Weather widget for website
وردەکارییەکانی چواردەیەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

وردەکارییەکانی چواردەیەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

23 . گوڵان . 2724

لە کۆنگرەی چواردەیەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا رەزا کەعبی وەکوو سکرتێر هەڵبژێردرا و، مافی چارەنووس کرایە ئامانجی ئەو حیزبە.


ئەمرۆ ٢٣ی بانەمەڕ سەرچاوەیەکی بەشداربوو لە کۆنگرەکە، بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان چواردەیەمین کۆنگرەی بەسەرکەوتووی بەرێوەبەرد. لەو کۆنگرەیەدا رەزا کەعبی بە کۆی دەنگ وەکوو سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەڵبژێردرا، بڕیاریشدرا لە یەکەم پلینیۆمدا فەریبا محەمەدی وەکوو جێگری سکرتێر دیاری بکرێت. 

لەو کۆنگرەیەدا ٢٣ ئەندامی کۆمیتەی مەرکەزی هەڵبژێردران، هاوکات ٥ کەسیش وەکوو جێگر هەڵبژێردران.


سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆنگرەکە بەشێک لە رەشنووی پێرەو پرۆگرامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە کۆنگرە دەنگی پێداوە، گەیشتووەتە دەست رۆژهەڵات نیوز. لە پەسەندکراوی کۆنگرەدا ئەو حیزبە فیدرالیزمی لابردووەو ئامانجی دوا رۆژی کردووەتە مافی چارەنووس. 


لەبەشێکی پەسەندکراوی کۆنگرەدا هاتووە:" بناغەی خەباتی کۆمەڵە بۆ ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی لەسەر ئەوە دامەزراوە کە سەروەری بەسەر خاکی کوردستاندا مافی خەڵکی کوردستانەو هەر دەسەڵاتێکی سیاسی کە لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵ بکات، نایاسایی و ناڕەوایە. لە ڕوانگەی ئێمەوە داگیرکراوبوونی کوردستان ڕێگری سەرەکیی سەروەری، ئازادی، یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، و بەختەوەریی نەتەوەی کورد و کوردستانییەکانە."


هەر سەبارەت بە مافی چارەنووس کە لەجێگەی فیدرالیزم دانراوە، کۆنگرەی چواردەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەمشێوەیە ڕوونیکردووەتەوە:" لەڕوانگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە مافی دیاریکردنی چارەنووس تا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان مافێکی بێئەملاو ئەولای نەتەوەی کوردەو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو هەموو نەتەوە ئازادەکانی جیهان، خۆیان خاوەنی مافی دیموکراتیکی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی سیاسیی وڵاتەکەیانن، هاوکات ئەو مافە بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بەڕەسمی دەناسین و پشتیوانی لێدەکەین."


لە بەشێکی دیکەی پەسەندکراوی کۆنگرەو بۆ ڕوونکردنەوەی بڕیاری لادانی فیدرالیزم و دانانی مافی چارەنووس-دا هاتووە:" کۆمەڵە لەبەر بڕوای بە مافی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان و بڕوای قووڵی بە گەڕاندنەوەی ئیرادەو دەسەڵات بۆ خەڵک، رێز لە هەر جۆرێک لە دەسەڵاتی سیاسی کە ئیرادەی دیموکراتیکی خەڵک لەداهاتووی کوردستان بڕیاری لەسەر بدات و هەڵیبژێرێ، دەگرێت. هاوکات لە باسی چارەسەری ستەمی نەتەوەییدا سەربەخۆیی بە ئامانجی دوارۆژ و ئاسۆی بۆ ڕزگاریی یەکجاریی لە ستەمی نەتەوەیی دەزانێت و لە رێرەوی ئەو خەباتەدا بەشدار و ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ هەر دەسکەوتێک و هەنگاوێکی بەڕەوپێش بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەبێت. لە ڕوانگەی ئێمەوە چوونەدەرەوەی هێز و سوپای داگیرکەر لە کوردستان مەرجێکی سەرەتایی و سەرەکیی گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافەکانیەتی."


کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەش هێشتا بەپێی پەسەندکراوی کۆنگرە خۆی وەکوو حیزبێکی چەپ و سوسیالیستی دەزانێت. لەو بوارەشەوە لە پەسەندکراوی کۆنگرەکەدا هاتووە:" کۆمەڵە وەک حیزبێکی کوردستانی و بەشێک لە رەوتێکی چەپ و شۆڕشگێر و دیموکرات، بوونی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێگری سەرەکیی رێگەی گەیشتن بە هەموو ماف و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان دەزانێت. کۆمەڵە پشتیوانی لە هەر چەشنە جووڵە و خەباتێکی جەماوەریی خەڵک و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، کرێکاران، ژنان، نەتەوە ستەمڵێکراوەکان، رۆشنبیران، خوێندکاران، کەمایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لاوان دژی بە  حکوومەتی ئێران دەکات و بۆ بەهێزکردنی ئەو بزوتنەوانە کار دەکات." 


هەر لەو بوارەشەوە پەسەندکراوی کۆنگرەدا باس لەوە کراوە:" کۆمەڵە چارەنووسی ڕەوتی چەپی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێراندا بەلاوە گرنگە و خوازیاری زۆرترین هاوکاریی و هاوئاهەنگییە لەگەڵیان. ئەگەرچی ئێمە نابین بە بەشێک لە هیچ حیزبێکی سیاسی کە خۆی وەکوو حیزبی سەراسەری لە ئێراندا پێناسە دەکا، بەڵام ئامادەین بۆ هاوکاری رێکخراوگەلی ئازادیخواز، دیموکرات و سوسیالیستی لە ئێران، لە پراکتیکدا دیفاع لە ماف و ئازادی نەتەوەکانی ناو ئێران و کۆمەڵگای مەدەنی و سیکۆلاریزم و ئازادییەکانی تاک و مافەکانی مرۆڤ دەکەن.



 






7

رەشبگیری دوای بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی بەردەوامە
مریشکەکان بۆ کەی ئێف سی
سیاسەتی دەرەوەی کامڵا هەریس
خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن
خامنەیی چۆن کەسێکی میانڕەوی نەناسراوی کردە سەرۆککۆمار؟
دەستی ئێران، لەهەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ-دا