Weather widget for website

راپۆرتی یەکەم: خەڵک تەپڵی بە رێژێم لێدا.. ئاماری راستەقینەی رۆژهەڵات کەمتر لە ١٥ لەسەدە

01.03.2024 17:25:35
راپۆرتی یەکەم: خەڵک تەپڵی بە رێژێم لێدا.. ئاماری راستەقینەی رۆژهەڵات کەمتر لە ١٥ لەسەدە

راپۆرتی یەکەم: خەڵک تەپڵیان بە رژێم لێدا.. ئاماری راستەقینەی رۆژهەڵات کەمتر لە ١٥ لەسەدە


لەزۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەکاتی کرماشان، رێژەی بەشداری کەمتر لە ١٥ لەسەد بووە، بەڵام حکومەتی ئێران دوو کاتژمێری کاتی دەنگدان درێژکردووەتەوەو هەوڵی گۆرینی ئەنجامەکان دەدات.


لەکاتژمێر هەشتی سەر لەبەیانی ئەمرۆ هەینی ١١ی رەشەممە پرۆسەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد. هەرزوو دەرکەوت کە ساردو سڕی بەشداری هاووڵاتیان کێبەرکێ لەگەڵ کەشوهەوای زۆر ساردو سەهۆڵبەندانی شارەکان دەکات. بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز هەتا کاتژمێر ١٠ی بەیانیش لەزۆربەی بنکەکانی دەنگدان تەنانەت یەک کەسیش دەنگی نەدابوو.


لەگەڵ گەیشتنی کاتی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکان و بەتایبەت لە مزگەوتی جامیعی شارەکان، قەرەباڵغییەک دروستبوو، کە حکومەت و راگەیاندنەکانی هەوڵیاندا وەکوو قەرەباڵغی بنکەکانی دەنگدان بەکاری بهێنن و هەتا رادەیەکیش لە میدیاکانیان دەستیان بە گواستنەوەی کەشی مزگەوتەکان لەکاتی نوێژی هەینی کرد. ئەوە لەکاتێکدا کە بەپێی زانیاری مەیدانی رۆژهەڵات نیوز، جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت لە حوسێنییەی ئیرشادی تارانیش پێش نیوەرۆ رێژەی بەشداری بەرادەیەک کەم بوو، کە میدیاکارەکانیان دەکردبوو، بۆ ئەوەی بە کامێراکانیان وێنە لەو دۆخە ساردوسڕەی سەر سندووقەکان نەگرن.


شایەتحالێک لە شائابادی کرماشان بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە سەردانی مەیدانی زۆربەی بنکەکانی دەنگدانی کردووەو هەتا کاتژمێر دووی پاش نیوەرۆش رێژەی بەشداری هاووڵاتیان پێنج لەسەدیش نەبووە. ئەو شایەتحالە ئاشکرایکرد کە چاودێری یەکێک لە قەرەباڵغترین بنکەکانی دەنگدانی کردووە، بەڵام لەماوەی دوو کاتژمێردا تەنیا توانیویەتی یازدە کەس بژمێرێت کە بەمەبەستی دەنگدان سەردانی ئەو بنکەیان کردووە.


لەشاری مەهاباد، تەنیا سێ‌ بنکەی دەنگدان جموجۆلێکی تێدابووە کە یەکێک لەوان لە کوی ٢٢ی بەهمەن و ئیسارگەران بووە، کە یەکیان بەشێک لە چەکدار کوردەکانی سەر بەرژێم دەنگیان لێداوەو بنکەیەکیش خانەهای سازمانی و کارمەندە غەیرە کوردەکانی دانیشتووی ئەو شارە بەشداریان تێداکردووە. شایەتحالێکی مەهابادیش بەرۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە لەماوەی سێ‌ کاتژمێدا لە بنکەیەکی نزیک ماڵەکەیان تەنیا ٧ کەس بە مەبەستی دەنگدان چوونەتە ناو بنکەکان و هەمووشیان کەسانی پێشتر ناسراوی گەرەکەکە بوونەو ئەندامی سوپای پاسدارانن. 


لەشاری سنە ساردی بنکەکان تەواو سەهۆڵ و پەستەڵەک بوو. ئەگەرچی ناوەندە ئەمنییەکان دەیان سیناریۆیان جێبەجێکرد کە جموجۆلێک لانیکەم لە مزگەوتی جامیعە دروستبکەن، بەڵام سەری نەگرت. لێدانی دەهۆڵ و زوڕنا، هێنانی بووک و زاوایەک بۆ بنکەی دەنگدان و کۆکردنەوەی ژن و منداڵی بەشێک لە پیاوانی رژێم بۆ مزگەوتی جامیعیش نەیتوانی دیمەنێک بداتە دەست کامێراکانی حکومەت کە بتوانن بڵاوی بکەنەوە. بەپێی بەدوداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز هەتا کاتژمێر شەشی ئێوارەش رێژەی بەشداری لە سەنتەری شاری سنە هەر نزیکەی ١٠ لەسەد بووە. 

لەشاری کرماشانیش بەشداری هەر کەم بووە، شایەتحالێک لەناو شاری کرماشان ئاماری بەشداری سێ بنکەی دەنگدانی هەتا کاتژمێر چواری ئێوارە بۆ رۆژهەڵات نیوز ناردووە، کە دەریدەخات لەهەر سێ‌ بنکەکە تەنیا نزیکەی ٤٥٠ کەس دەنگیان داوە. لەکاتێکدا یەکێک لە بنکەکان نزیک لە خانەی سازمانی نیروی ئینتزامی ئەو شارەش بووە. پێ دەچێ بەشداری راستەقینە لە سەنتەری شاری کرماشان ئەوپەڕی ٢٠ لەسەد بێت. بەڵام لە شائاباد، دێوڵان و ناوچەکانی دیکە رێژەکە کەمتریشە. 


دۆخی شاری ورمێ هەتا رادەیەک جیاواز بوو. ئەگەرچی رێژەکە بەراورد بە پێشبینییەکان لانیکەم لەسەنتەری شار کەمتر بوو. بەڵام دوای نوێژی هەینی لەزۆربەی بنکەکانی دەنگدانی کوردەکان جموجۆلێک پەیدا بووە. چالاکوانان و پەیجەکانی ئەو شارە بەشێوەی جیاواز خەڵکەکە هان دەدەن سەردانی بنکە چۆڵەکان بکەن، بۆ ئەوەی وەکوو ساڵانی رابردوو نەکەونە دوا ساتەکان و نەتوانن دەنگ بدەن. سەبارەت بە هۆکاری ئەو جموجۆلە لەدوای نیوەرۆ، شایەتحالێک کە خۆی بەهۆی کاری رۆژنامەوانی سەردانی ناو بنکەکان دەکات، بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە کەمپەینی بنکەی دەنگدانی تورکەکان زۆر قەرەباڵغەو ئەوان هەر لە بەیانییەوە بە رێکخستنێکی بەرنامە بۆ دارێژراو خەڵک هان دەدەن زوو دەنگ بدەن. هاوکات هەندێک وێنە بۆ رۆژهەڵات نیوز نێردراون کە چەندین مینی بوس لە شارەکانی دیکەی تورک نشین هاتوون لە سەنتەری شاری ورمێ دەنگ بدەن و سەدان ئۆتۆمبێل پلاک شەخسی ئەردەبێل و تەورێزیش ئەمرۆ لە ورمێ دیتراون. 

لەگەڵ ئەوەی بەپێی هەموو بەدواداچوونە مەیدانییەکان لەهیچ حالەتێکدا رێژەی دەنگدان لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ١٥ لەسەد تێپەر ناکات، بەڵام حکومەت لەهەوڵی ئەوەدایە کە ئەنجامەکان بگۆرێت، بەتایبەت لە دوو کاتژمێرە درێژکراوەکەدا، بەپێی راپرسییەکەی ئیسپا و قسەکانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران دوور نیە، حکومەت رێژەی بەشداری لەهەموو ئێران ٤٠ بۆ ٤٥ لەسەد رابگەیەنێت، بەڵام بەشداری راستەقینە نیوەی ئەو ژمارەیەش نیە.

…….






1

شانەدەر زێد لەکوردستان، سەرچاوەی مرۆڤایەتی
کرێکارانی رۆژهەڵات ماف هیچ، کاریشیان نیە
هێڵی ئاژاوە..چۆن نەیارانی ئەمریکا یەکدەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەزمی جیهانی
کەیوان رەشووزادە لەدۆخێکی خراپی تەندروستیدا، لەمانگرتن لەخواردن بەردەوامە
ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان وەکوو هاوسەرۆکی پژاک هەڵبژێردران
کۆریدۆرەکان، ئامرازەکانی ئیمپریالیزمی تورکیا