رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە رۆژئاواییەکان لە پەرەسەندنی ناسەقامگیرییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئێران و ئەو گروپانەی پشتیوانی لە دەستراگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم دەکەن، نیگەرانن.
راپۆرتەکەی گاردیەن بە قسەکانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران دەستپێدەکات کە باسی لەوە کردووە کە پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشتیخوازانەن. بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئەژانس لە ڤیەننا باسیان لەوە کردبوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ناکات.
رافائێل گروسی، سکرتێری ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە چواردەی رەشەممەدا رایگەیاندبوو کە هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەدینەهاتووەو تاران هاوکاری پێویستی ئەژانس لەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ناکات و وەڵامی گونجاوی پرسیارو گومانەکان ناداتەوە.
گروسی ئاماژەی بەوەدابوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران تاکوو ئێستا روونکردنەوەی لەسەر یۆرانیۆمی بنکە ئەتۆمییەکانی وەرامین و تورقوزئابادی نەداوەو زانیاری پێویستیشی لەسەر ئەو شوێنانەی نەداوە بە ئەژانس کە یۆرانیۆمی تێدا هەڵگیراوە.
لەگەڵ هەمووی ئەوانە بنەمای راپۆرتەکەی گاردیەن لەسەر هاتنە سەرکاری دژبەرەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە مەجلیس و حکومەتی ئێرانە، بەتایبەت هەڵبژاردنی مەجلیس کە زۆرترین دژبەری رێککەوتنەکە دەنگیان هێناوەتەوە. راپۆرتەکە دەڵێ ئەگەرچی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەتا رادەیەک ئەندازیاری کرابوو، هاوکات کەمترین بەشداری لەمێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران تێدا کرابوو، لەگەڵ ئەوەش مەجلیس دەتوانێ لەپرسی رێککەوتنی ئەتۆمیدا رۆڵی هەبێت.
گاردەین لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمریکایی ئاشکرایکردووە کە وڵاتە رۆژئاواییەکان دوای هاتنە سەرکاری دژبەرانی رێککەوتنی ئەتۆمی و پشتیوانانی هەبوونی چەکی ئەتۆم لە مەجلیسی ئەو وڵاتە نیگەرانن، چوونکە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیادیکردووەو ئێستا خەریکە لە ٩٠ لەسەد نزیک دەبێتەوەو ئەوەش دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە.