Weather widget for website

بۆچی رۆژهەڵاتییەکان لە کۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ نین؟

18.02.2024 10:48:57
بۆچی رۆژهەڵاتییەکان لە کۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ نین؟

شەستەمین کۆنفرانسی ئاسایشی مونیخ لەرۆژی هەینییەوە دەستی بەکارەکانی کرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. سێبەری شەڕی غەزەو هێرشی ئۆکراینا و هەڵسوکەوتی میلیشیاکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەسەر کۆنفرانسەکەوە دیارە. بەڵام هیچ ئاماژەیەک لەسەر پرسی کورد و تەنانەت شۆرشی ژیناش نابینرێت.

کۆنفرانسی ئاسایشی مونیخ لەکاتێکدا دەستی بەکارەکانی کردووە کە جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەت لەدۆخێکی هەستیاردایە. لەکۆنفرانسەکەدا ٨٠٠ کەس بەشدارن و لەنێویاندا ٥٠ بەشداربوویان سەرۆکی وڵاتانی جیهانن. ئەمساڵیش بە دوو بەشدارنەبووی سەرەکییەوە دیارە کە باسوخواستی سەرەکی لەسەر رۆڵی ئەوان لەتێکدانی ئاسایشی جیهانە. ئەمساڵیش وەکوو ساڵی رابردوو رووسیا و ئێران هیچ نوێنەرێکیان لەوێدا بەشدار نیە. زۆرترین چاویش لەسەر ڤۆلیدیمیر زێلنسکی سەرۆککۆماری ئۆکرانیایە، چوونکە بۆ یەکەمجار لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی لە مونیخەو وتاریشی دەبێت. 

لەلایەکی دیکەوە بە وتارەکانی رۆژی یەکەمەوە دیاربوو، کە پرسی ئیسرائیل و فەڵەستین یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی شەستەمین کۆنفرانسی ئاسایشی مونیخە، ناکۆکییەکانیش کەم نین. لەگەڵ ئەوەی لەپەراوێزی پشتیوانی لە ئیسرائیل باس لە کۆتایی هێنان بە هێرشەکان بۆ سەر ‌غەزەو رێگری لە تەشەنەکردنی هێرشەکان بۆ رەفەح دەکرا، بەڵام بەرەسمی ناسینی دەوڵەتی فەڵەستینیش باسێکی جیدی یەکەم رۆژ بوو. ئانیۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە چارەیەک جگە لە چارەسەری دوو دەوڵەتی نیەو گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی زێرینە بۆ ئەوەی وڵاتانی کەندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە. بەڵام وەزیری دەرەوەی ئاڵمان رایەکی دیکەی هەبوو. ئالانێلا بێربووک وەزیری دەرەوەی ئاڵمان رایگەیاند کە بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی فەڵەستین دەبێ بەمەرجێک بێت کە بەهیچ شێوەیەک رووداوی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دووپات نەبێتەوەو گرەنتی ئێستاو داهاتووی ئاسایشی ئیسرائیل بکات.

وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە بۆ یەکەمجار لەلایەن ئانیۆنی گۆترێش سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش دەکرێت، ئەوەش هەر زوو نیگەرانی لەلای ئیسرائیلییەکان دروستکردووە، چوونکە لەماوەی رابردوودا گۆترێش چەندینجار رەخنەی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گرتووە. تەنانەت ئێلی کووهێن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە مانەوەی گۆترێش لە پۆستەکەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.

یەکێکیتر لە تەوەرەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی مونیخ پەرەپێدان بە ناتۆ لەبەرامبەر مەترسییەکانی رووسیایە، ئەگەرچیی ئاڵمان بەڵێنی داوە کە ئەمساڵ دوو لەسەد لە داهاتی وڵاتەکەی بۆ ناتۆ تەرخان بکات، بەڵام بەشداربووانی کۆنفرانسەکە و تەنانەت کامێلا هەریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا هاتنەوە سەر کاری دۆناڵد ترەمپیان وەکوو هەڕەشەیەک ناوبرد، کە وەکوو پێشوو ئامادە نابێت کە بودجەی زیاتر لە وڵاتانی دیکە بۆ ناتۆ تەرخان بکات. دۆناڵد ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەو وڵاتانەی ئاسایشیان لە ئەمریکا دەوێ، دەبێ تێچووە مادییەکەشی بدەن.

شۆرشی ژینا پەراوێزێکی گەورەی کۆنفرانسی مۆنیخ

بەپێچەوانەی ساڵی رابردوو، کۆنفرانسی ئەمساڵی ئاسایشی مۆنیخ کەمترین باسی لەسەر پرسی ناوخۆی ئێران بوو، ئەگەرچی سێبەری خۆپێشاندانەکانی شۆرشی ژینا بە کۆنفرانسی ساڵی رابردووەوە دیار بوو، لەزۆربەی وتاری سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوایی بەڵێنی یارمەتیدان بە خۆپێشاندەران دەدرا، تەنانەت ئەمریکا، ئاڵمان، فەرەنسا و بەریتانیا هەر لەوێ سزای پەیوەندیداریان بەسەر ئێراندا سەپاند، بەڵام ئەمساڵ تەنیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا مەسیح عەلینژاد قسەی بۆ میدیاکان کرد، بەپێچەوانەی ساڵی رابردوو هیچ پانێلێک بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تەرخان نەکرابوو، پێداگری عەلینژادیش لەگەڵ میدیاکان لەسەر بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بوو، داوایەک کە دوای رووداوەکانی غەززە زۆرتر لەجاران گوێگری هەیە. بەڵام بەقسەو لیدوانی هەموویانەوە دیاربوو کە خۆپێشاندانەکانی شۆرشی ژینا و ژن ژیان ئازادی لەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش چووەتەوە.

بۆ کورد وەکوو خاوەنی ژن ژیان ئازادی لەمۆنیخ نیە

نێچیروان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاکە کورد بوو، کە وەکوو میوانی فەرمی بانگهێشتی کۆنفرانسی مۆنیخ کراوە. دوای لەدایکبوونی داعش و دواتر کۆتایی پێهاتنی، بەردەوام سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکوەزیران بانگهێشتی کۆنفرانسی مۆنیخ کراوە، هۆکارەکەش بۆ مەترسی داعش و تیرۆر بە گشتی لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەرێتەوەو هەرێمی کوردستانیش بەشێک لەو هاوپەیمانییە جیهانیەیە کە لەدژی داعش دروستبووەو ئێشتاش بەردەوامە. 

لەگەڵ ئەوەش ئەگەرچی خۆپێشاندانەکانی شۆرشی ژینا لە کوردستانەوە دەستیپێکرد، ژینا ئەمینی کورد و خەڵکی سەقز بوو، دروشمی شۆرشەکە کە جیهانی گرتەوە، واتە ژن ژیان ئازادی کوردی بوو، زۆرترین خۆپێشاندان و قوربانیش لە ماوەی ساڵێکدا هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش هیچ نوێنەرێکی کورد بۆ کۆنفرانسی ئاسایش مۆنیخ بانگهێشت نەکراوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو سێ فارس وەکوو ئۆپۆزسیۆن و ئەمساڵیش مەسیح عەلینژاد وەکوو نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی ئێران بانگهێشتکراوە. 

ئەگەرچی بانگهێشتکراوان بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ زۆربەیان وڵاتە فەرمییەکانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش‌ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیا ئەمنییەکان، کەسایەتییە سیاسییە سەربەخۆکان، گروپ و لایەنەکانیش بانگدەکرێن کە بەشێک لەدەوڵەتی فەرمی نین، بەڵام کاریگەریان لەسەر ئاسایشی جیهان هەیە یان هەبووە. هاوکات ئەو ئاکادیمیسییەنانەش بانگهێشت دەکرێن کە بەرهەمێکیان هەبووە کە کاریگەری لەسەر ئاسایش بە هەموو جۆرەکانییەوە دابنێت. بەڵام هیچ کات هیچ کەسێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشت نەکراوە، ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی؟


2

شانەدەر زێد لەکوردستان، سەرچاوەی مرۆڤایەتی
کرێکارانی رۆژهەڵات ماف هیچ، کاریشیان نیە
هێڵی ئاژاوە..چۆن نەیارانی ئەمریکا یەکدەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی
کەیوان رەشووزادە لەدۆخێکی خراپی تەندروستیدا، لەمانگرتن لەخواردن بەردەوامە
ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردران
کۆریدۆرەکان، ئامرازەکانی ئیمپریالیزمی تورکیا