راگەیاندنە فەرمییەکانی ئێران، باس لە گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لەو کەسانە دەکەن کە لەناو ئەو هەلیکۆپتەرەدا بوونە، کە لە ناوچەی جولفای تەورێز تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە.
نیوەرۆی ئەمرۆ یەکشەممە ٣٠ گوڵان، هەلیکۆپتەرێک لە ناوچەی جولفای پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە، پێشنوێژی تەورێز و پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا لەو هەلیکۆپتەرەدان کە تووشی رووداو بووە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران تاکوو ئێستاش باس لەوە دەکەن کە هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان سەبارەت بە چارەنووسی سەرنشینەکان نیەو گەران و پشکنین بەردەوامە.
ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند کە تاکوو ئێستا نازانن چی روویداوەو هۆکارەکە چی بووە، تەنیا ئەوەیان لەلا ڕوون بووەتەوە کە هەلیکۆپتەرەکە تووشی رووداو بووەو هیچ زانیارییەکیش لەبەردەستدا نیە.
ماڵپەری ئیسنای فەرمی رایگەیاندووە کە کۆبوونەوەی بەپەلە لە ئاستی باڵادا بەرێوەچووە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆخە هەستیارە بکەن.
لەگەڵ هەمووی ئەوانە بەشێک لە میدیاکانی ئێران باس لە کوژرانی بەشێک لە سەرنشینەکان دەکەن، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانیش بە شێوەی ناراستەوخۆ گیان لەدەستدانی سەرنشینەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە.
نوێدەکرێتەوە