بەشی زۆری ئەو کەسانەی لەرۆژهەڵاتی کوردستان بانگەشەیان بۆ مەسعوود پزیشکیان دەکرد، ئێستا بوونەتە رەخنەگری تووندی ئەو. ئەوان دەڵێن دیسان بەکارهێندراون و دواتر پشتیان تێکراوە.
بڵاوبوونەوەی لیستی وەزیرە پێشنیارکراوەکانی مەسعوود پزیشکیان بۆ خەڵکی کوردستان ئاسایی بوو، بەڵام بانگەشەکەرەکانی پزیشکیانی لە کوردستان تووشی شۆک کردووە. ئەو کاندیدەی ئیسڵاحتەڵەبەکانی ئێران، مانۆرێکی زۆری لەسەر کوردستان دا، لە بانگەشەکانیدا بەردەوام دووپاتیدەکردەوە کە لە مەهاباد لە دایکبووەو لەگەڵ کوردەکان گەورە بووە، هاوکات چەندین جار بە کوردی قسەی کرد و سەردانی سنە، ورمێ و کرماشانیشی کرد. پزیشکیان بەڵێنی ئەوەشی دابوو کە کابینەیەکی جیاوازی دەبێت و بە وتەی خۆی کەڵک لە ئەقوام و سوننە مەزهەبەکانیش وەردەگرێت.
هەر لەسەر ئەو بەڵێنانە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک ئیسڵاحتەڵەبی کورد و بەشێکی زۆر لە نوێنەرانی شارەکان لە مەجلیسی ئێران پشتیوانیان لە مەسعوود پزیشکیان کرد، تەنانەت هەندێکیان شاڕ بە شاڕ و بگرە ماڵ بە ماڵ دەگەران بۆ ئەوەی لە کوردستان دەنگ بۆ کاندیدەکەی ئیسلاحتەڵەبەکان کۆبکەنەوە. بەڵام ئێستا هەر ئەو کەسانەی بانگەشەیان بۆ دەکرد و پێشوازیان لە پزیشکیان دەکرد و پڕ بە ساڵۆنەکان دەیانقیڕاند بۆ ئەوەی دەنگی بۆ کۆبکەنەوە، ئێستا جارێکیتر بەسەر هەواڵی خاڵیدا کەوتوون، چوونکە هیچ کورد و سوننە مەزهەبێک لە کابینە پێشنیارکراوەکەیدا نیەو تەنانەت لە موعاونەتەکانیشدا جێگەیان نەبووەتەوە.
جەلال مەحموودزادە نوێنەری پێشووتری شاری سنە لە مەجلیسی ئێران کە کەسێکی نزیک لە دامودەزگا فەرمی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشە، یەکێک لە نیگەران و هەتا رادەیەک تووڕەکانیشە. ئەو بانگەشەیەکی زۆری بۆ مەسعوود پزیشکیان کردبوو، بۆ هیوایەی پۆستێک لەو کابینەیەدا وەربگرێت. ئەو چاوی لە وەزارەتێک، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ئەقوام و مەزاهب یان هەر نەبێ پارێزگاری سنە بوو، بەڵام هیچیانی پێ نەدراوە. تەنانەت پزیشکیان وەکوو جێگری خۆی بۆ کاروباری ئەقوام و مەزاهب دیاریکردبوو، بەڵام حوکمەکەی لەدوای ئیستعلام هەڵپەسێردرا و رێگری لێکرا.
جەلال جەلالیزادە لەیەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند ئەو کابینەیە هەمووانی بێ هیواکردووە. ئەو لەیەکەم کاردانەوەدا بە تەوسەوە داوای لە کابینەی پزیشکیان کرد، ئێستا کە کورد یان سوننە مەزهەبێکیان بۆ وەزیربوون بە رەوا نەزانیوە، کەواتا وەزیرێکی سوننە مەزهەب بۆ کاروباری فەڵەستین دابنێن! بەگوتەی جەلالیزادە ئەو لیستەی وەزیران هیچ پەیوەندییەکی بە هیواو ئاواتەکانی خەڵکەوە نیە. بە رای ئەو پزیشکیان ئاوێکی ساردی بەسەر هیواکانی ئەوان داکردووەو هۆشداری ئەوەش دەدات کە ئەو دۆخە کاریگەری باشی نابێت.
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی بە تووندی رەخنەی لە مەسعوود پزیشکیان گرتووە، جەلال مەحموودزادە نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیسی ئێرانە، ئەگەرچی مەحموودزادە کەمپەین و ستادی بۆ پزیشکیان لە مەهاباد دانەنا، بەڵام لەکاتی هاتنی پزیشکیان بۆ سنە پێشوازی لێکرد، لە میدیاشدا پشتیوانی خۆی لێ راگەیاند. مەحموودزادەش دوای بڵاوبوونەوەی لیستی کابینەی پزیشکیان هەڵوێستی گرت و لە هەژمارەکانی سوشیال میدیای خۆیدا رایگەیاند:" هەستی بێ هیوایی و نائۆمێدی باڵی بەسەر کوردەکان و سوننە مەزهەبەکاندا گرتووە." بەرای مەحموودزادە کوردەکان و سوننە مەزهەبەکان بەهیچ شێوەیەک نەیاندەویست بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکەن، بەڵام پزیشکیان بە بەڵێنی زۆرو باسکردن لە تەبعیزی موسبەت بەشێکیانی فڕیو دا و هەندێک هاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیسی ئێران ئەو پرسیارەشلە پزیشکیان کردووە:" ئێوە کە دەڵێن لەگەڵ کوردەکان گەورە بوونە، بۆچی وەزیرێکتان پێ رەوا نەدیتووە؟"
ئەگەرچی هەر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، بەشی زۆری نوخبەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنی کوردستان هۆشداریان بە بانگەشەکەرە کوردەکانی ئەو هەڵبژاردنە کردبوو، کە مەسعوود پزیشکیان تەنیا بەڵێن دەدات و وەکوو بانگەشە بەکاری دەهێنێت، نە ویست و نە توانای ئاوردانەوە لە خواستی کوردەکانی نیە. لەگەڵ ئەوەش ئیسلاحتەڵەبە کوردەکان هەر لە بانگەشەکردن بۆ پزیشکیان بەردەوام بوون. ئێستا لەگەڵ ئاشکرابوونی لیستی کابینەی پزیشکیان، بەشێک لەوان دان بە هەڵەکەیان دادەنێن. ئیبراهیم عوسمانی یەکێک لە چالاکە مەدەنییەکانی پارێزگای ورمێ، رایگەیاندووە کە بەڵێنەکانی پزیشکیان بە کورد و سوننە مەزهەبەکان رێکەوتنی بەسەرچوونی هەبووەو ئێستا ئیتر کاری پێ ناکرێت. بە رای ئەو دەرکەوت بەڵێنەکان تەنیا بۆ بانگەشەو راکێشانی خەڵک بووەو هیچ بنەما و پرۆژەیەکی بۆ جێبەجێکردنی لەپشت نەبووە. بەرای ئیبراهیم عوسمانی ئەزموونی ئەمجارە، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی دیکە دادەنێت و چیتر نابێ بەڵێنەکان کاریگەری لەسەر خەڵکی کوردستان دابنێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش، وێرای هەموو ئەو رەخنەو گلەییانەی ئیسڵاحتەڵەبە کوردە سوننە مەزهەب و بانگەشەکەرەکانی پزیشکیان لە کوردستان دەیکەن، کوردێکی شیعە مەزهەبی لەدایکبووی کرماشان پۆستێکی باڵای وەرگرتووە. مەسعوود پزیشکیان پێشوەختە بە حوکمێک دکتور محەمەد جەعفەر قائیم پەنایی وەکوو جێگری جێبەجێکاری خۆی و بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆماری دیاری کردبوو. بەڵام ئەو پۆستەش زۆر کەمترە لەو پۆستانەی بە کوردە شیعە مەزهەبەکان لە کابینەکانی دیکە دەدران، چوونکە لە کۆی ١٩ وەزیری پێشنیارکراودا، هیچ کوردێک چ شیعە و چ سوننە دیاری نەکران.
بەپێی قانونی ئەساسی (دەستوور)ی ئێران، ئەگەر ژمارەی کوردەکان لە کابینەی دەوڵەت و لە بەرزترین دەسەڵاتی بەرێوەبەری ئێرانیشدا بن، ناتوانن هیچ بۆ داخوازییە سیاسی، مەدەنی و تەنانەت کەڵتوورییەکانی کوردستان بکەن. چوونکە یاساکانی ئێران، هەبوونی کورد وەکوو نەتەوە یان شوناسێکی تایبەت بە فەرمی ناناسێت، لەگەڵ ئەوەش تەنانەت ئەو ئیسڵاحتەڵەبە کوردانەیش کە بەڵێنی پۆستیان پێدرابوو، بەسەر هەواری خالی-دا کەوتن و نە بوونە وەزیر و نە لەدەستەکان و موعاونەتەکاندا پۆستیان پێدرا!
ئێستا و وەکوو هەمیشە ئیسڵاحتەڵەبە کوردەکان، لەهەردوو دینەکە بوونە. لەلایەک لەلایەن بزاڤی کوردستان بە کەسانێکی سەر بە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەیر دەکرێن، تەنانەت بەشێکیان بە ناپاک بە نیشتمان دەناسرێن، لەهەمان کاتدا رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی کوردبوونیان هیچ پۆستێکیان پێ رەوا نابینن، هەر بۆیە ئەوان لەمێژە کوردستانیان چووەو ئێرانیش تەنیا وەکوو بانگەشەکار بەکاریان دەهێنێت و پۆستی باڵا و تەنانەت نێوەنجیشیان پێ نادات.