Weather widget for website

ئێران چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەکەی لەسێدارەدا

28.01.2024 22:58:41
ئێران چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەکەی لەسێدارەدا

سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە لەگەڵ بانگی بەیانی کۆماری ئیسلامی ئێران چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەکەی لەسێدارەدا. محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار، موحسین مەزلووم و پێژمان فاتحی نزیکەی نۆزدە مانگ بوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوون. پارێزەرەکەیان و کەمپەینی بەرگری لەو چوار بەندکراوەو بنەماڵەکانیان بەردەوام دووپاتیانکردەوە کە لە دادگاییەکی رووکەش و نایاساییدا سزاکەیان بەسەردا سەپێندراوە. دوای جێبەجێکردنی سزاکەشیان مەسعوود شەمسنژاد پارێزەریان رایگەیاند کە ئەوان بەو تۆمەتە گیرابوون کە خەریکی ئامادەکاری بۆ تاوان بوونە، ئەو دەڵێ بەبێ ئەوەی هیچ روویدابێت، ئەوان سزا دراون و ئەوەشی وەکوو گاڵتەیەک لێکدایەوە کە رژێم پێشوەختە باوەری پێی کردبوو.


سەر لەبەیانی رۆژی یەکشەممە بنەماڵەی چوار بەندکراوی سیاسی کورد کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، سەردانی زیندانی ئێوینی تارانیان کرد. کەسوکاری هەر یەک لە پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربارو محەمەد فەرامەرزی دوای نۆزدە مانگ بێخەبەری بۆ یەکەمجار چاویان بە کوڕەکانیان کەوت. دواتر کەمپەینی بەرگریکردن لەو بەندکراوانە رایگەیاند کە بە بنەماڵەکانیان وتراوە کە ئەوە دوا دیداریانە.

رۆژی شەممە دوای ئەوەی کە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسیانە ئاگادار کرانەوە کە سەردانی زیندانی ئێوین بکەن بۆ ئەوەی کوڕەکانیان ببینن، نیگەرانییەکان لە لەسێدارەدانیان زیاتر بوو، چوونکە پێشتر لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران حوکمەکەیان پەسەند کرابوو.

دوای ئەوەی بنەماڵەکان توانیان ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە ببینن، کەمپەینی بەرگریکردن لەو بەندکراوانەو بنەماڵەکانیان بەشێوازی جیاواز داوایان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و خەڵکی کوردستان و ئێران کرد کە بەهانایانەوە بچن و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی رێگری لە لەسێدارەدانی کوڕەکانیان بکەن.

کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدیاریکراوی حەفازەت ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران پێناسەی ئەمنیەتی بوونی لە دۆسییەکەیان کردووەو هەر ئەوەش وایکردووە کە تەنانەت پارێزەرەکەشیان نەتوانێ داوای خوێندنەوەو بەرگری و پێداچوونەوە بە دۆسییەکەدا بکات. مەسعود شەمس نژاد پارێزەری ئەو بەندکراوانە رایگەیاندووە کە بە پاساوی ئەمنیەتیبوون رێگەی پێنەدراوە کە دۆسییەکەی ئەو چوار بەندکراوە ببینێت، شەمس نژاد راشیگەیاندبوو کە کۆی پرۆسەکە نایاسایی بووە.

ئەگەرچی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران تۆمەتی سیخوریکردن بۆ ئیسرائیلیان لەو بەندکراوانە داوە، بەڵام وردەکاری تۆمەتەکان و ناورۆکی حوکمەکە روون نیەو ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیش ئەو پرۆسەیە بە نایاسایی و پێشێڵکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ دەزانن و، زۆربەشیان داوایان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، پێداچوونەوە بەو دۆسییەیەدا بکات و سزای لەسێدارەدانەکە رابگرێت.











2

کرێکارانی رۆژهەڵات ماف هیچ، کاریشیان نیە
هێڵی ئاژاوە..چۆن نەیارانی ئەمریکا یەکدەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی
کەیوان رەشووزادە لەدۆخێکی خراپی تەندروستیدا، لەمانگرتن لەخواردن بەردەوامە
ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردران
کۆریدۆرەکان، ئامرازەکانی ئیمپریالیزمی تورکیا
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بەرەو کاڕەساتی مرۆیی دەروات