کۆمیتەی رەگەز و کەمینەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا باس لە پێشێڵکارییەکانی سەر کەمینە ئەتنیکییەکان لەلایەن حکومەتی ئێران دەکات و داوای بەدواداچوونی بەپەلە بۆ ئەو پرسە دەکات.
رۆژی هەینی ٢٣ی ئەگۆست کۆمیتەی رەگەزو کەمینەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەسەر دۆخی کەمینە ئەتنیکی و مەزهەبییەکانی ئێران بڵاوکردووەتەوە. لەراپۆرتەکەدا هاتووە کە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ هەتا سێپتەمبەری ٢٠٢٢ و لەچوارچێوەی خۆپێشاندانەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، پێشێڵکاری زۆر بەرامبەر کەمینە ئەتنیکی و مەزهەبییەکانی ئێران کراوە. لەراپۆرتەکەدا هاتووە تووندوتیژی ناوەندە حکومییەکانی ئێران لەو پارێزگایانەی ئەتنیک و مەزهەبە جیاوازەکانی تێدان، بەرامبەر بە شوێنەکانی دیکەی ئێران زۆر زیاتر بووە.
کۆمیتەکە داوا دەکات، بەپەلە لێکۆڵینەوەی بێ لایەنانە و شەفاف لەسەر پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ بەرامبەر ئەو کەمینانە لە ئێران بکرێت. بەپێی راپۆرتی ئەو کۆمیتەیەی رێکخراوی مافی مرۆڤ پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو کەمینانە ڕوون و ئاشکرا نیەو دادپەروەری تێدا نیە. هاوکات باس لە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی هەرەمەکی هاووڵاتیان لە ناو کەمینە مەزهەبی و ئەتنیکییەکانی ئێران دەکات. بەپێی راپۆرتەکە حکومەتی ئێران بەشێکی زۆر لەو پێشێڵکاریانە لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر دەکات.
کۆمیتەی رەگەزو کەمینە ئیتنیکی و مەزهەبییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات بەپەلە سزای لەسێدارەدان لەئێران رابگیرێت و پرۆسەیەکی دادپەروەرانەو شەفافی دادگاییکردن دەست پێبکات.