Weather widget for website
ڕاگەیاندنی کۆتایی کونگرەی ١٤ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ڕاگەیاندنی کۆتایی کونگرەی ١٤ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

26 . گوڵان . 2724


ڕاگەیاندنی کۆتایی کونگرەی ژن ژیان ئازادی، کونگرەی ١٤ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کونگرەی ١٤ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان له ژێر ناوی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی ڕێکەوت لەگەڵ ١٢ی مانگی مەی ٢٠٢٤ی زایینی، دوای سێ ڕۆژ كاری چڕوپڕ، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
گیرانی ئەم کونگرەیە لە بەر مەودای زۆری نێوان کونگرەی ١٣ و ١٤، ڕوودانی چەندین شۆڕش و ئاخێزی گەورە لە کوردستان و ناوچەکە کە شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی مەزنترین و بەرچاوترینیان بوو و هەوڵی 
ناسەرکەوتووی یەکگرتن لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە بە هۆی پاوانخوازی، پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکان، لادانی سیاسیی ئاشکرای ئەوان و پشت کردنیان لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بە واژۆکردنی مەنشووری جۆرج تاون ڕوویدا، پێویستییەکی گەورە بوو و ئاسەواری هەموو ئەو فاکتۆرانەی لەسەر بوو. هاوکات هەستانەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ملکەچ نەبوون بەرانبەر بە پاوانخوازی کە بە فیداکاریی پێشمەرگە و ئەندامەکانی کۆمەڵە مسۆگەر بوو و بەداخەوە گیانبەختکردنی هاوڕێیان سامان ئیبراهیمی و هیوای سادقی لێکەوتەوە و دواتر هەڵوێستی ڕوونی کوردستانی و چەپ و یەکسانیخوازانەمان کەلەگەڵ شەپۆلێکی بەرینی پشتیوانیی گشتی لە نێو چالاکانی ڕەوتی کۆمەڵە و ڕای گشتیی کوردستان بەرەوڕوو بوو، چاوەڕوانییەکانی لەم کونگرەیە زیاتر کردبوو و ئەرکێکی مێژوویی خستبووە سەرشانی.
کونگرە بە سروودی بانگەواز، سروودی فەرمیی کۆمەڵە کرایەوە و دواتر بۆ ڕێزگرتن لە یادی هەموو گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و دوا شۆڕشی کوردستان، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بۆ یادی ئازیزی هاوڕێیان هیوا سادقی و سامانی ئیبراهیمی دەقیقەیەک بێدەنگی ڕاگیرا. دواتر ئاجێندای کونگرە پێشکەش و پەسەند کرا، کە بریتی بوو لە: قسەو باسی کردنەوەی کونگرە، ڕاپۆرتی سیاسی، بەرنامەی سیاسی، پەیڕەوی ناوخۆ، بڕیارنامە پێشنیارییەکان و هەڵبژاردنی کومیتەی ناوەندی و سکرتێری گشتی.
هاوڕێ ڕەزا کەعبی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەشی کردنەوە و پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی سیاسیدا، چەندین خاڵی دایە بەر باس و لێكدانەوە. دۆخی ناوچەکە و کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی كورد و ئەرکەکانی کۆمەڵە وەکوو ئاڵاهەڵگری هەوڵ بۆ ڕزگاری و بەختەوەریی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕوانگەی چەپ و سۆسیالیستییەوە کاکڵی سەرەکیی باسەکان بوو. هاوکات لێکدانەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ڕابردوو و هۆکارەکانی سەرهەڵدان و نەخش و دەوری هزری و مێژوویی، شێوازی خەباتی نوێخوازانە، دادپەروەریخوازانە و یەکسانیخوازانەی کۆمەڵە لەو شۆڕشەدا و، ئاکامەکانی شۆڕشەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا و حیزب و لایەنە چالاکەكانی مەیدانی سیاسەت لە کوردستان، بەشێکی دیکەی باسەکان بوو. هەروەها بارودۆخی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەسەڵاتی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دۆخی ئەو دەسەڵاتە لە کوردستان و ئێران و ناوچەكە، پاش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و تێکهەڵچوونەکانی حکوومەتی ئێران و دەستوپێوەندەکانی لەگەڵ ئیسراییل، قسە و باسی لەسەر کرا.
خۆڕاگری و خەباتکاریی خەڵکی کوردستان و بەردەوامیی بزووتنەوە ڕەواکەی دژی داگیرکاری و ستەم و چەوسانەوە بە درێژایی تەمەنی حکوومەتی ئێران و هاوکات بەشداری و حوزووری پڕبایەخ و گرینگی کۆمەڵە لە ناو دڵی خەباتی جەماوەری وەکوو یەکێک لە ڕێبەران و ڕێکخەرانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، کە بوون وبەشدارییەكەی ناوەرۆکێکی دادپەروەریخوازانەتر، یەکسانیخوازانەتر و پێشکەوتووانەتری بە بزووتنەوەکە بەخشیوە، بەشێک لە ڕاپۆرتی سیاسیی کومیتەی ناوەندی بۆ کونگرە بوو.
ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵە وەکوو ڕێکخراوێکی سیاسی هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا، چ لە باری سیاسی و چ لەباری ڕێکخراوەیی و دابڕانەکان و پێداچوونەوەکان بە سیاسەت و شێوەکاری حیزبی، یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی ڕاپۆرتی سیاسی بوو. لەم بەشەدا وێڕای پێداگری لەسەر هەڵوێستە ڕەوا و هەوڵە دروستەکانی کۆمەڵە و خۆ بەخاوەن زانین و وەفادار بوون بە ڕێبازی کۆمەڵە، پێویستیی ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە و هەڵسەنگاندنێکی ئەمڕۆیی و بەڕۆژکردنی ئامراز و تاکتیکەکان هاتە بەرباس. لەم باسەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و مێژوو و هەڵوێستەکانی بە وردی باسی لێوەکرا و سەرهەڵدانی و هەوڵەکانی بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی چەپ و کوردستانیی دروست و، گەڕانەوە بۆ سەر ڕێبازی پشت بەستن بە جەماوەر و ڕێکخستنی خەڵک و هەوڵی وشیارکردنەوەیان و ئامادەکردنیان بۆ شۆڕش بەبایەخ نرخێندران. هاوکات باس لە ویست و مەیلی هەمیشەیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ هاوکاریی لەگەڵ ئەو حیزبانەی بەناوی کۆمەڵەوە کاردەکەن کرا و ڕەوایی ئەو پابەندبوون و هەوڵانە قسەیان لەسەر کرا.
هەروەها دوا هەوڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناو جەرگەی شۆڕشی ژینادا و بە گوێگرتن بۆ دەنگی شەقامی کوردستان و ویست و ئاواتی یەکگرتنی هێزە کوردستانییەکان لێکدرایەوە و هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵە درایە بەر لێکۆڵینەوە.
دەوری مێژوویی کۆمەڵە لە هاتنە مەیدانی ژنان و بەرزکردنەوەی ئاڵای یەکسانیی ئینسانەکان و بەشداریی بەرچاوی ژنان لە شۆڕشی کوردستان و بەتایبەتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا باسێکی گرینگی ڕاپۆرت و بەڵگە نامە سیاسییەکانی کونگرە بوو. گرینگیی تایبەتی باسی یەکسانیخوازی و پێویستیی شێوازێکی نوێتر لە ڕوانین بۆ بابەتی یەکسانیی ڕەگەزی ــ کە لە ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندی و بەرنامەی سیاسیدا ڕەنگی‌داوەتەوە ــ یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی باسەکان بوو.
لە باسی ئەمڕۆ و داهاتووی کۆمەڵەدا چەپ بوون و کوردستانی بوون و یەکسانیخوازبوونی کۆمەڵە جەخت و پێداگرییان لەسەر کرایەوە و بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان و گرینگییان و ئەرکی کۆمەڵە لەو بوارەوە باس کران. ئەرکەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان و نەتەوەکانی ناو جوگرافیای سیاسیی ئێران، پاراستنی ژینگە و چەندین بابەتی دیکە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوون و پاش قسە و باسی نوێنەرانی کونگرە پەسەند کرا.
لە بەشی بەڵگەنامەکاندا پرۆگرامی سیاسیی کۆمەڵە و پەیڕەوی ناوخۆ کە پێشتر لە زنجیرە باسگەلێکی چروپڕدا لە نێو ئەندامانی کۆمەڵە و نوێنەرانی کونگرە درابوونە بەر لێکدانەوە و قسەوباس، پاش کۆتا پێداچوونەوە، خرانە بەر دەنگدان و پرۆگرامی سیاسیی نوێی کۆمەڵە پەسەند کرا و پەیڕەوی ناوخۆش بە دەنگی کونگرە بوو بە بنەمای کاری دەورەی داهاتووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان.
هەڵبژاردنی کومیتەی ناوەندی دوابەشی کاری کونگرە بوو کە پاش قسە و باس و ڕاگۆڕینەوەیەکی زۆر لە سەر هەڵبژاردنی ڕێبەرایەتی بۆ دەوری داهاتوو، ٢٣ کەس وەکوو ئەندامی کومیتەی ناوەندی و ٥ کەس وەکوو ئەندامی جێگر هەڵبژێردران کە بەشداریی بەرچاوی ژنان و لاوان لە بەربژێربوون و دەنگهێنانەوەدا بوو بە هۆی گەشبینی و هیوایەکی زیاتر بە داهاتووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا هاوڕێ ڕەزا کەعبی وەکوو سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایەن کونگرەوە متمانەی پێبەخشرا و ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان تا کونگرەی داهاتووی كەوتە ئەستۆ.
بەڵگەنامەکان و باسەکانی کونگرە بەمزووانە بۆ ئاگاداری ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
(هەڵبژێردراوی کونگرەی ژن، ژیان، ئازادی)
٢٦ی گوڵانی ١٤٠٣ / ١٥ی مەی ٢٠٢٤




4

رەشبگیری دوای بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی بەردەوامە
مریشکەکان بۆ کەی ئێف سی
سیاسەتی دەرەوەی کامڵا هەریس
خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن
خامنەیی چۆن کەسێکی میانڕەوی نەناسراوی کردە سەرۆککۆمار؟
دەستی ئێران، لەهەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ-دا