رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەیەکدا داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە لەدژی ژنان دەستیپێکردووە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە رۆژی سێشەممە ١٨ی گوڵان، لە نامەیەکی کراوەدا روو بە ئیبراهیم رەئیسی و سەرجەم بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، راپەرینی ژن ژیان ئازادی وەبیریان دەهێنێتەوەو دەڵێ لەو کاتەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی سەرکوتکردنی ئەو ژنانەی نایانەوێ پابەندی حیجابی زۆرەمڵێ بن، شەڕێکی لەدژی ژنان دەستپێکردووە.
نامەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە پرۆژەی "نور" دەکات، کە وەکوو قۆناغێکی نوێی سەرکوتی ژنان لە ئێران دەستی پێکردووە، باسیش لەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی توندوتیژی، سەپاندنی حیجابی زۆرەمڵێی بەسەر ژنانی ئێراندا زیاتر کردووە.
نامەکە لە درێژەدا داوای ئازادکردنی بێ مەرجی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بەهۆی پابەند نەبوونی بە حیجابی زۆرەمڵێ دەستبەسەرکراون. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەکەدا رایگەیاندووە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکان بە ماتۆرسیکلێت، پیادەو بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە شوێنە گشتییەکان، ژنان ئازار دەدەن و بەشێوازێک کە وەکوو رفاندن دەچێت، خەریکی دەستبەسەرکردنی ئەو ژنانەن کە نایانەوێ پابەندی حیجابی زۆرەمڵێ بن.