شەوی چوارشەممە هەواڵدەری ئەکسیوسی ئەمریکی رایگەیاند کە بە ئەگەری زۆر ئەمشەو سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شوێنی ئیسرائیل بە موشەک و درۆن دەکاتە ئامانج، ئەگەرچی سەرەتا راگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بوارەوە هیجیان باس نەکرد، بەڵام دواتر هەواڵدەری بڵومبێرگیش لەسەر زاری هەندێک سەرچاوەی ئەمنی و هەواڵگری رایگەیاند کە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا کۆماری ئیسلامی ئێران هەندێک شوێنی دیاریکراو لە ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، هەردوو سەرچاوەکەش ئاماژەیان بە هێرشی مووشەکی و درۆنی کردبوو.
دوای ئەوە هەر زوو کۆمپانیای فرۆکەوانی لۆفت هانزا سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئێران راگرت و هۆکارەکەشی بۆ دۆخی هەستیاری ئەمنی گەراندەوەو باسی لە ئەگەری هێرشی موشەکی و درۆنی لە ئاسمانی ئێران کردبوو، ئیتر دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، دەنگۆکان بەهێزتریش بوون و، هەر شەوی چوارشەممە موحسین رەزایی فەرماندەی پێشووتری سوپای پاسداران و سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە نووسینێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس رایگەیاند کە ئیتر کاتی پێدانی جەژنانەیە بە خەڵکی ئێران و ئەو لایەنەی دەسترێژی بۆ سەر کردوون، تەمبێ دەکەن.
دوای ئەویش راگەیاندنەکانی نزیک لەسوپای پاسداران، وەکوو کەناڵە فەرمییەکانی سوپا، هەواڵدەری تەسنیم و فارس نیوز چەندین کلیپی سەربازی و بەتایبەت موشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانیان بڵاوکردەوەو دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند کە سەرجەم هێزە ئاسمانییەکانیان و بە تایبەت قەرارگای خاتەموڵئەنبیایان لە حالەتی ئامادەباشی تەواو دان. لەگەڵ راگەیاندنی ئەو ئامادەباشییە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەی مێهرئابادی تاران راگیران و دواتریش راگەیاندرا هەتا بەیانی پێنجشەممە هیچ گەشتێکی ئاسمانی ناوخۆییش ئەنجام نادرێت و بەمشێوەیە ئاسمانی ئێران کلیەرە، واتا هیچ فرۆکەیەک بەسەریدا نافرێت.
سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە وتاری نوێژی هەینی رایگەیاند کە تۆڵەی خۆیان لە ئیسرائیل دەکەنەوە، هەر زوو وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوەو رایگەیاند کە ئەگەر لە خاکی ئێرانەوە بکرێنە ئامانج، ئەوانیش رێک خاکی ئەو وڵاتە دەکەنەوە ئامانج. پێشتریش ئیسرائیلییەکان لە بەرزترین ئاستدا رایانگەیاندبوو کە ئەگەر ئێران خاکی وڵاتەکەیان بکاتە ئامانج، بەشێوەیەک وەڵام دەدەنەوە کە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆرانکاری بەسەردا بێت.
....