هەوڵەکانی هەر سێ لایەنی کۆمەڵە سەرکەوتوو نەبووەو کەمپەکانی ئێستایان دەبێ چۆڵ بکەن. جگە لە بافڵ تاڵەبانی، تەنانەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش ئامادە نەبووە، نوێنەری ئەو سێ لایەنەی کۆمەڵە ببینێت و، بە نەشیاویش مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
گوشارەکانی سەر کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەو سێ لایەنە ناچار کراون، کەمپەکانی زرگوێز، زرگوێزەلەو بانە گەورە چۆڵ بکەن و هەر سێکیان بەیەکەوە لە شوێنێکی دیکە نیشتەجێ بکرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان کە ناوی لەلای رۆژهەڵات نیوز پارێزراوە، رایگەیاند کە گوشارەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڕەشەی ئەوەی لێکردوون، کە ئەگەر بەزووترین کات کەمپەکان چۆڵ نەکەن و نەچنە شوێنی دیاریکراو، خۆیان دێن و بە زۆرەمڵێ ئەو کارە دەکەن. بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، وەفدەکەی سێ لایەنی کۆمەڵە بەناچاری قبووڵیان کردووەو چۆڵکردنی کەمپەکانیش لە ئان و سات دایە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، نوێنەری هەر سێ لایەنی کۆمەڵە کە سێ کەسیان بڕیتیی بوونە لە سەید ئیبراهیم عەلیزادە، رەزا کەعبی و عەبدوڵڵا ئازەربار لەدوا دیداریاندا لەگەڵ جێگری قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق کۆبوونەتەوە، کە ئەو کەسە ئەندامێکی باڵای حەشدی شەعبیە.
ئەوەی کە بۆچی نوێنەری ئەو سێ لایەنە لەگەڵ جێگری قاسم ئەعرەجی کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ناچاری کردوون کە ئەو کارە بکەن. سەرچاوەکەی رۆژهەڵات نیوز، روونیکردەوە کە لەدوا کۆبوونەوەی هەر سێ لایەنی کۆمەڵە کە سەید ئیبراهیم عەلیزادە قسەکەری بووە، داوا لە ئاسایشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کراوە کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ببینن، بۆ ئەوەی گڕەنتییەک وەربگرن. بەڵام بافڵ ئامادە نەبووە کە بیانبینێت. دواتر وەفدەکە داوای چاوپێکەوتن لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کردووە، بەڵام ئەوانیش ئامادە نەبوونە کە نوێنەرانی سێ لایەنی کۆمەڵە ببینێت. هەر بۆیە کۆبوونەوە لەگەڵ جێگری قاسم ئەعرەجیان بەسەردا سەپاوەو لەوێش راستەوخۆ هەڕەشە لە کۆمەڵەکان کراوە کەدەبێ بەزوویی کەمپەکان چۆڵ بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، بڕیارەکە لە ئاستی عێراقیشدا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی واژۆیان لەسەر چۆڵکردنی کەمپی زرگوێز و گواستنەوەیان بۆ کەمپی سورداش کردووە. کەمپی سورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارە عێراقییەکان دروستکرابوو، ئەوانەی دوای هێرشی داعش روویان لە کوردستان کردبوو. ئەو کەمپە هیچ خانوو و ئیمکاناتێکی ئەوتۆی تێدانیە، نزیکەی ٤٠٠ کانێکس یان خانووی پڵاستیکی تێدایەو جۆرێک لەژێر چاودێری ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا دەبێت.
گوشارەکانی سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی تەنیا لە گواستنەوەی کەمپی کۆمەڵەکان کورت نەکراوەتەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە لەمەو بەدوا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆیان نیە، نوسینگەو دەفتەریان لە سلێمانی هەبێت، هاوکات ئەندام و پێشمەرگەکانیان ناتوانن لەناو شاری سلێمانیدا بمێننەوەو دەبێ هەموویان بچنە کەمپی سورداشت.
یەکێک لە ئاگادارەکانی کۆبوونەوەکانی سێ لایەنی کۆمەڵە لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم و عێراقی ئاشکراشیکرد، کە گرژی و ناخۆشیی لەنێوان هیچ یەک لەو سێ لایەنەی کۆمەڵە نەماوەو رەتیشیکردەوە کە گرفتی ئەوان ئەوە بێت کە بەیەکەوە لە کەمپێکدا بن. بەڵام بەرای ئەو باسەکە باسی مان و نەمانە، چوونکە گوشارەکان و بەرتەسککردنەکان لەلایەن بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی و لایەنی عێراقی گەیشتووەتە ئاستێک کە بۆ قبووڵکردن نابێت، بەڵام ئێستا ناچارن قبووڵی ئەو گوشارانە بکەن، چونکە ئەگەر ئەو کارە نەکەن، لەگەڵ لایەنێکی کوردی تووشی حاڵەتێکی نەخوازراو دەبن و هاوکات ئەگەری پەلاماردانێکی دیکەی سەربازیش لەلایەن ئێران و دەستوپەیوەندییەکانی بۆ سەر کەمپەکانی ئێستا دوور نیە، هەربۆیە بەناچاری قبووڵیان کردووە، بچنە کەمپی سورداش.