Weather widget for website

ئیسڕائیلی و فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی بوونەتەوە

15.10.2023 21:34:30
ئیسڕائیلی و فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی بوونەتەوە

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئیسڕائیل ئەزموونی کارەساتبارترین ڕۆژی خۆی کرد لە مێژوویدا. تەنیا لە یەک ڕۆژدا هێندە هاووڵاتی کوژراون، کە ژمارەیان زیاترە لە هەموو ئەو سەرباز و هاووڵاتییانەی ئیسڕائیل لە هەر سێ جەنگی سینای ١٩٥٦، جەنگی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ و دووەم جەنگی لوبنانی ٢٠٠٦، لەدەستیدان. ئەو چیڕۆک و وێنانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی حەماسەوە دێن تۆقێنەرن. زۆرێک لە هاوڕێیان و ئەندامانی خێزانم ڕووبەڕووی هەڵوێستی دڕندانەی باسنەکراو بوونەتەوە. ئەوەش مانای ئەوەیە، بە هەمان شێوە مەترسییەکی گەورە بەرۆکی فەڵەستینییەکانیشی گرتووە. بەهێزترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازار، ترس و توڕەیی لێ دەڕژێت. هیچ کام لە زانیاری و دەسەڵاتی مۆراڵیم نییە تاکوو وەسفی بارودۆخەکە بکەم لە ڕوانگەی فەڵەستینییەکانەوە. بەڵام لە بەئازارترین ساتی ئیسڕائیلدا، دەمەوێت ئاگادارییەک بڵاوبکەمەوە لەمەڕ چۆنییەتی دەرکەوتنی شتەکان لە چاوی ئیسڕائیلەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

سیاسەت زۆرجار وەک تاقیکردنەوەیەکی زانستی کار دەکات، لەسەر ملیۆنان مرۆڤ بەرجەستە دەکرێت بە هەبوونی کەمترین سنووری ئەخلاقییەوە. شتێک تاقی دەکەیتەوە -ئینجا ئەگەر زیادکردنی بودجە بێت لە بەرژەوەندیی خۆشگوزەرانی خەڵک، هەڵبژاردنی سەرۆکێکی پۆپۆلیستانە یان پێشکەشکردنی دەرفەتی ئاشتی- دوای ئەوە دەبیت بە گەواهیدەری ئەنجامەکان، لە کۆتاییشدا بڕیار دەدەیت لەسەر ئەو ڕێگەیە بەردەوام بیت؛ یان ڕێگەیەکی دیکە دەگریتەبەر و شتێکی دی تاقی دەکەیتەوە. چەندین دەیەیە بەم شێوەیە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین خۆیان نواندووە، لەڕێی تاقیکردنەوە و شکستهێنان.

لەماوەی پڕۆسەکەی ئۆسڵۆ بۆ ئاشتی لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، ئیسڕائیل دەرفەتێکی بە ئاشتی دا. دەزانم لە ڕوانگەی فەڵەستینییەکان و بەشێک لە چاودێرانی دەرەوە، ئۆفەرەکانی ئیسڕائیل بۆ ئاشتی پڕ لە کەموکوڕی و خۆویستانە بوون، بەڵام باشترین ئۆفەر بووە تاکوو ئێستا ئیسڕائیل پێشکەشی کردبێت. لەماوەی ئەو پڕۆسەی ئاشتییە، ئیسڕائیل بەشەدەسەڵاتێکی کەرتی غەزەی دا بە دەسەڵاتدارانی فەڵەستینەوە. دەرئەنجامەکەی بۆ ئیسڕائیلییەکان، خراپترین کەمپینی تیرۆر بوو تاکوو ئەو کاتە ئەزموونیان کردبێت. ئیسڕائیلییەکان تا ئێستا بە نائارامییەوە لە یادەوەرییەکانی ژیانی ڕۆژانەی سەرەتاکانی ٢٠٠٠ەکانەوە دەڕوانن، ئەو کاتانەی ڕۆژانە پاس و چێشتخانەکان دەتەقێنرانەوە. ئەو کەمپینە تیرۆرییە نەک تەنیا سەدان هاووڵاتی ئیسڕائیلی بە کوژدا، بەڵکوو پڕۆسەی ئاشتی و ئیسڕائیلییەکانی بەتەواوی لێکترازاند. ڕەنگە ئۆفەری ئاشتییەکەی ئیسڕائیل هێندەی پێویست گشتگیر و لەبار نەبووبێت، بەڵام ئایا تیرۆر تاکە کاردانەوە بوو ڕێی تێبچێت؟

دوای شکستی پڕۆسەی ئاشتییەکە، کشانەوە لە غەززە تاقیکردنەوە نوێیەکەی ئیسڕائیل بوو. لە ناوەڕاستی ٢٠٠٠ەکان، ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە بەتەواوی کشایەوە، گشت بارەگاکانی لەوێ تێکنا و گەڕایەوە بۆ ناو سنووری نێودەوڵەتی ددانپێدانراوی پێش ١٩٦٧. لە هەمان کاتدا، ئیسڕائیل بەردەوام بوو لە گەمارۆدانێکی بەشەکی کەرتی غەززە و کۆنتڕۆڵکردنی کەناری ڕۆژئاوا. بەڵام کشانەوە لە غەززە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ ئیسڕائیل، ئیسڕائیلییەکانیش بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەرئەنجامەکانی ئەو تاقیکردنەوەیە بوون. ئیسڕائیلییە بەجێماوەکان بەهیوای ئەوە بوون فەڵەستینییەکان هەوڵێکی ڕاشکاوانە بدەن بۆ ئەوەی غەززە بکەنە شارە-وڵاتێکی بەرهەمدار و ئاشتیخواز، بیکەنە سەنگاپوورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە جیهان و ئیسڕائیلییە ڕاستڕەوەکانی پیشان بدەن، ئەگەر فەڵەستینییەکان دەرفەتی حکومڕانی سەربەخۆیان پێ بدرێت، دەتوانن چی بکەن.

ڕاستە دروستکردنی سەنگاپوورەیەک لەژێر گەمارۆیەکی بەشەکی سەختە. بەڵام هێشتا دەکرا هەوڵێکی ڕاشکاوانە بدرێت، لەو حاڵەتەشدا فشارێکی زیاتر لەسەر حکوومەتی ئیسڕائیلی دەبوو لە لایەن هەردووک هێزەکانی دەرەکی و کۆمەڵانی خەڵکی ئیسڕائیل، بۆ ئەوەی گەمارۆیەکەی غەززە بەتەواوی لابدرێت و ڕێککەوتنێکی شەڕەفمەندانە سەبارەت بە کەناری ڕۆژئاواش ئەنجام بدرێت لە نێوانیان. لەبری ئەوە، حەماس دەستی بەسەر کەرتی غەززەدا گرت و کردی بە بنکەیەکی تیرۆرستی، کە لێیەوە هێرشی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسڕائیل بەرپا دەکرا. تاقیکردنەوەیەکی دیکە شکستی هێنا.

ئەوە ئەنجامە بەتەواوی متمانەی لە ئیسڕائیلییە چەپەکان سەندەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ و حکوومەتە ڕاوچیئاساکەی هێنایە دەسەڵات. نەتەنیاهۆ پێشڕەوی تاقیکردنەوەیەکی دیکەی کرد. چونکە پێکەوەژیانی ئاشتییانە شکستی هێنابوو، ئەو ڕەوتێکی پێکەوەژیانی ئاژاوەییانەی هێنایەکایەوە. ئیسڕائیل و حەماس هەفتانە لە یەکیان دەدا و بەنزیکەیی هەموو ساڵێک ئۆپەراسیۆنەکی سەربازی زەبەلاح ئەنجام دەدرا، بەڵام بۆ ساڵ و نیوێک، هاووڵاتییانی ئیسڕائیل دەیانتوانی چەند سەد مەترێک لە بنکەکانی حەماس لەوبەری پەرژینەکەوە بژین. لەو ماوەیە، تەنانەت توندڕەوە بەسۆز کوێرەکانی ئیسڕائیلیش ویستێکی کەمیان پیشان دەدا لە گرتنەوەی کەرتی غەززە، ئەوانەشی سەر بە باڵە ڕاستڕەوەکان بوون هیوایان دەخواست بەرپرسیارێتییەکانی حوکمکردنی زیاد لە ٢ ملیۆن کەس پەیتا پەیتا سیاسەتی حەماس بگۆڕێت و هێورتری بکاتەوە.

ڕاستییەکەی، بەشێکی زۆر لە ئیسڕائیلییە ڕاستڕەوەکان حەماسیان بە هاوبەشێکی باشتر دەزانی وەک لە حکوومەتی فەڵەستین. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئیسڕائیلییە شەڕخوازەکان دەیانویست لە دەستبەسەرداگرتنی کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام بن، هەروەها ترسیان لە ڕێککەوتنی ئاشتی هەبوو. بەوەش، حەماس باشترین هەلی دەڕەخساند بۆ ئیسڕائیلییە ڕاستڕەوەکان: باری حکومڕانی کەرتی غەززەی لەکۆڵی ئیسڕائیل دەکردەوە، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ئۆفەرێکی ئاشتی کە دەکرا دەسەڵاتی ئیسڕائیل بەسەر کەناری ڕۆژئاوا لەق بکات. ئەو ڕۆژە تۆقێنەرەی ئیسڕائیل لەم دواییە ئەزموونی کرد، ئاماژە بە کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکەی پێکەوەژیانی پڕ لە ئاژاوەی نەتەنیاهۆ دەدات.

کەواتە دواتر چی دەبێت؟ کەس لەوە دڵنیا نییە، بەڵام هەندێک لە دەنگەکانی ئیسڕائیل بە ئاڕاستەی داگیرکردنەوەی کەرتی غەززە یان تەختکردنی لەگەڵ زەوی هاوار دەکەن. ئەنجامی ئەو ڕەوتە دەکرێت خراپترین تەنگژەی مرۆڤایەتی بێت، کە ناوچەکە لەوەتەی ١٩٤٨ەوە ئەزموونی کردبێت. بەتایبەت ئەگەر حزبوڵا و هێزەکانی فەڵەستین لە کەناری ڕۆژئاوا خۆیان بخزێننە ناو شەڕەکەوە، ژمارەی مردووان ڕەنگە بگاتە چەندان هەزار کەس، ملیۆنان کەسیش ماڵەکانیان جێبێڵن. لە هەردوو بەرەی پەرژینەکەوە، توندڕۆی ئاینی هەن جەخت لە پاداشتی خوایی دەکەنەوە و سەرنجیان لەسەر جەنگەکەی ١٩٤٨ە. فەڵەستینییەکان خەون بە پێچەوانەکردنەوەی ئەنجامەکانی ئەو جەنگە دەبینن. توندڕەوە جووەکانیش وەک وەزیری دارایی، بێزالل سمۆتریچ، تەنانەت هاووڵاتییە عەرەبەکانی ئیسڕائیلیشی ئاگادار کردووەتەوە کە “ئێوە بەهۆی هەڵەیەکەوە لێرەن، چونکە بێن گوریۆن (یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل) لە ١٩٤٨ کارەکەی تەواو نەکرد و ئێوەی تێهەڵنەدایە دەرەوە”؛ ساڵی ٢٠٢٣ دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ توندڕەوە ئاینییەکانی هەردوولا بۆ ئەوەی بەدوای خەیاڵە ئاینییەکانیان بکەون، بە نیازی تۆڵەوە، جەنگەکەی ١٩٤٨ دەست پێ بکەنەوە.

تەنانەت ئەگەر ڕووداوەکانیش هێندە چڕ نەبنەوە، پێکدادانەکانی ئێستا بە ئەگەری زۆرەوە خەونی پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین لە گۆڕ دەنێن. “کیبووتسیم”ەکانی (کۆمەڵگەی بچووکی شێوە گوندی تایبەت بە ئیسڕائیلن، تێیدا ئەندامانی لەسەر بنەماکانی سۆشیالیزم بە یەک ئامانجی دیاریکراوەوە بە یەکسانی دەژین) ئیسڕائیل بەدرێژایی سنووری غەززە کۆمەڵگەی سۆشیالیستیین و بەشێکن لە لە پێداگرترین یەکەکانی ئیسڕائیلییە چەپەکان. خەڵکی دەناسم لەو کیبووتسیمانە، کە دوای چەندین ساڵ لە هێرشی هاژەکی ڕۆژانەی غەززە، هێشتا بە قایمی دەستیان بە هیوای ئاشتییەوە گرتبوو، وەک ئەوەی ئەو ئاشتییە ڕێبازێکی ئاینی بێت. لەو چەند ڕۆژەی دواییدا ئەو کیبووتسیمانە لەناوبران، هەندێکیش لەو کۆتا ئاشتیخوازانەی دانیشتووی ئەوێ یان کوژران لە کاتی ناشتنی کەسە خۆشەویستەکانیان، یان لە غەززە بەدیل گیراون. ڤیڤیان سیلڤەر وەک نموونە، چالاکێکی ئاشتییە لە کیبووتسی بێری، کە چەندین ساڵە نەخۆشانی غەززە بۆ نەخۆشخانەکانی ئیسڕائیل دەگوازێتەوە، ئێستا دیار نییە و بە ئەگەری زۆرەوە لە غەززە بەدیل گیراوە.

ئەوەی ڕوویداوە تازە ناگەڕێنرێتەوە. مردووان زیندوو ناکرێنەوە، بەرکەوتە جەستەیی و دەروونییە کەسییەکانیش هەرگیز بەتەواوی چاک نابنەوە. بەڵام پێویستە ڕێگە لە هەڵکشانی زیاتر بگرین. ئێستا زۆربەی هێزەکانی هەرێمەکە لە لایەن دەمارگیرانی ئاینی نابەرپرسیارەوە ڕابەرایەتی دەکرێن. بۆیە هێزە دەرەکییەکان پێویستە بێنەناوەوە بۆ دامرکاندنەوەی پێکدادانەکان. هەرکەسێک خواستی ئاشتی هەبێت دەبێت بە ڕوونی ئیدانەی هێرشە دڕندانەییەکانی حەماس بکات، فشار بخاتە سەر حەماس بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ و بەبێ مەرج گشت دیلەکان ئازاد بکات، هەروەها ڕێگری بکەن لە هاتنەوەناوەوەی حزبوڵا و ئێران. ئەوە کەمێک هەوای پاک بە ئیسڕائیلییەکان دەدات هەڵیمژن و تۆزقاڵێک هیوایان بۆ دەگەڕێنێتەوە.

دووەم، هاوپەیمانییەک لەوانەی ویستی ئاشتییان هەیە -لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا تاکوو سعوودیە و حکوومەتی فەڵەستین- پێویستە بەرپرسیارێتیی کەرتی غەززە دوور لە حەماس لە ئەستۆ بگرن، غەززە بنیادبنێنەوە و لە هەمان کاتدا بەتەواوی حەماس لە چەک دابماڵن و هێزی سەربازی لە کەرتی غەززە نەهێڵن.

ئەگەری کەم هەن ئەو هەنگاوانە درکیان پێ بکرێن. بەڵام دوای ڕووداوە تۆقێنەرەکانی ئەو دواییە، زۆربەی ئیسڕائیلییەکان بە کەمتر لەوەی داواکراوە ڕازی نابن.

یوڤاڵ نوح هەراری مێژووناس و نووسەری کتێبەکانی ساپیەنس، هۆمۆ دەیەس و ئێمەی بەرلێنەگیراوە.
سەرچاوە: zedpress

6

شانۆی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندان، بۆ کام مەبەست!
مشتێک لە خەروار... ئەو درۆیانەی خومەینی لە نووفڵ لوشاتۆ کردنی
کورد و بەلووچ: دوو نەتەوەی بێ دەوڵەت و لەتکراو و چارەنووسێکی وەک یەک
ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟
مافی مرۆڤ ئامرازی گوشار و دیپلۆماسی
رەبیعی مامۆستا تەنیا و وڵاتپارێزەکە