20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

کۆمەڵە لە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا (دیاکۆ مورادی  چالاکوانی سیاسی)

کۆمەڵە لە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا  (دیاکۆ مورادی  چالاکوانی سیاسی)
24 . گوڵان . 2724


پێشەکی

بە گوتەی دۆگلاس نۆرس، تیۆریسیەنی ڕێکخراوە و دامەزراوەگەرایی نوێ، یارمەتیدانی ڕێکخراوەکان و دامەزراوەکان بۆ کەمکردنەوەی نادڵنیایی کۆمەڵگای مرۆیی و جیهان، یەکێکە لە گرنگترین سوودەکانی گۆڕینی دامەزراوەکان، کە دەتوانرێت بە دابینکردنی پێکهاتەیەک بۆ ژیانی ڕۆژانە بەدەستبهێنرێت. بە واتایەکی تر، دامەزراوەکان بە تێپەڕبوونی کات بە شێوەیەکی نائاگایانە دروست دەبن و سەرهەڵدەدەن و پەرەدەسەنن، هەروەها ڕێنمایی کردار و کاردانەوەی مرۆڤ دەکەن، کە ڕێسا و چوارچێوەی ڕەفتار و قسەکردن لەخۆدەگرێت. لێرەدا پەیڕەو و بەرنامە ڕێکخراوە و کارەکتەرەکانی نێو ڕێکخراوە سنوردار دەکات. سنووردارکردنی دامەزراوەیی ئەو کارانە دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا و پەیڕەو و ئەساسنامە ڕێگەیان پێدراوە کردار ئەنجام بدەن.


دۆگلاس نۆرس جیاوازی لە نێوان دامەزراوە و ڕێکخراودا دەکات و ڕێکخراو وەک کۆمەڵێک کەس پێناسە دەکات کە پێکەوە کاردەکەن بەرەو ئامانجە هاوبەشەکان. هەروەها پێی وابوو دەبێت جیاوازی لە نێوان یاسا و ئەکتەرەکاندا هەبێت، چونکە "یاساکان" ڕێڕەو و مەودای یارییەکە دیاری دەکەن، بەڵام ئامانجی تیمی لە "ڕێکخراوە و حیزب" بردنەوەی یارییەکەیە، کە پابەندە بەو قەوارەی"یاساکانی" پەسەند کراو، هەروەتر بۆ بردنەوەش پێویستی بە تێکەڵەیەک لە کارامەیی و ستراتیژی و هەماهەنگی هەیە. سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دامەزراوەکان لە ژێر کاریگەری چوارچێوەی دامەزراوەییدایە. کەواتە، ڕێکخراوەکان بریکاری گۆڕانی دامەزراوەیین و لەگەڵ گۆڕانکاری و پەرەسەندنی وردە وردە، چوارچێوەی دامەزراوەیی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.


لە ڕوانگەی نۆرسەوە دامەزراوەکان "نهاد"، تیشک دەخەنە سەر دەرفەتەکان لە کۆمەڵگادا و بەڵام ڕێکخراوەکان "سازمان و حیزب"  بۆ ئەوە دروست دەکرێن کە پشکیان لە سوودەکانی ئەو دەرفەتانەدا هەبێت و ئەوەندەی ڕێکخراوەکان پەرەیان سەندووە، بە هەمان ڕادە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا دامەزراوەکان دەگۆڕدرێن. بە واتایەکی تر، لەگەڵ کارامەبوونی ڕێکخراوەکان، وردە وردە چوارچێوەی دامەزراوەکان دەگۆڕێت و چوارچێوەی دامەزراوەکان مەحکومە بە گۆڕانی بێ مەبەست. بۆ نمونە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا نەک تەنها چوارچێوەی سیاسی و دادوەری دەگۆڕێت، بەڵکو پێکهاتەی مافی خاوەندارێتیش دەستکاری دەکرێت و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

بۆیە دامەزراوەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دروستکردنی پاڵنەر - هەم پاڵنەرە بەسوودەکان و هەم پاڵنەرە وێرانکەر و زیانبەخشەکان - .


نۆرس پێی وایە هەموو چالاکییە ڕێکخراوەییەکانی مرۆڤ پێویستیان بە بوونی "پێکهاتەیەک" هەیە بۆ پێناسەکردنی "شێوازی یاریکردن" و ئەم "پێکهاتە دامەزراوەییە" پێکدێت لە ڕێسای فەرمی، نۆرمەکانی نافەرمی (دانەسەپاندنی تێچوو و زیانی بە ئەنقەست لە کاتی یارییەکەدا) ئەرکی ڕێکخراوەیە.

دۆگلاس نۆرس ئاماژە بە کارایی ڕێکخراوەکان دەکات بۆ کارایی دامەزراوەکان دەکات و دەشڵێت، پێویستە دامەزراوەیەک هەبێت کە ڕێکخراوە "سیاسی و ئابوورییە" سەرکەوتوو نەبووەکان بخاتە پەراوێز. ئەمەش بەو مانایەیە کە بوونی دامەزراوەی کارا و پێکهاتەی کاریگەر، لە هەمان کاتدا مانەوەی بەشە ناکارامەکانی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی قەدەغە دەکات، کە لە ڕاستیدا سەرکەوتنیش لەگەڵ خۆیدا بەدی دەهێنێت.

بەڵام بە پێچەوانەوە، سیاسەتی حزبی "ڕێکخراوەی" لاواز دەبێتە هۆی نایەکسانی سیاسی و پشتگوێخستنی بنەماکانی فرەچەشنی سیاسی و پاترۆناژ و گەندەڵی و تەنانەت سووتەمەنی بۆ سیاسەتی دیماگۆژی و بەڵێنە پۆپۆلیستیەکان.


لە حاڵەتی پابەندنەبوون بە دامەزراوەگەرایی، دەسەڵاتیدار نەبوونی سیاسەتی عەقڵانیی جەماوەری و تەشکیلاتی حیزبی و "ڕێکخراوەیی"، هەر ڕێکخراوە و حیزبێک بەرەو سیاسەتی "دروشم تەوەری" نزیک دەکاتەوە و بە چەشنێک خۆی تاکە نوێنەری ڕاستەقینەی گەل و شەقام پێناسەدەکات ودەوتارەکاندا بانگەشەی نوێنەرایەتی تایبەتی گەل دەکەن. بە ئاماژەدان بە تیۆری دامەزراوەگەرایی نۆرس، کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوانە لە پێکهاتنی ڕێکخراوە سیاسییە نادامەزراوەییەکاندا و ناسەقامگیترەکاندا دەبینرێت.


کۆمەڵە و قەیرانی گوتاری


"ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا ڕایگەیاند کە "بای گۆڕانکاری دەهەژێت"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش ڕایگەیاند، خاڤییەر میلی "گەورەیی بۆ ئەرجەنتین دەگەڕێنێتەوە".


کومەڵە کە خۆی بەرهەم و پاشماوەی گۆڕانکاری و گواستنەوەی مێژوویی ناوچەکە بوو، جوگرافیای سیاسی ئێران بە گشتی و ڕاستەوخۆ بزووتنەوەی کوردستان بەتایبەتی، دوای دامەزراندنی و ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە ئاشکرا لە مەیدانی بزووتنەوەی کوردستاندا، ڕۆڵێکی بەرچاو و پۆستمۆدێرنانەی لە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەردا گێڕا. کە ئێستا فەرهەنگی ڕێکخستن و ڕێکخستنی جەماوەر بۆ پێشخستنی خەباتی ژنان، چینایەتی، مەدەنی، سیاسی و کولتووری... میراتی کۆمەڵەیە لە کوردستاندا.


کۆمەڵە لە بزووتنەوەی خەباتگێڕانەی کوردستاندا تا ئێستا ڕووبەڕووی شکست و سەرکەوتنی زۆر بووەتەوە و تا ئەمڕۆش توانیویەتی درێژە بە گوتاری خۆی بدات. بەڵام بە گشتی کۆمەڵە توانیویەتیت بزووتنەوەی کوردستان لە گوتاری ناسیونالیستی ڕۆمانسی ڕزگار بکات و پرسی شوناسی دێمۆکراتیک و بەها پێشکەوتنخوازەکانی "چەپ" بخاتە ناو بزووتنەوەی کوردستانەوە، تا بتوانێت بزووتنەوەی کوردستان بچێتە ناو پرۆسەی مێژووییەوە.


دوای دابەشبوونی سیاسی کۆمەڵە لە ساڵی 2000 و جیاکردنەوەی سیاسەتی خۆی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەو سەردەمەدا بە دروشمی "گەڕانەوە بۆ خود" هاتە ئاراوە، بە واتای گەڕانەوە بۆ خودی ڕەسەن و گەڕانەوە بۆ بناغە بنەڕەتییەکانی پێکهێنانی کۆمەڵە لە "کوردستان". ئەم پڕۆسەیە لە وتارەکەی کومەڵەدا بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠٠٧ کە دیسان بە هەمان دروشمی "بای گۆڕانکاری دەهەژێت" و "گەورەیی بۆ کومەڵە و بزووتنەوەی کوردستان دەگەڕێنینەوە"، لقێکی دیکەی سیاسی لە "کۆمەڵە شۆڕشگێرانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" ڕوویدا " و "کۆمەڵەی زەحمەتکێشان" ئامادەبوونی خۆی لە بواری سیاسەتدا ڕاگەیاند.

دوای زیاتر لە پانزە ساڵ چالاکی سیاسی بە ناسنامەی سیاسی " کۆمەڵەی زەحمەتکێشان " و بە خواست و پێداگری کۆمەڵگەی مەدەنی دێمۆکراتیکی کوردستان سەبارەت بە پێویستی یەکڕیزی لە چالاکییەکانی جەریانی کۆمەڵە و هاوکاری زیاتر لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کوردستان، و بگرە چەند مانگێک پێش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ساڵی ١٤٠١، پرۆسەی یەکگرتن لەگەڵ کۆمەڵە شۆڕشگێرانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەست پیدەکات.


بەڵام " کۆمەڵەی زەحمەتکێشان " لە بەیاننامەیەکدا لە ٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٣، چەقبەستوویی و شکستی پڕۆسەی یەکگرتن ڕادەگەیێنن.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمی درێژەدان بە ژیانی سیاسی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەداخەوە لەلایەن کۆمەڵەی شحڕشگێرانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران  دەکەوێتە بەر هێرشی نزامی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو لە پێشمەرگەی کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان. کە کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان کاردانەوەی دەبێت و ئەم کردارە قێزەوەنە شەرمەزاردەکەن و ڕایدەگەیێنن ئەم کارەی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بێ ئەخلاقی سیاسی و دوور لە پرەنسیپەکانی بزووتنەوەی کوردستان بووە.

 

چۆن چۆنی سەربەخۆیی سیاسی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان قوربانی دەکڕێ لە لایەن تاقم گەلێکی دەرەوەی تەشکیلات: بۆ سەربەخۆیی سیاسی کۆمەڵە دەبێ وەربگیرێتەوە:

لەگەڵ ڕاگەیاندنی شکستی پڕۆسەی یەکڕیزی و یەکگرتن، جارێکی دیکە لە ساڵی ١٤٠٢دا، شاهیدی دروشمی "گەڕانەوە بۆ خود"، "بای گۆڕانکاری دەهەژێت"، ئینجا لە دروشمی "جارێکی دیکە گەورەیی بۆ کوردستان دەگەڕێنینەوە" کە هەم نێوی بزووتنەوەی کوردستان و هەم نێوی کۆمەڵە حەزف دەکرێ یا  بە بێ نێو هێنانی کۆمەڵە، تەنانەت هەست دەکردرێ کە بڕیارە نیوی حیزب ، ئاڵای حیزب و سروودی حیزب بگۆڕدرێت و حەزف بکرێ.


ئەمجارە دروشمەکە جۆرێکی ترە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ بەها بنەڕەتییەکانی "کۆمەڵە"دا ناکۆکە. و ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە کە ڕەنگە لە شێوەی ئایدۆلۆژیا، شێوازی ڕێکخراوەیی، میتۆدی جێبەجێکردن، گوتار، یان شێوازی قسەکردنی مرۆڤەکان دەربکەوێت، بەڵام "هەموو ئەم باسانە لە دەوری دوودەستی نێوان حیکمەت و عەقڵانیەتی گشتی و تەشکیلاتی، و خواستەکانی چەند کەسێک لە دەروەوی حیزب دەسووڕێ". هەمان ئەو پرسەی کە جۆن ڤێرنەر مۆلەر مامۆستای سیاسەت لە زانکۆی پرینستۆن لە کتێبی "پۆپۆلیزم چییە؟" جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئیدیعای سەرکردە پۆپۆلیستەکان نوێنەرایەتیکردنی "ئیرادەی بەکۆمەڵی گەل"ە. "سیاسەتمەدارێکی پۆپۆلیستی بەناوی خەڵکەوە قسە دەکات و نوخبەکان و تەشکیلات وەک کێشەی بنەڕەتی کۆمەڵگا دەناسێنێت". ئەم هەزینەیەش بڕیارە تەشکیلات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بیدات.


ئەم شێوازە سیاسەتە نامۆ و دوورە لە بەها بنچینەییەکانی خەباتی کۆمەڵە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان لە باسکردنی بابەتی ئوسولی و جیددی لەسەر بنەمای عەقڵ و مەعریفەی ستراتیژی بەدوور دەگرن، بەڵێنی هەموو شتێک دەدەین بە هەمووان، لەبری ئەوەی لە سەر بنەمای عەقڵی گشتی گوتار بدەیەن، زیاتر سۆزدارانە دەڕوانینە کێشەی "کورد"، و بە هاندانی پێشوەختە لە مەڕ "کورد" بە خوێندنەوەی ناسیونالیسمی رۆمانسی و بە بنەمای ڕەگەزی ، کارەکە بەرەوپێش دەبردرێت و هەموو یان بەشێک لە نۆرمەکانی دامەزراو بۆ ڕەفتاری سیاسی پێشێل دەکەن و بە بەڵێندان جەماوەر و تەشکیلات سەرگەردان دەکرێ و هەوڵ دەدەن لە چەمکی دیموکراسی بە دژی دێمۆکراسی کەلک وەرگیرێتەوە.


لەم دیاردە نوێیەدا پرسیاری بەرچاو لە مێشکی مرۆڤ و لایەنگران و ئەندامانی "کۆمەڵە"دا بە ئاراستەی تاوانبارکردن و بێناوبانگکردنی "کۆمەڵە" و گوتاری "کۆمەڵە" دەورووژێندرێ، بەشێوەیەک کە شوناسی کۆمەڵە کە چەمک گەلی "دێمۆکراسی" "ئازادی" "یەکسانی و بەرابەری" "عەداڵەتی کۆمەڵایەتی" "بەربەرەکانی لە گەڵ شۆڤەنیسم و ڕەگەزپەرەستی" " جیایی دین و سیاسەت" و ... دەبێتە قوربانی تا ئەو ئاستە کە ماهیەتی کۆمەڵە ببەنە ژێر پرسیار و هەستی بە شەرمەزاری کۆمەڵەیی بوون ساز بکەن:

ئایا "کۆمەڵە" لە دامەزراندنیەوە تا ساڵی ١٤٠٢ حیزبێکی "کوردستان" بووە یان نا؟ ئەم جەختکردنەوە لە گوتاردا زیاتر پێچەوانەی خۆی نیشان دەدات و تیشک دەخاتە سەر جەختکردنەوە و پێداگری لەسەر پرسی "باوەڕنەکردن" بە پرسەکە 

1- ئایا "کۆمەڵە" لە "ناکجاآباد" دامەزرا؟

2- ئایا مەیدانی چالاکی کۆمەڵە بۆ ڕزگاری خەڵکی سەر زەوی بوو یان بۆ ڕزگاری گەل و نەتەوەیەکی دیاریکراو دامەزرا؟ تایبەتمەندییەکانی "کوردستانی نەبوون"ی کۆمەڵە تا ئەمڕۆ چین؟ ئەگەر کۆمەڵە کوردستانی نەبووە و نییە بۆ؟ ئایا تا ئەمڕۆ تەنها ڕۆڵی فریودانی خەڵکی گێڕاوە لە کوردستان؟

3- پێش شکستی پڕۆسەی یەکگرتن لە ساڵی 1402 باوەڕت وابوو "کورد" نەتەوەیەکی سیاسییە یان نا؟ ئایا پێش ئەمە میللەتێکی سیاسی نەبوو؟ یان ئێمە تەنها هەوڵی "بنیاتنانی نەتەوەیەک" دەدەین؟ لە حاڵێکدایە کە ئەو نەتەوە سیاسیە بوونی بووە و هەیە.

4- جیاوازی گوتاری "ناسیونالیزمی ڕۆمانسی" و "شووناسخوازی دێمۆکراتیک" چییە؟ جیاوازی پێناسەی کۆمەڵە بۆ چەمکی "نەتەوە" و ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و ناسیونال رۆمانتیکی چییە؟

5- مەبەست لە "کوردستانی بوون" چییە؟

٦- ئەو خاڵانە چ بوون کە هەست بە زەروورەتی دامەزراندنی "کۆمەڵە" کرا؟ کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە؟

7- ئەگەر کۆمەڵە لە "ناکجاآباد" دامەزرا و بۆ خەڵک خەباتی نەکرد، چەند ڕاستگۆیی و بوێریمان هەیە داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەین؟ و ئایا ئێمە لەبەردەم دادگایەکی دادپەروەرانەدا حوکم لەسەر خۆمان دەدەین؟

8- چ جۆرە وەڵامێکمان هەیە بۆ گیانبەختکردووان، بریندارەکان، دەربەدەر کراوەکان کە لە مەیدانی خەباتدا ئامادە بوون و لە چوارچێوەی گوتاری کۆمەڵەدا باجەکەیان داوە؟

9- لە قۆناغی خەبات و ئازادیدا، ئایا پرسی "جێندەر"، "چینایەتی"، "دادپەروەری کۆمەڵایەتی"، "ئازادی"، "رزگاری"، "ژینگە" بە لایەکدا جێبهێڵرێت؟ ئەو جۆرەی کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وەلای ناوە و خەریکی قوتبی سازی و دووبەرەکی "کوردستانی" و "ئێران جێتی" کە لە ئاکام ئەتۆمیزە بوون و لێژکدابڕانی تەشکیلات بۆ ساز کردنی "تودەی ڕام کرا" بەرهەم بهێنێ کە هەر چیم گووت بەقسەم بکەن> قازانجی دە چیدایە.

10- ئێمە بە کام جیهانبینی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا دەکەین؟ کام شێوازی چارەسەرکردنی "ڕەگەز"، "چین"، "دادپەروەری کۆمەڵایەتی"، "ئازادی"، "ئازادی"، "ژینگە" تیۆریزە کراوە؟

1- ئایا ئێمە بە هەمان تێڕوانین مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەی باسکراون دەکەین کە لەسەر "مێریتۆکراسی" نیولیبراڵمان هەیە؟

12- مانای "ئیکۆ فێمینیزمی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک" لە کوردستان چییە؟ خوێندنەوەی کۆمەڵە بۆ "دادپەروەری ژینگەیی "جیلی پێنجەمی مافی مرۆڤ" چییە؟ 

13- بەڕێوەبردنی ئاسۆیی چییە؟ چ پارامێتەر و پێکهاتەیەکی هەیە؟

12- مەبەست لە "بای گۆڕانکاری دەهەژێت" و "گەورەیی بۆ بزووتنەوەی کوردستان دەگەڕێنینەوە" چییە؟ و چەندین پرسیاری تر

 

شووناسی دێمۆکراتیکی کۆمەڵە و شوناسخوازی دێمۆکراتی لە بەرامبەر ناسیونالیسمی رۆمانتیکی، کێ کوردە و کێ ئێرانییە!؟


لەو باسانەی کە گوێم لێدەبێ، هەڵگری تیۆری ناسیۆنالیزمی ڕۆمانتیکییە، بە جۆرێک کۆپییەکی ناتەواوی پڕۆژەی "ناسیۆنالیزمی ڕۆمانسی ئێرانی"یە بۆ داڕشتنی "دەوڵەت-نەتەوە" لەسەر بنەمای نۆستالژیکی، باستانگرایانە، ڕەگەزپەرەستانە، کە بەتەواوی لە سەرمایەداریی بەریتانیایی و دواتر جۆری ئاڵمانییەکەی وەرگیراوە و کەمتر پشت بە پشتیوانی ڕاستییەکان و باوەڕبوون بە خۆئاگابوونی "سووژەی مرۆڤی کورد" دەبەستێت. و نەبوونی دونیابینی لە باوەڕ و ڕزگاری کۆتایی "سوبێکتی ئینسانی کورد" و "نەتەوەی کورد" و "مرۆڤی کورد"ە، بەڵکو بە پێچەوانە "مرۆڤی کورد" و "نەتەوەی کورد" وەک ئۆبژەیەک سەیر دەکرێت و "نەتەوەی کورد" دیاردەیەکی ئەبەدی و سروشتیی دەخەمڵێندرێ. ڕاست بەو شێوازەی میللەت سازی کە ئورووپا ئەزموونی کرد و تووشی شکست هات وەک پڕۆژەی میللەت سازی ئیتالیا.


لەم پێناسەیەی میللەتدا، "یارسان بوون"، "هەورامی بوون"، "ئێزیدی بوون"، "فەیلی بوون" و هتد هیچ جێگایەکیان نییە و بگرە بە ئاراستەی ئاسمیلەکردنی کۆمەڵایەتی، هەنگاو بۆ "یەکپارچەسازی ملی" و شکل دان بە "ملت سازی" بۆ کورد دەکرێ.


کە ئەم خوێندنەوەیە لە ڕەوتە ڕاستە توندڕەوەکاندا گوتاری زاڵە، چونکە چ لە ڕوانگەی بوتیقای سیاسی و چ لە ڕوانگەی شێوازی ئایدایالۆژی سیاسی سەیری بکەین تەنیا جەخت لەسەر چەمکی "دەوڵەت" دەکاتەوە و وەک ئامانجی کۆتایی هاتووە کایە کردن و "حوکمڕانی باش" پشتگوێ دەخرێت و هەموو شتێک بۆ دوای پێکهێنانی حکومەت جێدەهێڵرێت.


ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەی کۆمەڵەن، ڕاست دژی گوتاری "کۆمەڵە" وەستاون و خوێندنەوەی پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵە لە مەڕ "شووناسخوازی دێمۆکراتیک" و "کەرامەتی" مرۆڤەکان پشتگوێ دەخەن و وەسوەسەی "دەسەڵات" و خۆ بە"گەورە"زانین و تەماحی قۆرخکردنی کۆمەڵەیان هەیە و بە سووکایەتی و بوختانکردن، و ساز کردنی هەستی "شەرمەزاری" لە ئەندامان و تەشکیلاتی کۆمەڵە ساز دەکەن و بگرە "کۆمەڵە" بە نەهامەتی بزاڤی کژوردستان پێناسەدەکەن، بە گوێرەی پۆڵ سێلان، بە پەنابردن بۆ "زمانی بکوژان"، کەرامەتی ئەوانی دیکە پێشێل دەکەن، نەک هەر زیان بە کەرامەتی خۆیان دەگەیەنن، بەڵکو باس لە ڕەتکردنەوەی "حوکمڕانی باش" لە حاڵەتی "دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات"دا دەکەن ".


فەیلەسوفی سویسری پیتەر بیێری لە کتێبی "کەرامەتی مرۆڤ" (2016)دا بیرمان دەخاتەوە کە ڕێزگرتن لە کەرامەت ئەرکێکی تاکەکەسی و دەستەجەمعییە. کەرامەت سێ پێکهاتەی هەیە: هەڵوێست و هەڵسوکەوتی ئەوانی تر بەرامبەر بە من، هەڵوێست و هەڵسوکەوتی من بەرامبەر بە ئەوانی تر، هەروەها هەڵوێست و هەڵسوکەوتی من بەرامبەر بە خۆم. ئەم سێ لایەنە بەیەکەوە گرێدراون. بۆ نموونە هەڵوێستی من بەرامبەر بە خۆم هەڵوێستی من بەرامبەر بە ئەوانی تر لە قاڵب دەدات. بۆیە کاتێک هەندێک کە کەرامەتی ئەوانی تر پێشێل دەکەن، زیان بە کەرامەتی خۆیانیش دەگەیەنن.

 

ئەم خوێندنەوە ناڕاستەقینە و دوور لە عەقڵانییەتی ستراتیژی و هەڵبژاردنی نادروستی تاکتیک، جگە لە پەراوێزخستنی گوتاری "کۆمەڵە" و دواجار نەهێشتنی، "حوکمڕانی باش"یش مەحاڵ دەکات. براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دێسمۆند توتو، لە پێشەکییەکەیدا بۆچی خۆشەویستی گرنگە؛ بەهاکان لە حوکمڕانیدا (2017) دەڵێت "حوکمڕانی باش" زیاترە لە شەفافیەت، لێپرسینەوە، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، سەروەری یاسا و دیموکراسی. بە بۆچوونی ئەو، حوکمڕانی باش پەیوەندی بە دیدێکی بەرزەوە هەیە کە مرۆڤبوون لە نێو مرۆڤەکاندا مانای چییە.


توتو بە جەختکردنەوە لەسەر فەلسەفەی ئوبونتو (مرۆڤایەتی هاوبەش)، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئێمە ئەوەندە بەیەکەوە گرێدراوین کە "جیا" نین لە مرۆڤەکانی "دیکە". ئێمە تەنها کاتێک هەین کە بەڕاستی مرۆڤ بین.

ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکمان لەگەڵ "ئەوی تر" هەبێت لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێز و لەسەر بنەمای عەقڵانییەتی ستراتیژی و پێ لەسەر زەوی. لەبەر ئەوەی پایە ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگا (ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری) لەسەر بنەمای "کەرامەت" دامەزراون، "حوکمڕانی باش" لە کۆمەڵگەیەکی بێ کەرامەتی مرۆڤدا مەحاڵە.


سەروەری و هەبوونی مافی چارەی خۆنووسین و شۆڕشی ڕاستەقینە لە کوردستاندا لە دەرەوەی "دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات"دایە. تا ئەو کاتەی نۆرم و بەها و دامەزراوەکان نەگۆڕدرێن، مەحاڵە دوای "کابوس"،  "خەون"ی حوکمڕانی باش بەدی بهێنرێت.


زۆر جار لەسەر جیاوازییە گرنگەکانی نێوان "ناسیۆنالیزم" و "شووناسخوازی دێمۆکراتیک" نووسیومە و گوتوومە. وەک چۆن کۆمۆنیزم پەیوەندی بە خواستی دادپەروەری و شوناسی دیموکراسییەوە نییە، ناسیۆنالیزمیش پەیوەندی بە "کوردبوون" و "کوردستان بوون"ەوە نییە.

ناسیۆنالیزم و کۆمۆنیزم دوو ئایدۆلۆژیای "دژ بە ئەویتر" و "توندوتیژی خوازی" سەدەی نۆزدەهەمن، کە لەگەڵ پێداویستییەکانی جیهانی ئەمڕۆی بەیەکەوە گرێدراو ناگونجێن. لە وتارەکەی کۆمەڵەدا شوناسی دێموکراتیک لەسەر بنەمای ڕێزگرتن، کەرامەت و قبوڵکردنی ئەوانیتر دامەزراوە، بەڵام ناسیۆنالیزم لەسەر بنەمای شانازی، باڵادەستی، دژایەتی و ڕەگەزپەرستی دامەزراوە. سەیر نییە کە ناسیۆنالیستەکان تا ڕادەیەک پەنا بۆ سوکایەتی و بوختان ببەن.


هەروەک چۆن ئیسلامیەکان ناڕازییەکان دەردەکەن و بە مولحید و کافر ناویان دەبەن، ناسیۆنالیستەکانیش "کوردبوون" و "کوردبوون"ی ئەوانی دیکەی خۆیان سەنگ و دیاری دەکەن و تەنانەت پێوانەی دەکەن و دەیکێشن، هەروەها "کومەلە" و "کومەلەیی بوون"یان تاوانبار دەکەن و هەستی شەرمەزارییان لەنێو ئەندامان و تەشکیلات بڵاودەکەنەوە و بگرە هەندێک جار گوتاری پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵە، لە تەڵەی هەمان گوتاردا دەکەوێ، و لەو ڕێگایەدا دوا بزماری کۆتایی پێهێنان لە گوتاری کۆمەڵە دەدەن،  بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەوان زیاتر کوردن و زیاتر کوردستانین؟!، ئەم جۆرە هەڵوێستە گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار.


ئەو چەشنە گوتارە لە جەمسەرگیری و دووانەیی درۆینەی "کوردستان بوون" و "ئێرانی بوون"دا بووەتە هۆی دوقطبی کاذب و لە دەرئەنجامدا تەشکیلات ئەتۆمیزە دەکرێ و کۆمەڵە و گوتاری کۆمەڵە لاواز دەبێت و سێلو ئیزۆلەیشن دەبێتە فەزیلەت.


بە گوتەی بۆرخێس، "کەس نیشتمان نییە؛ نیشتمان واتە هەموومان”. بۆیە لە گوتاری شووناسخوازی دێمۆکراتیکی کۆمەڵەدا، پێناسەی شوناسی تاک و دەستەجەمعی بە سوبێکتەکان دەسپێردرێت و هەریەکەیان لە چوارچێوەی سوبژێکتیڤی خۆیاندا سوبێکتێکی سەربەخۆن و ڕووبەڕووی پێناسەی ئەوانی دیکە دەبنەوە و چارەسەری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری دەکەن 

گوتاری پێشکەوتنخوازی کۆمەڵە باوەڕی بە کۆمەڵگەی مەدەنیی دێموکراتی کوردستان هەیە و داوای بوونی ئەو دەکات و تەحەدای گوتاری ناسیۆنالیستی و ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات کە پێیان وایە ئەو کۆمەڵگایانەی دەوڵەتی نەتەوەیییان نییە کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوەی ناحکومییان نییە. کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە تەحەدای ئەو پێناسە کۆنەپەرستانەیەی کرد و هەناسەیەکی تازەی بە جەستەی بزووتنەوەی کوردستان دا.

پرسی ڕزگارکردنی گەلانی ستەملێکراو، هیچ ململانێیەکی لەگەڵ بەهاکانی چەپبووندا نییە. بەڵکو پرسی "شووناسخوازی دێمۆکراتیک" یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی بزووتنەوەی چەپ. بەڵام لەم وەرچەرخانەدا بۆ ڕاستڕەوی توندڕەو و بەکارهێنانی هەمان خوێندنەوە و ڕوانگەی چەمکی "ناسیونالیزمی ڕۆمانسی" پێناسە کراوە و تیشکی خستۆتە سەر و هەمان پڕۆژەی ئاسمیلەکردنی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکاتەوە، بۆ نموونە "هەورامی"، "لەک"، "کەڵهور"، "یارسان"، "ئیزەدی"، "فەیلی" کە کێشە و بابەتی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە شوناسێکی سەربەخۆدا جگە لە چی و کێنی خۆیان دەگەڕێن، ئایا ناسنامە جیاوازەکانیان بە فەرمی دەناسرێنەوە؟ ئێزیدییەکان و فەیلیەکان بە گشتی خۆیان لە کۆمەڵگەی کوردستان دوور دەخەنەوە و کەمترین هەستی تەعلوقیان هەیە، ئایا دەبێ ئاسمیلە بکرێن و یەکبخرێن، نەهێڵرێن دەنگ هەڵبڕن یان پەراوێز بخرێن؟ یان بەهەمان میتۆدی "درووست کردنی نەتەوە" و پێکهێنانی "دەوڵەت-نەتەوە" لە ئێران و تورکیا و عێراق، هەوڵی ئاسمیلەکردن و کوشتنی بەکۆمەڵ و لە ناو بردنیان بکری؟ 


بەشێوەیەکی گشتی ئەم گوتارە زۆر بەسوودە بۆ ڕەوتی سیاسی ڕاستی ناوەڕاست و ڕاستی توندڕەو تا ببنە ئەکتەری سەرەکی لە بواری سیاسی لە کوردستان، ئێران، ناوچەکە و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، هاندانی "کۆمەڵە" بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەرەو ناسیۆنالیزمی ڕۆمانسی لە لایەن ڕەوتی ڕاستڕەوەکانەوە ، سەبارەت بەوەی کە زۆر باش دەزانن کە لەگەڵ ئەم وەرچەرخانەدا، هەموو "کۆمەڵە" بۆ هەمیشە پەراوێز دەخرێت.

 

لە هەمان کاتدا دەستە شاراوەکان بەڵام بە پەنجەمۆرێکی ڕوون هەوڵی زۆریان داوە "کۆمەڵە" بەرەو گوتاری "ناسیونالیزمی ڕۆمانسی توندڕەوو هێرشدەرانە" پاڵ بنێن و بەم شێوەیە گوتاری "کۆمەڵە" لاببرێت یان بخرێتە پەراوێزەوە و تەنیا وەک ئامرازێک و وەک کارتی هەڕەشە "کۆمەڵە" بەکاربهێنن.

 

جەماوەر، ڕێفراندۆم و مافی حاکمیت


لە ڕەهەندی جیۆپۆلەتیک و ئاسایشی جیهانیشدا، بڕیاری جەماوەر و خەڵکی ئاسایی کەمترین کاریگەری لەسەر ڕزگاری و پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەیە، کە نموونەی ڕوونیشیان ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش بە مانای پاشەکشەکردن نییە لەویست و تێکەڵ نەبوون بە پرۆسەی مێژوویی و هەبوونی سەروەری و سەربەخۆیی، بەڵکو دانوستان و بەشداریکردن لە بڕیارە بچووک و گەورەکان، پاراستنی پێگە و ئامادەبوون لە بواری سیاسیدا خاڵێکی جەوهەرییە. دوور لە عەقڵانیەتی ستراتێژی بوو هۆی ئەو بابەتە کە ٥٠ لەسەدی خاکی باشوور بستێندرێتەوە، درآمد و دارایی کوردستان بەگەڕێننەوە بەغدا، بووجەی هەڵواسن، پێگەی نێونەتەوەیی لەرزۆک بکەن و …


بەرەی ڕاست تەنیا چەمکی "دەوڵەت" بە ئامانجی غایی و نەهایی و موقەدەس پێناسە دەکات، بەڵام ئامانجی کۆتایی لە ستراتێژی کۆمەڵە پێکهێنانی کۆمەلگایەکی پێشکەوتنخواز و دادپەروەر و ئازاد و یەکسان، حوکمڕانییەکی باشە، بەو واتایە پێگەیشتن بە سەروەری سیاسی تازە سەرەتایەک بۆ تێکۆشان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگای بەختەوەر، چونکە قبوڵکردنی "سەروەری" وەک ئامانجی کۆتایی، و پاشان پێدانی سوبژێکتیڤیتی بە "حکومەت" و "دەسەڵات" و بە ئامرازکردنی "مرۆڤی کورد" لە گەڵ گوتار و بەهاکانی خەباتی کۆمەڵە ناکۆک و دژ بەیەکن. بەڵکوو بە پێچەوانە "دەوڵەت" یان دەسەڵات کەرەستەیە بۆ بەختەوەری کۆمەڵگا و سوژەی تاکی کورد.


ڕەوتی ڕاستڕەو و توندوتیژی خواز و هێرشبەر بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و بۆ بەهێزکردنی گوتارەکەیان، هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی پرسی سیاسەت تا دەتوانرێت لە کۆمەڵەدا بچوک بکەنەوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم و لە جیاتی بەکارهێنانی عەقڵانییەتی سیاسی لە تاکتیک و ستراتیژیدا، گوتاری کۆمەڵە تا ئاستی گوتاری پۆپۆلیستی دابەزێت بۆ ئەوەی گوتاری "کۆمەڵە" پەراوێز بخرێت و دواجار حەزف بکرێت، و دواجار دوور بخرێتەوە لە دەورگێڕان وکاریگەری لە سیاسەتدا.

ئەگەر عەقڵانییەتی بەکۆمەڵ لە پرۆسەی بڕیاردان زاڵ نەبێت، ئەمە هەمان ئەو تەڵەیە کە کۆمەڵە دەکەوێتە ناویەوە.

"لە هەمان کاتدا ئەم جۆرە گوتار و گۆڕانکارییە بنەڕەتییە بەرەو ڕاستی توندڕەو، هەڵگری نیشانەکانی جۆرێک لە ڕازی کردن و ئارامکردنەوەی مودیریەتی ناو سێبەرەکان دا هەیە."

لەم دیاردە نوێیەدا، لەبری ئەوەی چارەسەری ڕاستەقینە بخاتەڕوو، زۆرتر وەبیری دەهێنێتەوە کە ئەوان لە جیهانێکی مەجازیدا سیاسەت دەکەن و پێویستی بە کارلێککردن لەگەڵ جیهانی دەوروبەر ناکات، واتە ستراتیژی و هەڵمەت و تاکتیکەکان بەیەکەوە نەبەستراونەوە.


هه ڕوه ها ئه م جۆره بیرکردنه وه یه که له به شێک له گوتاری کۆمه ڵه دا بڵاو بووه ته وه ، نوێ نییه ، چونکه به چاوخشاندنێکی خێرا له خه باتی مێژوویی بزووتنه وه ی کوردستان له ده سه ڵاتی عوسمانی و ئیمپراتۆریه تی سه فه وی و پێناسه و پێکهێنانی نه ته وه -دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بوونی میرنشینەکانی ئەردەڵان و بابان لە ناوچەکە و لە درێژەی ڕاپەڕینی لوکاڵی سمکۆ و دواجار دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە لایەن قازی محمدەوە، لە کاتێکدا کە ستالین کۆمەڵگای کوردستانی وەک کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی هەڵدەسەنگاند، بۆیە جەختی دەکرد کە کۆماری کوردستان، لە ژێر حاکمیتی کۆماری ئازەربایجان دابێ، هەمیشە بوونی هەبووە و دەشبێ. بەڵام لێرەدا باس لە تاکتیکە.


هەڵبژاردنی تاکتیک، مەسەلەیەکی نائاشنا نییە، چونکە تا ئەمڕۆ "ناسیونالیستی ڕۆمانسی" بناغەکانی لەسەر بنەمای مێژوو، نۆستالژیا، ئەفسانە، میرات، دامەزراون و تەنانەت هەوڵی دروستکردنی ئەفسانە و دروستکردنی مێژوویان داوە، و کۆپی لە گوتاری ناسیونالیستی ناوچەیان وەرگرتووە بۆیە بە دوور لە هەڵبژاردنی تاکتیکی گونجاو، ستراتیژی نامومکین دەکات. ستراتێژی ڕاست "دەوڵەت"ە، بەڵام ئێمە "سەروەری" بە سەرەتای پێکهێنانی کۆمەڵگای بەختەوەر دەخەمڵێنین و چەمکە کۆمەڵایەتیەکان تا پێکهێنانی "دەوڵەت" تەعتیل ناکەین، کە بەداخەوە تێوەگلان دەو شێوازە لە بیر کردنەوەیە خۆکوژیی سیاسییە بۆ کۆمەڵە.


وێڕای وەی کە  ئەم گۆڕانە بۆ ڕاستی توندڕەو هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هاوکێشە سیاسی و ناوچەیی و جیهانییەکان لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدا نییە. و خۆ پەراوێز خستن و فەزیلەت بەخشین بە خۆ ئیزۆلە کردنە. 

هه ڕوه ها له م وەرچەرخانە دا هیچ پێناسه یه کی دیاریکراومان بۆ "مرۆڤه ی کورد" نه بینیوه و هیچ پێناسه یه کی بۆ "کوردستانی بوون" نه خستۆته ڕوو و زۆر وڵامی نەدۆزراو بۆ پرسیاری تریش که ناڕوونن. یان ڕزگاری کوردستان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کوردستان ئازاد دەبێت؟ گەرەنتییەکانی چین؟ ئایا دروستکردن و دیوار کیشی و دابڕان لە جیهان و ناوچەکە و خۆئینزوا کردن ئازادمان دەکات؟ ئایا دەسەڵات و هاوکاری هێز و وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە پێکهێنانی حکومەتی کوردستاندا لەگەڵ ئێمە هاوتەریبە؟ ئایا هۆکاری ئەوەی کە گەلی کورد مافی خۆی بەدەست نەهێناوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خەڵک نەیویستووە خاک و دەوڵەتێکی سیاسی سەربەخۆی هەبێت، یان فاکتەرەکانی دیکە ڕۆڵیان تێدا هەبووە؟ ئەمە بەو مانایە نییە کە چاوەڕێ بین تا وەک دیاری پێمانببەخشن. ئایا هۆکاری ڕزگار نەبوونی کوردستان، حزبەکانی کوردستانە؟ ئایا بەها بنەڕەتییەکانی چەپ بەربەستن؟ ئایا جەماوەر نەگەیشتووەتە خۆئاگا و مافی چارەی خۆنووسین تا ئاستی سەربەخۆیی نەکردووە؟ ئایا خەڵکی کوردستانلە مافەکانیان نائاگان؟ و پرسیاری زیاتری.


ئەم جۆرە گوتارە بەبێ دابینکردنی چارەسەرێک لەسەر بنەمای حوکمی عەقڵانییەتی ستراتیژی زیاتر شێوازێکی پۆپۆلیستییە لە سیاسەتدا. هەرچەندە پۆپۆلیستی زیاتر پەیوەستە بە ڕاستڕەوی توندڕەوەوە، بەڵام پۆپۆلیزمی چەپیش هەیە و ڕەنگە هوگۆ چاوێز، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا باشترین نموونەی ئەمە بێت، وەک ئەوەی جارێک وتی "من کەسێک نیم - من گەلم". چونکە لە وتەی هاوڕییاندا ئەم ڕستەیە بەکارهاتووە کە ئێمە گوێگری خواستی گەلین و تەنها ویستەکانیان و خواستەکانیان دووبارە دەکەینەوە. ئێمە ئامادەی قوربانیدانین بۆ گەل بۆیە خۆمان قوربانی دەکەین، بۆ خەلک، بەڵام خەڵک کێن؟ کۆمەڵگای مەدەنی دیموکراسی چییە؟ چ پێکهاتەیەکی هەیە؟ ئایا کۆمەڵگای مەدەنی دیموکراسی ئەرکی ڕێگری لە لادانی "دەسەڵات" و "هەژموون" دەکات لە ڕێگەی دامەزراوە جەماوەرییەکانەوە یان لە ڕێگەی پارتە سیاسییەکانەوە؟ کە ئەم بابەتانە لە پێچەوانەی پرسی دەنگی گەل و خودی گەل بوونە.


جۆن ڤێرنەر مۆلەر مامۆستای سیاسەت لە زانکۆی پرینستۆن لە کتێبی "پۆپۆلیزم چییە؟" جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئیدیعای سەرکردە پۆپۆلیستەکان نوێنەرایەتیکردنی "ئیرادەی بەکۆمەڵی گەل"ە.

ئەو دەڵێت: "ئەوەی پۆپۆلیستەکان جیاواز دەکات ئەوەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنها نوێنەرایەتی 'گەلی ڕاستەقینە' یان 'زۆرینەی بێدەنگ' دەکەن" و ئەو بەڵێنانەی کە دەیدەن بە گشتی لە بارودۆخی ئێستادا ناعەمەلییە و سیاسەتمەدار و ئەکتەرە کاریگەرەکان لە بواری سیاسی ڕاستەقینەدا خۆیان لەم جۆرە بەڵێنانە بەدوور دەگرن و سیاسەت لە دروشمکردن دەپارێزن.


لە پڕۆسەی سیاسەتی واقیعدا، کۆمەڵە نابێت وا بکات کە دۆخی ئێستا وەک سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستییە ڕاستەکان، درووشم تەوەر، یان بۆ پرسیاری ئەساسی و گەورە، وڵامی بچووک بداتەوە ، یان بۆ ڕاستی وتارەکەی خۆی لە حاڵەتی هێرشکردندا نیشان بدات و بیهەوێ بە تەرازوی ڕاست و ناسیونالیسمی رۆمانتیکی کورد بوون و کوردستانی بوونی کۆمەڵە بکێشێت و وەزنی بکات.


ئەنجام:

لەم دواییانەدا زۆرێک لە چەمکەکانی "کۆیلەبوون، دیل، داگیر کراو، خۆ کەمزان، ، کوردی باش، ئێرانی، کوردی ڕاستەقینە، کوردبوون، کوردستانی بوون، ئێرانچێتی..." دەبیسین

چەمکگەلێک کە لە بۆشایی حاکمیەتی عەقڵانییەت و ئەندێشەی کەرەستەکراو سەرهەڵدەدەن و نیشانە و توخمەکانی دروستکردنی ناتەواوی عقڵانیەتی سیاسی پێش سەرمایەدارییان پێوە دیارە.

لەگەڵ بەجیهانیبوونی سەرمایەداریدا، هەموو شوێنەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەلایەن هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە کرانە ئامانج، تەنانەت تەنیایی عەقڵی مرۆڤ و سوبژێکتیڤیتی مرۆڤیش بە هاندانی بابەتگەرایی لەسەر مەیدانی "سوبژێکتیڤی مرۆڤ" و لەڕێگەی دروستکردنی تیرۆر وهەڕەشە و فشاری ئامانجدار بە دژی "سوبژێکتیڤیەتی" جەماوەری پرسیارکەر دەگۆڕێت بۆ "ئۆبژە"ی بەکاربەر و جەماوەری سەرگەردان. ئەم کێشەیە یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی ناکۆکی و کێبڕکێ لەم ساڵانەی دواییدا لە کۆمەڵگا مرۆییەکاندا.


قسەکەران و بانگخوازان و لایەنگرانی ئەم چەمکانە پێیان وایە کە لە ڕێگەی میکانیزمی بەکاربەرییەوە وەک سیستەمی سەرمایەداری گەشە دەکەن و ئاشکرایە کە هیچ ڕۆڵێکیان لە بەرهەمهێناندا نییە.

بە واتایەکی تر بەکاربەریی ئەم سپێکترۆمە جێگەی فاکتەری بەرهەمهێنانی گرتۆتەوە و کێشەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکانی قووڵتر کردووەتەوە. کۆمەڵە بۆ مانەوە و بەشداری کاریگەرانە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، پێویستە خۆی لە گوتاری پۆپۆلیستی بەدوور بگرێت و پێداگری لەسەر بەها بنەڕەتییەکانی چەپ و بەتایبەتی تیۆریزە کردنی "اکو فمنیسم سوسیالیسم دموکراتیک"  و شوناسخوازی دێموکراتیک بکات، ئایندە هی ئەو ڕەوتانەیە کە لە دونیای واقیعدا شەڕ دەکەن و سیاسەت دەکەن، نەک ئەوانەی ڕەوتگەلێک کە بە دروستکردنی گوتاری گۆشەگیری کاردەکەن، خۆیان دەکوژن بۆ ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا بە جددی وەرنەگیرێن.