Weather widget for website
خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن

خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن

1 . گەلاوێژ . 2724

نەیشناڵ ڕیڤیو – ئێلی دایمۆند
وەرگێران: کەماڵ حەسەنپوور

ئێران لەوەی کە زۆر کەس بیری لێدەکەنەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی نزیکترە. ڕێژەیەکی کەم خەریکی ئامادە کردنی پلان بۆ دوای ئەو ڕووداوەن. لە مانگی مای، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند ئێران هێندەی ئورانیۆم بە پلەی شیاو بۆ چەکی ناوکی پیتاندووە کە بتوانێ لە ماوەی چەند ڕۆژدا چەند بۆمبی ناوکی دروست بکات. زانیاریی نوێ ئەوە دەگەیەنن کە ئێران لەوانەیە هەر ئێستا بەرەو "چەکی ناوکی" هەنگاوی نابێ، کە مۆدێلی کامپیوتێریی و وەدەستهێنانی بەشە سەرەکییەکان بۆ دروست کردن و جێگیر کردنی نووکی هاژەکی ناوکی دەگرنەوە.
هەڵبەت، ڕەنگبێ تەنانەت لەوەش لەپێشتر بێ کە هەواڵگرییە ڕۆژاواییەکان دەیزانن. کۆرەی باکوور لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦، کاتێک تاقیکردنەوەی ناوکی لە ژێر زەوی تەواو کرد، دنیای پەشۆکاند. ئێران هەر ئێستا جبەخانەی پۆشتەی هاژەکی ویشکارۆبڕی بۆ جێگیر کردنی نووکی ناوکی هەن، تواناییەک کە کۆرەی باکوور لە ٢٠١٧ دەستی پێڕاگەیشت، واتە یازدە ساڵ دوای بوون بە خاوەنی چەکی ناوکی.
سەرەڕای ئەو پێشهاتە نیگەرانکەرانە، کاربەدەستێکی نێو نەدرکاوی بایدن لەو دواییانەدا سوێندی خوارد کە "ئێران قەت نابێتە خاوەنی چەکی ناوکی". بە لەبەر چاو گرتنی پێشینەی بایدن لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە، بە تایبەتی لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەو لێدوانە قەناعەتمان پێ ناهێنێ.
ئێران لە گەشە پێدانی خێرای چەکێکی ناوکی گەلێک زۆرتر سوود دەبینێ تا چاوەڕوان بوون. بە تایبەتی ئەگەر دۆناڵد ترامپ لە جانیوەری ٢٠٢۵ دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ.
بۆچوونێک ئەوەیە کە بێتوو ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی، عەڕەبستانی سعودیش خێرا بەدوای وەدەستهێنانی ئەو تواناییە بە یارمەتی وڵاتە یەکگرتووەکان یان ڕاستەوخۆ لە ڕێگای پاکستان دەکەوێ و بەو شیوەیە پێشکەوتنی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر تۆ ئێران بیت، سەلماندووتە دەتوانی ڕاستەوخۆ هێرش بکەیە سەر دوژمنی خاوەن چەکی ناوکیت (ئیسڕائیل)، بێ هەڕەشەی جیددی تۆڵە ئەستاندنەوە. سعودییەکان توانایی گەلێک کەمتر لە ئیسڕائیلییەکانیان هەیە و بێتوو ئەوان پشت بە یارمەتی ئەمریکا ببەستن، وەکوو ئیسڕائیلییەکان، لە چاوترسێن کردنی جێگای بڕوای ئێران شکست دەهێنن. هەرچۆنێک بێ، بەڕیوەبەرایەتی بایدن هەمیشە داوا لە هاوپەیمانەکانی دەکات ‌دۆخەکە هێور بکەنەوە.
حیزبوڵڵا، ترسناکترین بەکرێگیراوی ئێران، ویستی خۆی بۆ پەرەپێدانی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل، بە بێ چەتری لایەنگرانەی ناوکی ئێران دەربڕیوە. بێتوو شەڕێکی هەمەلایەنە لە نێوان ئیسڕائیل و حیزبوڵڵا بێتە ئاراوە، ئێران دەتوانێ، بەر لەوەی ئیسڕائیل بتوانێ حیزبوڵلا لەناو ببات، هەڕەشەی تۆڵە ئەستاندنەوەی ناوکی لە ئیسڕائیل بکات. لە ئێستادا، بێتو ئیسڕائیل بۆ لەنێو بردنی حیزبوڵڵا هێرش بکاتە ناو قوڵایی لوبنانەوە، تووشی زیانی بەرچاو دەبێ بەڵام ئەو زیانە کوشندە نابێ. ئەگەر ئێران هەڕەشەی تۆڵە ئەستاندنەوەی ناوکی بۆ پاراستنی بەکرێگیراوەکەی لە لەناوچوون وەڕاست گەڕێنێ، ئەوسا ئاکامەکە بەو شێوەیە نابێ.
دەوڵەتانی وەکوو عێراق و قەتەر، کە ئێستا هاوسەنگییان لە نێوان ئەمریکا و ئێران دا ڕاگرتووە، لە ژێر هەڕەشەی ناوکی ئێران، ناچار دەبن بەرەو ئێران بشکێنەوە. تاران و بەکرێگیراوەکانی زەختەکەیان بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە بۆ وەدەرنانی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە خاکی خۆیان زیاد دەکەن، بەو ئامانجە کە ئەمریکا بە تەواوی لە ناوچە وەدەرنێن.
دژوارییەکە لەوە دایە کە لێکهاڵانی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیە، ئەوی لە بەرانبەر گەمارۆکانی ڕۆژاوایی، وەک ئامرازێکی سزادان، کەمتر ناسک دەکات. بە گوێرەی زانیاریی ڕێکخراوی یەکگرتوو دژی ئێرانی ناوکی، لە مانگی مای، ئێران ٩٠ لە سەدی نەوتەکەی هەناردەی چین دەکات، کە لە مانگی مای ٢٠٢٠ ئەو ڕێژەیە نیوهێندە بوو. پاش داگیرکاریی ڕووسیە دژی ئوکراین لە ٢٠٢٢، تاران هاژەکی بالیستیک و پلاتفۆرمی پێشکەوتووی بەرگریی هاژەکی، کە پێشووتر لە ترسی ڕۆژاوا خۆی لەو کارە دەبوارد، هەناردەی ڕووسیە کردووە.
وێنە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە بێتوو ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی شوێنی حاوانەوە نامێنێتەوە. ئیسڕائیل تەریک دەکەوێتەوە، بە بژاردەی کەمتر بۆ چاوترسێن کردنی ئێران وبەکرێگیراوەکانی. سعودی و ئیماڕاتییەکان ناچار دەبن سازشی ناخۆش بکەن.
بە بێ ئاڵوگۆڕی ئاراستەکە، وڵاتە یەکگرتووەکان زووتر لەوەی بیری لێ دەکاتەوە ناچار دەبێ ناوچەکە بەجێهێڵێ. لە کاتێکدا کە هێندێک پێیان وایە ئەمریکا دەبێ ئەوە قبووڵ بکات، چەتەیی دەریایی حوسییەکان دەیسەلمێنن بۆ چوونێکی ئەوتۆ هەڵەیە. هێرشەکانی حوسییەکان رێگا ئاوییەکانی ناوچەی بۆ کەشتیوانیی رۆژاوایی کردۆتە بەرەی شەڕ، لە کاتێکدا ڕکابەرەکانی ڕۆژاوا، وەکوو چین، بێ دەستدرێژیی هاتوچۆ دەکەن. نزیکەی ٣٠ لە سەدی بازرگانیی جیهانی ئێستا بە گەرووی مالاککادا دەڕوا، بەڵام لانی کەم ١٠ لە سەدی هێشتا بە کاناڵی سوئێز دا دەڕوا.
ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێگای نیگەرانییە، هێڵە نێوخۆییە لێک گرێدەرەکانی ئابووری و سەربازیی سێ وڵاتی دیکتاتۆڕیی ئەوراسیا، بە سێ گۆشەی ناوکی دەپارێزرێ. تێکدانی تەوەری ڕەشبگیریی و پشتگیریی سێ لایەنەی ئەو وڵاتانە، لە ئەگەری کێشەیەکی جیهانی دا کە لایەنێکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بن، دژوارتریش دەبێ.
تا ئەو کاتەی بایدن سەرۆککۆمارە، کارێکی کەم بۆ پێشگرتن لەو ئاکامە دەکرێ. سیاسەتەکانی ناوبراو تەنیا ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە. بەڵام، پێش ئەوەی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات، بێتوو ترامپ بگەرێتەوە کۆشکی سپی، ڕەنگبێ هێشتا کات بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئاراستەکە مابێ.
هەر جۆرە پێچەوانە کردنەوەی ئاراستەکە دەبێ بە دانپێدانان بەوە بێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان پێی ناوەتە گۆڕەپانی کێشەیەکی جیهانیی کە لەویدا خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سەکۆی سەرەکی دەبێ نەوک شوێنێکی لاوەکی.
ڕاستەوخۆ یان نا، وڵاتە یەکگرتووەکان لەو کێشەیە تێوەگلاوە و لە ئاکامەکەشی پشکی شێری بەر دەکەوێ. لە ئورووپا، چەکە ئەمریکایی و ڕۆژاواییەکان تەنیا شتێکن کە پێشیان بە شکستی ئوکراین لە بەرانبەر ڕووسیەدا گرتووە. چەکە ئەمریکاییەکان لە کاتی شەڕە بەرگیکارانە و چەند بەرەییەکانی ئیسڕائیل دژی ئێران و بەکرێگیراوەکانی واتە حیزبوڵڵا و حەماس یەکلاکەرەوە دەمێننەوە. لە بەرەی ئوقیانووسی هیند-ئارام، چین خەریکی مەزنترین پۆشتە کردنی سەربازیی هەمەلایەنەی خۆی لە دوای جەنگی جیهانیی دووهەمەوەیە و چاوی تەماحی بڕیوەتە تایوان، بەڵام ئامانجی کۆتایی دەسەڵاتی ئەمریکایە.
لە کاتێکدا کە ئێران لەو سێ وڵاتانەدا بچووکترینیانە، چین و ڕووسیە تا ڕادەیەکی زۆر بە نەوت و چەکەکەیەوە بەستراونەوە. هەردووکیان لەو وڵاتە وەکوو ئامرازێک بۆ لاواز کردنی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچە کەڵک وەر دەگرن. سنووردار کردنی ئێران و پێش گرتن بە وەدەستهێنانی چەکی ناوکی، دەبێتە هۆی ئاواڵا مانەوەی ڕێگا دەریاییەکان بەرەوڕووی کەشتیوانیی ڕۆژاوا و بنکۆڵ کردنی دابینکەری سەرەکی چین و ڕووسیە.
لە ئاستی ناوچەییدا، سەرۆککۆمار ترامپ خاوەنی بیرۆکەی دروستی ستراتێژیی "ئەوپەڕی زەخت" دژی ئێران و "ئەوپەڕی پشتگیریی" لە هاپەیمانەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، وەکوو ئیسڕائیل، عەڕەبستانی سعودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی بوو.
بێتوو، بەر لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، ترامپ جارێکی دیکە لە ٢٠٢۵ دەسەڵات وەدەست بێنێتەوە، دەبێ دیسان ئەو ستراتێژییە، بە لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی نوێ بە هێندێک گۆڕانکارییەوە، بگرێتە بەر. ئامانج دەبێ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ چاوترسێن کردنی سەربازیی هاوکات لەگەڵ ناچار کردنی ئێران بۆ مامەڵەی گۆڕینەوەی قازانجی ئابووری بە بەرنامەی ناوکی و پشتگیریی لە بەکرێگیراوەکانی بێ.
• یەکەم، ترامپ دەبێ بە فەرمی ئێران بە هاندەری هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر تاوانبار بکات. بە هۆی سروشتەکەیەوە، بەڕیوەبرایەتی بایدن خۆی لە تاوانبار کردنی ئێران لەمەڕ هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر بواردووە. کردنی ئەو کارە بە مانای قووڵ کردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ تاران و ڕەت کردنەوەی سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ سازش لەگەڵ رێژیم بە سووک کردنی گەمارۆکان و شل کردنی سەپاندنیانە. بۆیە ئێران بۆ پشتگیرییەکەی لە حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکان یان میلیشیا بەکرێگیراوە جۆراجۆرەکانی لە عێراق و سووریە، کە تەقەیان لە هێزی سەربازیی ئەمریکا کردووە و چەند کەسێکیشێان کوشتووە، بەرەوڕووی هیچ کاردانەوەیەک نەبۆتەوە. ئەوە دەبێ لە یەکەم ڕۆژدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ. هەر کات سەرۆککۆمار ترامپ باسی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی کرد، ئێران دەبێ وشەی سەرەکی بێ. کاتێک خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەمرن یان پاپۆڕی ڕۆژاوایی لە دەریای سوور نوقم دەکرێن، ئێران تاوانبار بکرێ. ترامپ هەروەها دەبێ ڕەخنە لە ئێران بگرێ چونکە چین لە نەوتە هەرزانەکەیدا نوقم بووە و نرخی نەوت و گازی هەناردەی ئەمریکا دادەبەزێنێ.
• دووهەم، گەمارۆکانی سەر ڕێژیم توندتر بکە. ترامپ دەبێ دەستبەجێ توندترین گەمارۆکانی مومکین لە سایەی یاساکانی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە و بەسەر زۆرترین کەرتەکاندا وەکوو، وزە، سیستەمی بانک، چەکوچۆڵ، کەشتیوانی و هتد، بسەپێنێتەوە. ئەو هەروەها جێبەجێ کردنی گەمارۆکانیش بۆ سەر چین و وڵاتانی دیکە کە نەوتی ئێران دەکڕن، چڕتر بکا. لە ڕوانگەی دیاریکردنی کاربەدەستانیشەوە، ترامپ دەبێ پەلە بکات لە دیاریکردنی بەرێوەبەرانی ئەو شوێنانەی کاریگەریی سەرەکییان بۆ پرسی گەمارۆکان هەیە، وەکوو وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کاروباری دەرەوە و وەزارەتی بازرگانی تا بەو شێوەیە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە سەپاندنی بەربەرین گەڕاوەتەوە. بەسەر یەکەوە، ئەو هەڵوێستە دەستپێکی بێبەش کردنی تاران و بەکرێگیراوانی لە دراوی نەخد و ناچار کردنی چین بە دوو جار بیر کردنەوە لە ڕێژەی هاوردە کردنی وزە لە ئێران بکاتەوە. ئەوە هەروەها تاران ناچار دەکات لە نێوان دابین کردنی کەرەستەی بەکرێگیراوانی و وەبەرهێنان لە بەرنامە ناوکییەکەی یەکیان هەڵبژێرێت.
• سێهەم، لەبەر ئاکاری بەکرێگیراوانی، کاردانەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ تووشی ئێران بکە. وەک ئاماژەی پێکرا، بەڕێوەبەرایەتی بایدن خۆی لە تاوانبار کردنی ئێران بە هاوبەش بوون لە ئاکاری بەکرێگیراوانی لە سەرانسەری ناوچەکە بواردووە. بۆ وێنە، ترامپ دەتوانێ بە ئاشکرا هەڕەشەی نوقم کردنی پاپۆڕێکی ئێرانی لە بەرانبەر نوقم کردنی هەر پاپۆڕێکی ڕۆژاوایی لە لایەن حوسییەکانەوە بکات. بە هەمان شێوە، ئەو دەتوانێ ڕابگەیەنێت لە بەرانبەر هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یان هاژەکێکی کەڵک لێوەرگیراو بۆ هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا هێرشی وڵاتە یەکگرتوەکان بۆ سەر بینای سوپای پاسداران بۆ بەرهەمهێنانیانی لێ دەکەوێتەوە. تا ئەو کاتەی ئەوە ڕەچاو بکرێ، ئەمریکا باڵادەستی بەرزکردنەوەی لە بەرانبەر ڕێژیم دا دەبێ.
• چوارەم، پێگە ئەمریکاییەکان لە ناوچەدا بەهێز بکە و ڕایبگەیێنە. لە دەستپێکی شەڕی نێوان حەماس و ئیسڕائیل، پێگە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا بوونە ئامانجی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران. ئەوە بۆتە هۆی بڵاو بوونەوەی دەنگۆیەک کە بەڕیوەبەرایەتی بایدن بە تەمای چۆل کردنی پێگەکانی وڵاتە یەکگروەەکان لە عێراقە کە نزیکە ٢۵٠٠ کەس هێزی لێ جێگیر کراون. لە جیاتی پاشەکشە لەو بنکە گرینگانە، ترامپ دەبێ بەڵینی بەهێز کردنییان لە بەرانبەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک لە داهاتوودا بدا و بە ئاشکرا باسی بکات. پێویست ناکات ئەو ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا زیاد بکات، بەڵام دەتوانێ باشتر پارێزگاریی لەوانە بکات کە هەر ئێستا لەوێ جێگیر کراون. ئەوە دەبێتە هۆی دانی ئەو سیگناڵە بە ئێرانییەکان کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە جێی خۆی دەمێنێتەوە و هەر هێرشێک لە داهاتوودا تۆڵەی دەکرێتەوە.
• لە کۆتاییدا، پەیماننامەی ئیبراهیم بۆ "هاوپەیمانیی ئیبراهیم" بەرز بکەوە. پەیماننامەی ئیبراهیم، پێش هەموو شتێک یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتەکانی ترامپ، لە جیات پەیوەندییە سەربازییەکان، زۆرتر جەختی لەسەر باشتر کردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ئیسڕائیل و دراوسێ عەڕەبەکانی کردووە. بەو خۆرهەڵاتی نێوەڕاستەی کە ئیستا لە شەڕ دایە، پەیماننامەکە دەبێ بۆ ئاستی هاوبەشییەکی هەمەلایەنەی ئەمنییەتی بەرز بکرێتەوە.
فاکتەری سنووردار کردنی هاوکاریی سەربازیی نێوان ئیسڕائیل-عەڕەب، بەڕێوەبەرایەتی بایدن بووە: لە جیات پشتگیری کردنی ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو بە شیوەی هاوکات، بایدن هەوڵی داوە ئەوان دژی یەکتر بەکار بینێ، بۆ وێنە، هەڵواسینی ئەگەری ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل-سعودی بە ئاگربڕ لە غەززە و دانپێدانانی ئیسڕائیل بە دەوڵەتی فەلەستین، کە هیچکامیان خوازیارێکیان لە ئورشەلیم نییە.
بۆ چاوترسێن کردنی ئێران، ترامپ دەبێ کار بۆ بەرفراوان کردنی پەیماننامەکە و گۆڕینی بۆ هاوپەیمانییەک، هاوتەریبی ئاککوس، هاوبەشییەکی ئەمنییەتی لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان، بریتانیا و ئوسترالیا بۆ وەستان لە بەرانبەر چین لە ناوچەی ئوقیانووسی هیند-ئارام، بێ. لە ڕوانگەی سەربازییەوە، بەڵێنی هاوبەشییەکی ئەوتۆ لە کاتی هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە مانگی ئاپریل پیشان درا: سعودی یارمەتیدەری خستنە خوارەوەی هاژەک و درۆنەکان بوو لە کاتێکدا کە ئوردن ڕێگای بە ئیسڕائیل دا رێگاچارەی بەرگریکارانە لە ئاسمانەکەی بگرێتە بەر.
وەکوو پەیماننامەکە، توخمەکانی پێویست بۆ هاوبەشییەکی ئەمنییەتی هەر ئێستا بوونیان هەیە؛ ئەوان تەنیا پێویستیان بە هاندان و بە فەرمی کردنە. بە هەمان شێوەی ئاککوس، هاوپەیمانیی ئیبراهیم دەتوانێ ڕێخۆشکەری گۆڕینەوەی تەکنەلۆژیا و چەکوچۆڵی سەرەکی لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل و هاوبەشەکان لە کەنداو بێ. ئەو هەروەها دەتوانێ میکانیزمێکی نافەرمی بۆ پلاندانانی بەرگریکارانە و هێرشبەرانە دژی ئێران بێ.
لە چوارچێوەی جیهانییەوە، هاوپەیمانیی ئیبراهیم دەتوانێ خڕکەرەوەی مێژوویی هاوپەیمانیی ئاتلانتیک لە ئورووپا و ئاککوس لە ئوقیانووسی هێند-ئارام بێ و یارمەتیدەری پتەو کردنی جێپێی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سێ گۆشەی گۆڕەپانی کێبڕکێی زلهێزەکان لە جەنگی داهاتوودا بێ.
بە ئیرادەی سیاسیی پێویست، هێشتا دەکرێ ڕێگای ئێران بەرەو بوون بە خاوەنی بۆمبی ناوکی بگیرێت. بەڵام بێتوو دەستی بە چەکی کۆتایی ڕابگات، وڵاتە یەکگرتووەکان و هاپەیمانەکانی دەبێ ئامادەی هەنگاوی دواتر بن.


0

ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی شۆرشگێر سەبارەت بە ڕاگوێزرانی بارەگاكانیان
حدکا: بێهزاد خوسرەوی ئەنداممان بووەو رادەستی ئێران کراوەتەوە
راگەیاندنی پاک، لەسەر گووشارەکانی سەر حیزبەکان
راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە سەر راگواستنیان بۆ سورداش
بەهۆی هەڵاواردن، فارسەکان یەکەمی کۆنکوری ئێرانن
ئێران لەدرووستکردنی چەکی ئەتۆم نزیک بووەتەوە