27 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

بڕیارو هەڵبژاردنەکانی یەکەم پلۆنیۆمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان

بڕیارو هەڵبژاردنەکانی یەکەم پلۆنیۆمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان
22 . جۆزەردان . 2724

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە یەکەم پلۆنیۆمی دوای کۆنگرەی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێری، هاوکات فەریبا محەمەدی وەکوو جێگری سکرتێر هەڵبژارد. 


دەقی راگەیاندراوی پلۆنیۆمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان:

ڕاگەیاندنی کۆتایی پلۆنۆمی یەکەمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی كوردستان
‏‎ هەڵبژێردراوی كونگرەی ژن ژیان ئازادی (كونگرەی ١٤)
‏‎خەڵكی خەباتكاری كوردستان!
‏‎پلۆنۆمی یەكەمی كومیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی كونگرەی ژن ژیان ئازادی لە ماوەی ڕۆژانی رابردوودا و بە بەشداریی سەرجەم ئەندامانی كومیتەی ناوەندی و ئەندامانی جێگر بە شێوەی فەرمی بەڕێوەچوو. پلۆنۆم بە سروودی بانگەواز سروودی فەرمی كۆمەڵە و بە یەك دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانبەختكردووانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی كوردستان و خەباتكارانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیزم دەستی پێكرد.
‏‎پلۆنۆم بە باسێك لە ژێر ناوی ” پێگەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دوای بەڕێوەچوونی كونگرە” چووە نێو ئاجیندای كۆبوونەوەكانیەوە.
‏‎هێڵە دەسپێك و گشتییەكانی ئەم باسە لە لایەن سكرتێری گشتیی كۆمەڵەوە پێشكەش كرا و دواتر و بە بەشداریكردنی چالاكانەی بەشداربووان لێكدرایەوە و پشتڕاستكرایەوە.

‏‎لەم باسانەدا ئاماژە درا بەوەی كە بە تایبەت لە هەلومەرجی قەیراناوی و ئاڵۆزی ناوچەكە و دوای ڕاگەیاندنی سەر لە نوێ كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، بەڕێوەچوونی كونگرەوە كردەویەكی سیاسی و تەشكیلاتی بوێرانەو بنەڕەتی بوو كە بە كردەوە هەم خاڵی كۆتایی دەورەیەكی دیاری كراو بوو وە هەروەها كۆمەڵەی بردە قۆناغێكی تازە. كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە بە شێوەی شەفاف و پێداگرانە لە نیوەی ڕێگادا شكستی بە سیاسەتی جۆرج تاون هێنا و لە سەر بنەماكانی كۆمەڵە لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی كوردستان و پشتبەستن بە هێزی جەماوەر و شۆڕشی ژینا پێداگری كرد و مامڵە و موزایدە كردن بە بزووتنەوەی جەماوەریی لە قاو داو ئیدانە و مەحكومی كرد، لەگەڵ پێشوازیی بەرینی خەڵكی خەباتكاری كوردستان و حیزبە سیاسیەكان بەرەوڕوو بووەوە و بە گرتنی بە پلان و بەرنامە و بیر لێكراوەی كونگرە زیاتر لە جاران خۆی جێگیر كرد و پێشوازی بەرینی لێكرا.
‏‎پلۆنۆم ئەم باسانەی بە تێڕامانیێكی زیاترەوە درێژە پێدا و هاوكات لەگەڵ جەختكردن لە سەر دۆخە گونجاوەكانی بەردەم كۆمەڵە، هەروەها تیشك خرایە سەر ئەو كۆسپ و تەگەرانەی كە لە ئارادایە.

‏‎داینامیك بوونی بزووتنەوەی كوردستان، بەرفراوان بوونی جوگرافیا سیاسییەكەی، قورسایی شۆڕشی ژینا و كاریگەرییە قووڵەكانی و تارمایی و مۆتەكەی ئەو ئاخێز و شۆڕشانەی كە بە هەر سپارك و پریشكەیەك ئەگەری هەڵگیرسانەوەیان هەیە، بۆ هەر حیزبێكی سیاسی جیدی و خەڵكیی گەورەترین و بە نرخترین هەل دەخولقێنێت كە بە پەسەند كردنی سیاسەتی بیرمەندانە و تاكتیكە ڕوون و دروستەكان ئەركی خۆی ڕاپەڕێنێت. كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە كوردستان لە ناخی ئەم هەلومەرجە لەبار و گونجاوەدا و بەشداریكردنی ملوێنانەی خەڵك لە پێناو دیاری كردنی مافی چارەنووسیان دەتوانێت و دەبێ ئەرك و دەوری خۆی بگێڕێت. سۆز و ورووژانە خەڵكییەكان، گیانبازییەكانی شۆڕشی ژینا، كردنی گۆڕستانەكان بە هێمای خۆڕاگری و بەرگری و پێشكەشكردنی هیوابەخشانەترین پەیام و برووسكەكانی بنەماڵەی گیانبەختكردووان، بە كوردستان، بە شۆڕشی ژینا و ئاسۆی دواڕۆژی ڕەوایی، ئوتۆریتە، قورسایی و بنەمای پتەوی بەخشیوە و ئەم هەلومەرجە لەبارەی بۆ كۆمەڵە خولقاندووە كە بەشداریی بەردەوام و كاریگەری خۆی گەرەنتی و مسۆگەر بكات. پلۆنۆم بە دروستی ئەم هەلومەرجەی دایە بەر لێكۆڵینەوە و جەختی كرد كە دەبێ شێلگیرانە، خەباتكارانە و بە تێكهاڵانی بەربڵاو لەگەڵ ئەم بزووتنەوە داینامیكە و لەگەڵ ڕێكخەران و لیدرەكانیان دەورە مێژووییەكەی بگێڕێت.

‏‎گرتنی سیاسەتە دروستەكانی یەك ساڵی ڕابردوو، لە بەرگری و پاراستنی بزووتنەوەی جەماوەریی، هەوڵ دان لە پێناو بەردەوام بوونی خەباتە جەماوەرییەكان، هەوڵ بۆ یەكگرتوویی و چەترێكی گشتگیر لە حیزبە سیاسییەكان، لە كاتێكدا كە كۆمەڵە لە قەیرانێكی بە سەردا سەپاو خۆی دەرباز كرد بوو، هەلومەرجێكی لەباری بۆ ئێمە ڕەخساند و بە پێی زانست و ئاگاداریی لە دۆخە تایبەتەكەمان توانیمان هەم لە باری سیاسەت و هەڵویستی دروست و هەم لە باری نواندنی ئیرادەی بەهێزمان، بارودۆخی خۆمان جێگیر و پتەو بكەین.

لەم باسەدا و لە لایەن وتاردەرانی پلۆنۆمەوە ئاماژە درا بەو كەموكوڕیانەی كە دەتوانن ببن بە كۆسپی جیدی لە بەردەم كۆمەڵەی زەحمەتكێشان. ڕێكخستنە حیزبی و تەشكیلاتیەكانی ئێمە خاوەنی كێشە و كەموكوڕی گەلێكن كە ڕێگا نادەن بە شێوەی یەكگرتووانە بە سەریاندا زاڵ بین. لە نەبوون یا لە كاتێكدا كە ڕێكخستنە حیزبییەكەمان شلە و كاریگەریی كەمە، عادەتە كۆنەكان، سوننەتە زیانبەخشەكان و دەستە و مەحفیل هەلی سەرهەڵدانیان بۆ دەڕەخسێت. هەرچەند كە ئەم كەموكوڕیانە بە میرات بۆمان ماونەتەوە و هۆكاری گرژییە تەشكیلاتی و حیزبیەكانی ڕابردوون، بەڵام كۆمەڵەی زەحمەتكێشان هەر بەو جۆرەی كە ئیرادەی كرد و لە سەردەمێكی مێژووییدا ڕۆڵی گێڕا، دەتوانێت و دەبێ لە باش كردنەوەی ڕێكخستنە حیزبییەكەیدا تا ئاستی شۆڕشێكی حیزبی لە پێناو زاڵ كردنی ڕێساكان و پێكهاتە و سیستمە حیزبییەكەیدا كار بكات. بردنە سەرەوەی ئاستی توانا و زەرفیەتەكانی سەركردایەتی كۆمەڵە، بەس نەبوونی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەكان، بزووتنەوەی ژنان و چالاكان و كۆمەڵگای مەدەنی و سیاسی لە ناوخۆی كوردستان، باش كردنی جیدی بەشی ماڵی كۆمەڵە و بەهێز كردنی ئەو بەشە، كەمبوونی ئیمكانات و ئەگەرەكان، لاوازی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەكان، نەبوونی بەرنامە و پلانی ڕوون و دیار لەگەڵ كۆمەڵگەی ئاكادمیكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و لەگەڵ كەسایەتییە سیاسییە خەباتكارەكان، لە گرینگترین كەموكوڕیەكانمانن كە پلۆنۆم جەختی كرد لە سەر دۆزینەوە و گرتنە بەری ڕێگاچارە و پلان بۆ داڕێژراو بە مەبەستی نەهێشتنی قۆناغ بە قۆناغیان.
‏‎باسی دواتری پلۆنۆم ” ئەولەویەتەكانمان بۆ شەش مانگی داهاتوو” بوو كە هێڵەكانی لەلایەن سكرتێری گشتیی كۆمەڵەوە پێشكەش كراو باسەكە بە بەشداریی ئەندامانی پلۆنۆم فراوانكرایەوە بۆ بوارەكانی كاری كۆمەڵە و ئەولەویەتەكانی. لەم باسەدا پلۆنۆم جەختی تایبەتی هەبوو لە مەڕ ئامادەكاری و چاككردنەوەی ڕێكخستنی حیزبی و حیزبییەت وەكوو میحوەر و خاڵی كلێڵی لە پێناو چەسپاندنی حیزبییەت و سڕینەوەی بەرهەمەكانی هەموو ئەو هۆگری و مەیلانەی كە بە شیوەی سوننەتی لە گۆشە و قوژبنەكانی حیزبدا درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن و پرۆسەی چەسپاندنی پێكهاتە حیزبییەكان خاو دەكاتەوە یا تێكی دەدات. ئەم باسە پێداگر بوو لە سەر بەهێز كردنی ڕێكخستنی حیزبیی كۆمەڵە و چەسپاندنی سیستمی حیزبیی خاوەن بنەما و یاسا و ڕێسا كە لەلایەن هەموو كەسێك و سەرجەم ئورگانەكانی كۆمەڵەوە پێویستە بەڕێوە ببرێت و هەر یەك لە وتاردەرانی پلۆنۆم لە گۆشە و لایەنێكەوە باسەكەیان دەوڵەمەند كردەوە.
لە درێژەی باسی ئەولەویەتەكانی ئێمە بۆ مانگەكانی داهاتوو، بەشی تەشكیلاتی نهێنی(زاگرۆس)، هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە، ئامووزشی ناوخۆیی حیزب، تەشكیلاتی دیاسپۆرا، بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەكان و كاری میدیایی كۆمەڵە و بەشداریكردنی چالاكانە و جیاواز لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خرانە بەر باس و لێكدانەوە. پلۆنۆم جەختی كرد كە هەر بەش و ئورگانێك دەبێ ڕیسای كارەكانی خۆی بنووسێتەوە و دانەوەی ڕاپۆرتی مانگانە سمینارەكانی پەیوەندیدار بە بوار و ئورگانە پەیوەندیدارەكان نەهادینە بكەنەوە.
پلۆنۆم لە درێژەی كارەكانیدا بابەتێكی دیكەی خستە ئەجیندای كارەكانیەوە كە دیاریكردنی ئورگانەكانی سەركردایەتی ودابەشكردنی كار و دیاریكردنی ئەركەكانی ئەندامانی سەركردایەتی بوو. وێڕای باسەكانی ئەندامان، پلۆنۆم سەبارەت بە پێویستیی ڕێكخستنی ئورگانەكان، بۆ دابەشكردنی كارەكان و دیاریكردنی ئەركی ئەندامانی سەركردایەتی، دەستەی كارگێڕی ئەركدار كرد كە گەڵاڵەی سەرەتایی دابەشكردنی كاری ئەندامانی سەركردایەتی بنووسێتەوە و بۆ پەسەندكردنی كۆتایی پێشكەش بە كومیتەی ناوەندیی بكات.
‏‎پلۆنۆم بۆ دیاریكردنی جێگری سكرتێری كۆمەڵە و دیاریكردنی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی چووە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و هاوڕێ فەریبا محەممەدی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پلۆنۆم وەكوو جێگری سكرتێری هەڵبژێردرا. پلۆنۆم هەروەها دەنگی دا بەوەی كە ٧ كەس ببن بە دەستەی كارگێڕیی كە دوای بەربژیر بوونی كۆمەڵێك لە ئەندامان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگ دان، ٧ كەس بۆ دەورەیەكی ٤ ساڵە بۆ دەستەی كارگێڕیی هەڵبژێردران. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سكرتێری گشتیی و جێگرەكەی ئەندامی دەستەی كارگێڕین.
‏‎پلۆنۆم هەروەها بە مەنەستی بە هێز كردنی بەشداریی و چالاكیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ناوچەكانی ئیلام و كرماشان(بەپێی پەسەند كراوەی كونگرەی ١٤ی كۆمەڵە كە كومیتەی ناوەندیی دەتوانێت ٥ كەس لە نێو خەباتكارانی دێرین و كەسایەتییە تێكۆشەر و خۆشناوەكانی كوردستان بە كۆی ئەندامانی خۆی زیاد بكات) هاوڕێ فەرهاد عەزیزی كەڵهوڕ یەكێك لە خەباتكاران و چالاكی سیاسی و فەرهەنگیە دێرینیەكانی ناوچەی كرماشان و ئیلام وگیلانی غەرب و ئیلامی بە كۆی دەنگی پلۆنۆم بۆ ئەندامیەتی كومیتەی ناوەندیی بانگهێشت كرد.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە پلۆنۆم لە هەلومەرجێكدا بەڕێوە دەچوو كە كۆماری سێدارەی ئیسلامی بە شێوەی مافیایی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی خۆی لەناو برد و شەرمەزارترین شێوەی پێكەنیناوی و بێمانای لە بەر چاو هەموو خەڵكی جیهانەوە شانۆگەریی كرد و ئێستاكە بە ناو چووەتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، پلۆنۆم بە پێویستی زانی كە هەڵوێستی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لەم بارەوە ڕوون بكاتەوە.

ڕژێمی ئیسلامی زیاتر لە هەركاتێكی تر لەلایەن كۆمەڵێك مافیا، بكوژ، بەرتیل خۆر و دز و تاڵانكەرەوە، ژیان و چارەنووسی كۆمەڵگایەكی ٨٠ ملوێنی بە بارمتە گرتووە. سپای باسداران كە لە جیهاندا بە سازمانێكی ترۆریستی دەناسرێت و سەرجەم دەمارە ئابووری و بژیوی ژیان و ئیداری و دەوڵەتیەكانی قۆرخ كردووە و لە ژێر كونترۆڵی دایە، كۆماری ئیسلامی بە وێنەی ئۆختاپووسێكی مەرگهێنەر بە سەر ژیانی زۆربەی هەرە زۆری خەڵكدا زاڵ كردووە. كوشتنی دەوڵەتیی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران( تەنانەت ئەگەر لە لایەن “بێگانەكانەوە” كرا بێت، بە بێ یارمەتیی ناوخۆیی ئەگەری نییە) كە لە نزیكترین موریدەكانی بەیتی ڕەهبەری بوون، پیشاندەری ترسی ڕەهبەرە لە كەسەكانی دەوروبەری خۆی. لە كاتێكدا كە كۆماری ئیسلامی لە ژێر بە هێزترین و چڕترین گوشارە نێو نەتەوەییەكان و بە تایبەت گوشارە ناوخۆییەكاندایە، لە ناو بردنی دوو ئەندامی گرینگی كابینە، دەرخەری شەڕی دەسەڵاتە مافیاییەكانی ناو دەسەڵات و پیشاندەری لێكدابڕانێكی قووڵە كە یەكتر دەكەن بە قوربانی. ئاخۆ دەبێ خامنەیی بە هۆی ڕوو لە زیاد بوونی گوشارەكان، سیاسەتەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، كە هێمای سیاسەتەكانی خۆی (سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەكەی) دەسڕێتەوە و دەچێتە فازێكی دیكەوە؟ ئاخۆ خامنەیی پێویستی بە كاتە كە بە وەها سناریۆگەلێك بەرپرسیارێتیەكانی خۆی دەشارێتەوە؟ ئاخۆ لە گۆشە گیرییەكی چڕدا كە خامنەیی تێدا پەل دەكوتێت، ڕەتكردنەوەی سەلاحیەتی بە ئەمەگترین كەسەكان بە ویلایەتی فەقێه و خامنەیی چ شتێكە بێجگە شەڕی مافیاكانی پەیوەندیدار بە ویلاتی فەقێ. وەهمێكی بەتاڵە كە بتوانن خەڵك ببەنە پرۆسەی دەنگدان و لە هەڵبژاردن بە مەبەستی ڕەوایی دان بە سیستەم و نیزامە فاشیستانە و مافیاییەكەیان كەڵك وەربگرن.

ئەوەی كە لەم ڕۆژانەدا بە ناوی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی لە شەبەكە و تۆڕەكانی ڕژێمدا تەزرێق دەكرێت، شانۆگەرییەكی ناشارەزایانەیە كە تاقم و دەستەكانی ڕژێم لە پیلانگێڕان دژ بە یەك شارەزاییەكی تایبەتیان بە دەستهێناوە. شانۆگەریی هەڵبژاردنەكانی ڕژێم، وەها ڕیسوایی و ئابڕوو چوونێكی پێكهێناوە كە دوای هەر هەڵبژاردنێك، ژمارەیەكی بەرینتر پەیوەست دەبن بە بەرەی بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكان و سەرۆك كۆمار زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە دەوری داهۆڵ و مۆرەیەكی بێ ئیرادە و سیمایەكی فاڵانژ دەگێڕێت. لە كۆتاییدا شەورای نیگابان بە ڕەتكردنەوەی سەلاحیەتی تەنانەت سەرۆك كۆمارەكانی پێشوو. ئەندامانی مەجلیس و ئەندامانی پێشووی كابینەكانی دەوڵەت، شەش بكوژ، شەش گەندەڵكار، شەش دز و شەش ئاگر بە ئیختیار و لە سەركوتكەرانی ٤٥ ساڵی ڕابردووی وەكوو لیستی بەربژێرەكان ناساندووە.

كۆمەڵە كە لە مێژەوە و هەر لە ڕیفراندۆمە ساختەكەی نەورۆزی ٥٨ەوە ناوی شانۆگەری لە سەر داناو، خەڵكی خەباتكاری كوردستان و سەرجەم حیزبە سیاسیەكانی ئێران بانگهێشت دەكات كە نە تەنیا بەرینترین بایكۆت بگرنە بەر بەڵكوو بە ڕاگەیاندنی هەڵوێست و بانگەوازی هاوبەش و بانگهێشت بۆ كردەوەیەكی جەماوەریی و ملوێنی لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، ڕیسوا بوونی وەها شانۆگەرییەك بەرینتر بنوێنن.

‏‎پلۆنۆم بە قسەكانی كۆتایی سكرتێری گشتیی كۆمەڵە كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا. قسەكان پوختەیەكی هەمەلایەنە و گشتگیر بوون لە باسەكانی ڕۆژانی ڕابردووی ئەم دانیشتنە كە ئەولەویەتەكانی شەش مانگی داهاتووی ئێمەی لە هێڵە گشتییەكاندا پێشكەش كرد و بە دەستەی كارگێڕیی سپارد كە بكرێت بە پلانی كاری شەش مانگەی سەرجەم ئورگانەكان. جەخت كرایەوە سەر بەهێز كردن و چەسپاندنی ڕێكخستنی حیزبیی و دەستەی كارگێڕیی ئەركدار كرا كە لە كۆتایی ئەم شەش مانگەدا، گۆڕانكاری بەرچاو پێكهاتبێت. لە بوارەكانی ئامووزشی حیزبیی لە هەموو ئاستەكان، هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە دیاسپۆڕا و پەیوەندییە نێو نەتەوەییەكان كە بەشێكی گرینگ لە باسەكانی پلۆنۆم بوون، هەنگاوی بنەڕەتی هەڵبگێرێت. مانگەكانی داهاتوو بۆ كۆمەڵە پێویستە بەشداریكردنی سیاسی وكردەوەیەكی چالاكانە لە سەرانسەری كوردستان، لە خەباتە مەدەنی و سیاسیەكان، بەرین كردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ چالاكوانان و لیدرەكانی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخستن و سامان دان بە تەشكیلاتی نهێنی حیزب(زاگرۆس)، هەوڵ دان بۆ یەكگرتوویی حیزبە كوردستانیەكان دەبێ هێز و هەوڵەكانمان زیاتر بكەین و لە خاو بوون و سستی و ساردی پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان حیزبەكان كەم بكرێتەوە و بەرەو یەكێتییەكی هاوبەش هەنگاوی بنەڕتی هەڵبگرین. لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حیزبە هاوپەیمانەكانمان لە (هاوپشتی بۆ ئازادی و بەرابەری) پێداگری و جەختی دووبارە دەكەینەوە و لەو باوەڕەداین كە جێگایەكی دروست لە خەباتی ئێستاكەدا دەستەبەر بكات و بەهێز بكرێت.

پلۆنۆمی یەكەمی كومیتەی ناوەندیی دوای چەند كۆبوونەوەی بەرین و چڕوپڕ كۆتایی پێهات و بەڕێوەبردنی پەسەند كراوەكان و باسەكانی بە دەستەی كارگێڕیی سپارد. باسەكانی پلۆنۆم بۆ خۆی هەنگاوێكی گرینگە لە پێناو دابین كردنی بەشداریكردنی كاریگەر لە ململانێیە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان كە هەموو هێما و بەڵگەكان ئاماژەن بۆ فراوان بوون و قووڵ بوونەوەی.
‏‎كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١٤٠٣/٣/٢١
٢٠٢٤/٦/١٠