بۆ جاری دووەم لە دوو رۆژی رابردوودا فرۆکەخانەی هەریر لە باشووری کوردستان کرایە ئامانج. بەپێی زانیاریی شایەتحاڵەکان بۆ جارێکیتر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ئەو فرۆکەخانەیەو دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوەو ئاگریش لەناو فرۆکەخانەکە کەوتووەتەوە. دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەو شوێنە پێشتر هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی لێبووە، بەڵام ئێستا ئەو شوێن و کۆگایەی کراوەتە ئامانج چۆڵکراوە. هاوکات ئەمجارەش گروپێک بەناوی موقاومەی ئیسلامی عێراق بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ و، هۆکارەکەش بۆ پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسرائیل دەگەرێنێتەوە. ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران لە بەرزترین ئاستدا دەلێن نایانەوێ شەڕی غەززە پەڕەبستێنێت، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن رایگەیاندووە کە لەسەرەتای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە زیاتر لە ٤٠ جار بنکە سەربازییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت لە سوریا و عێراق لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لەئێران کراونەتە ئامانج.