لەژێر گوشاری ژمارەیەک کەسایەتی سوننە مەزهەب حوکمی لەسێدارەدانی ماموستا محەمەد خزرنژاد بۆ زیندانی هەتا هەتایی کەم کرایەوە. ئێوارەی رۆژی دووشەممە قەسیم عوسمانی نوێنەری خەڵکی بۆکان لە مەجلیسی ئێران بڵاویکردەوەو کە دادگای باڵای ئێران حوکمی لەسێدارەدانی ماموستا محەمەد خزرنژادی داشکاندووە بۆ سزای زیندانی و چیتر مەترسی لەسێدارەدان لەسەر ماموستا خزرنژاد نەماوە. دواتر ماڵپەری میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێرانیش لە کورتە هەواڵێکدا ئەوەی پشتراست کردەوە. سەبارەت بە وردەکاری هەوڵەکانیش جەلال مەحموودزادە نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیسی ئێران و سەرۆکی فراکسیۆنی سوننە مەزهەبەکان وردەکاری بڵاوکردەوەو رایگەیاند ماموستا محەمەد خزرنژاد یەکێک لە مامۆستا ئاینییە دڵسۆزەکانی ناوچەکە بووەو هەموو هەوڵی پەروەردەی ئەخلاق بووە، بەڵام بەڕگری لەخەڵک کردووەو خۆپێشاندانەکان لە بۆکانیش وایکرد کە حکومەت بەرامبەری هەستیار بێت و دەستبەسەری بکەن. مەحموودزادە ئاشکرایکردووە کە بە هەوڵی ژمارەیەک کەسایەتی سوننە مەزهەبی کوردستان و کەسایەتییە دیارەکانی وەکوو مەولانا عەبدوڵحەمید و کاک حەسەن ئەمینی و دکتور فرەیدون نوری و محەمەد ساڵح نیکبەخت حوکمی لەسێدارەدانی ماموستا محەمەد خزرنژاد بۆ زیندانیکردن کەم کرایەوە، مەحموود زادە دەڵێ بڕیارەکە لە بەرزترین ئاست دراوە، بۆیە دڵنیا کراونەتەوە کە مەترسی لەسێدارەدان لەسەر ماموستا خزرنژاد نەماوە. ماموستا محەمەد خزرنژاد لەلایەن دادگا بە سێ تۆمەت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، دواتر کە دیوانی باڵای ئێرانیش سزاکەی پەسەند کردەوەو مەترسییەکان جیدی بوون، کاردانەوەی زۆری لە ئاستی کوردستان و کۆمەڵگەی سوننە مەزهەبی لەئێران لێکەوتەوە.