لەکوردستان بەفروبارانێکی زۆر باریوەو ئێران لەچوارەم ساڵی وشکەساڵیدایە، ئامارەکانی بەفرو باران بارینی رۆژهەڵاتی کوردستان بەراورد لەگەڵ ئێران دەریدەخات کە ئەمساڵ بەفروباران بارین لەچوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێژەی نزیکەی سی لەسەد لە تێکرای بەفروباران بارینی هەموو ئێران زیاترە.
لە یەک مانگی رابردوودا زۆرترین باران و بەفر لە رۆژهەڵاتی کوردستان باریوەو تاکوو ئێستاش بەردەوامە. بەپێی زانیاری ناوەندەکانی رێگەوبان تاکوو ئێستاش رێگەی ٣٢ گوند لە پارێزگای ورمێ، ١٧ گووندی پارێزگای سنەو ٦ گووندی پارێزگای کرماشان گیراوە. لە هەندێک ناوچەی وەکوو بۆکان و مەهاباد زۆری باران بارین بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانیشی لەهەندێک زەوی کشتوکاڵ داوە.
لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا لەپارێزگای کرماشان زۆرترین باران لە شاری پاوە باریوە، کە رێژەکەی ١٠١ میلیمەتر بووە. بەفر لە هەندێک ناوچەی سنووری سۆمای برادۆست لەپارێزگای ورمێ نزیکەی یەک مەتر بووە، لە بەرزاییەکانی هەورامان و تەتە نزیکەی دوو مەتر بەفر باریوە. تەنانەت زۆری بەفروباران بارین لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری لەسەر ئاوی بەنداوەکانیش داناوە، تێکرای بەنداوەکانی پارێزگای ورمێ تاکوو ئێستا بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی دە لەسەد ئاویان زیادیکردووە. بەنداوی سنە و بەنداوی داریان لە کرماشانیش ئاستی ئاوەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
هەموو ئەوانە لەکاتێکدایە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاشکرایانکردووە، ئێران ئەمساڵ لە چوارەم ساڵی وشکەساڵی خۆیدایەو تێکرای باران بارین لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردووش هەر کەمیکردووە، لەکاتێکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە.