتایی هاتن بە ژیانی، چەخماخەی هەڵگیرسانی بەرینترین، قووڵترین و درێژماوەترین ئاخێز و ڕاپەڕینی جەماوەری بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لێدرا. شەپۆلێکی بێ وێنە لە ناڕەزایەتی و قین و تووڕەیی جەماوەر بە دژی دەسەڵاتی تاران لە کوردستانەوە بەرێکەوت و دواتر هەموو ئێران تەنانەت دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتەیشی گرتەوە. ناوی ژینا وەکوو ڕەمز و هێمایەک، بوو بە بزوێنەری هەڵمەتێکی گشتیی بۆ ژیانەوە و دەستپێکی بزووتنەوە و ڕاپەرینێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسی کە بە پێشەنگایەتی ژنان و لاوان وەڕێکەوتوە، بەردەوامە و هەموو تانوپۆی کۆمەڵگا و چین و توێژێکانی لە ئامێز گرتووە.

شۆڕشی پێشکەوتوو، سەردەمیانە و ڕەوای ژن، ژیان، ئازادی کە بە خۆپیشاندانی هێمنانەو و نافەرمانی مەدەنی و جەماوەری دەستی پێکرد، لە لایەن دەسەڵاتی کۆنەپەرەست و دامودەزگا و هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بەو پەڕی توندوتیژی و بێ بەزەییانە وەڵام درایەوە و بە سەدان گیانبەختکردوو، بە هەزاران بریندار و کەمئەندام، بە دەیان هەزار گیراو و زیندانی لێکوتەوە. ئێستاشی لەگەڵ بێت گیانی زۆرێک لە گیراوان، لە مەترسیدایە. بەستێن، هۆکار، لێکەوتە و خەسار و دەرفەتەکانی ئەم شۆڕشە، بۆ جارێکی دیکە گرنگیی و پێویستیی هاوکاری، هاوئاراستەیی و لێکنزیکبوونەوەی پێکهاتەکان، نەتەوە و بیرۆکە جیاوازەکانی لە ئێران پیشان دا، هەروەها کە کۆدەنگی و یەکڕیزی حیزب و لایەنە سیاسیەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بوو بە نمونە و پیشاندەری ئەو ڕاستییە کە هەست بە بەرپرسیارەتی، هاوخەباتی و هاوپشتی، ئەرکێکی سەرەکییە بۆ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای خەڵک و پارێزگاری لە ماف و داواکاری ئێستا و داهاتوویان.

هەر بەم بۆنەوە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران داوا لە سەرجەم خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران دەکا ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان بکەن بە هێمای یەکڕیزی و یەکێتی و ڕۆژی ڕێزگرتن لە بنەماڵەی شەهیدان و بەرکەوتووانی ئەم شۆڕشە و، بە نیشانەی پێداگری لەسەر خواستە ڕەواکان، ناڕەزایەتی دەربڕین و گەیاندنی نا-یەکی دیکە بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بە داخستنی دووکان و کێڵگە و بازارەکان و مانگرتنی گشتیی، سەردانی گڵکۆ و بنەماڵەی شەهیدان، یان بە هەر شێوەیەک کە بە گونجاوی دەزانن، یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕاگرن و خاوەندارییەتی لە تێچوو و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بکەن. هەروەها داوا لە هەموو خەڵكی ئازادیخوازی ئێران دەکەین، پشتگیری مانگرتنی گشتی خەڵکی کوردستانی بکەن.

کۆمەڵەی شؤڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٦ی سیپتامبەری ٢٠٢٣ی زاینیی
١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاویی

3

کرێکارانی رۆژهەڵات ماف هیچ، کاریشیان نیە
هێڵی ئاژاوە..چۆن نەیارانی ئەمریکا یەکدەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی
کەیوان رەشووزادە لەدۆخێکی خراپی تەندروستیدا، لەمانگرتن لەخواردن بەردەوامە
ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردران
کۆریدۆرەکان، ئامرازەکانی ئیمپریالیزمی تورکیا
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بەرەو کاڕەساتی مرۆیی دەروات