Weather widget for website
کرێکارانی رۆژهەڵات ماف هیچ، کاریشیان نیە

کرێکارانی رۆژهەڵات ماف هیچ، کاریشیان نیە

12 . گوڵان . 2724



بەپێی ئاماری نافەرمی نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ کرێکار لە چوار پارێزگای کرماشان، ئیلام، ورمێ و سنە هەن، حکومەتی ئێران هیچ کات بەشێوەی فەرمی ئاماری کرێکارانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام رۆژهەڵات نیوز لەسەر بنەمای ئەو کەسانەی داوای بیمەو کاریان لە وەزارەتی کاری ئێران کردووەو بەشێوەی جیاواز بڵاوکراوەتەوە، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای کارێکیان کردووە کە بەپێناسە نێودەوڵەتییەکان وەکوو کرێکار پێناسە دەکرێت.


بۆ نموونە تەنیا لە ساڵی ١٤٠١ لە پارێزگای سنە زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس داوای بیمەیان کردووە، لەو رێژەیە تەنیا وەڵامی ٩ هەزارو ٥٠٠ کەسیان دراوەتەوە، پەروەندەی زۆربەشیان یەکلایی نەبووەتەوەو تەنیا پرۆسەی ئیداریان دەستی پێکردووە. لەگەڵ ئەوەش‌ کۆمێدی و گاڵتەی بیمەش چیرۆکێکی تراژیکی دیکەیە بۆ کرێکاران، بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران زۆرترین بێکارو کرێکار لە پارێزگای سنەیەو، ماڵپەری ئیرنای حکومەتی ئێران لە هەواڵێکی بەپەلەو بۆ رۆژی کرێکار رایگەیاندووە کە ٣٠٠ کەسی دیکە لە پارێزگای سنە وەکوو کرێکار بیمە دەکرێن!


دۆخی کرێکارانی پارێزگای کرماشانیش لەو پەڕی خراپیدایە، لەو نزیکەی ٥٠٠ هەزار کرێکارەی شیمانە دەکرێ، لەو پارێزگایەدا هەن، دوو لەسەر سێیان یان هیچ کارێکیان دەست ناکەوێ و یانیش کاریان وەرزیی و بەبێ گرێبەستێکی دیاریکراوە. ئەولیا عەلی بەیگی بەرپرسی ماڵی کرێکارانی پارێزگای کرماشان بە ماڵپەری ئیلنای گوتووە کە ٩٨ لەسەدی گرێبەستی کرێکارانی کرماشان ٢مانگە، سێ مانگەو ئەوپەری ٤ مانگەن. بەگوتەی ئەو ئەوەی کە ناویشمان وەکوو کرێکار هێناون، لەراستیدا لە ١٢ مانگی ساڵدا ٨ بۆ ١٠ مانگ بێکارن!


ئەنجوومەنی سینفی کرێکارانی کرماشانیش رایگەیاندووە کە زۆربەی ئەو کەسانەی بێکارن و ئەگەر کاریشیان دەست بکەوێ وەکوو کرێکار دەناسرێن، لەکرماشانەوە ئاوارەی عەسەلویە، ئاراک و بەندەر عەباس بوونە. لە راگەیاندراوەکەی ئەو ئەنجوومەنەدا هاتووە کە لە پارێزگای کرماشان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار، کرێکاران ئامادەن بە هەموو مەرج و خواستێکی خاوەن کار کار بکەن، تەنانەت ئەوانەی لەو شارەش ماون، گرێبەستی سپی واژۆ دەکەن و، خاوەن کار بە دڵی خۆی لەسەری دەنووسێ. کرێکاران بۆ ئەوەی لەپێناو دۆزینەوەی کار ئاوارەی شوێنیکی دیکە نەبن، بەناچاری قبووڵی دەکەن.


نەبوونی کار بێ کرێکاران، پێنەدانی ماف بەوان، هاوکات کەمی داهاتی ئەو کرێکارانە وای لە کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، کە هەندێک کات لەژێر گوشاردا هەوڵی خۆکوژی دەدەن، زۆرترین رێژەی خۆکوژیشیان هی پارێزگای ئیلامە. بەشێوەیەک کە ساڵی ٢٠٢٣ خۆکوژی کرێکاران لەو پارێزگایە وەکوو دیاردەیەکی لێهات و دوای ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا ٤ کرێکار خۆیان کوشت، کارگەی چواری ئیلام و پێترۆشیمی ئەو شارە کەوتە سەر زاران و زۆرترین خۆکوژی کرێکارانی ئیلامیش لەو دوو شوێنە بوو. 


هاوکات لەگەڵ ئەو دۆخەی کرێکاران لەرۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی ئاماری فەرمی ناوەندی ئاماری ئێران هەردوو پارێزگای کرماشان و سنە لەریزبەندی یەکەمی زۆرترین رێژەی بێکاری لە ئاستی ئێران دان، ئەوەش دەریدەخات کە ژمارەی کرێکاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەهەموو ئێران زۆرترن، دۆخیان لەهەموو شوێنێک خراپترە، لەگەڵ ئەوەش زۆربەیان ئامادەن هەموو کارێک و بەهەموو مەرجێک بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی کاریان دەست بکەوێت، چونکە لەکوردستان کرێکاران هیچ مافێکیان تەنانەت کاریشیان نیە.







3

رەشبگیری دوای بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی بەردەوامە
مریشکەکان بۆ کەی ئێف سی
سیاسەتی دەرەوەی کامڵا هەریس
خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن
خامنەیی چۆن کەسێکی میانڕەوی نەناسراوی کردە سەرۆککۆمار؟
دەستی ئێران، لەهەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ-دا