Weather widget for website
بەهۆی هەڵاواردن، فارسەکان یەکەمی کۆنکوری ئێرانن

بەهۆی هەڵاواردن، فارسەکان یەکەمی کۆنکوری ئێرانن

10 . خەرمانان . 2724

رۆژهەڵات نیوز

رۆژی شەممە ٨ی خەرمانان ناوی ئەو کەسانەی لە تاقیکردنەوەی کۆنکور (دەرچوون بۆ زانکۆ) لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە. بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژهەڵات نیوز، لە ١٥ کەسی یەکەمی کۆنکوری ئەمساڵ لە پێنج بەش ١٣ کەسیان فارس بوونە، کەسێک خەڵکی تەورێز و کەسێکیش خەڵکی بەندەر عەباس بووە.


بەر لەوەی ناوی هەموو دەرچووەکان بڵاوبکرێتەوە، راگەیاندنەکانی ئێران ناوی ١٥ کەسی یەکەمیان بڵاوکردەوە، ئەو کەسانە سێ کەسی یەکەمی بەشەکانی بیرکاری، زانستە مرۆییەکان، زانستی تەجروبی، هونەر و زمانی بیانیی (خارجییەکان) بوون. لەو ١٥ کەسە ١٣ کەسیان فارس  و هی پارێزگاکانی تاران، مەشهەد، ئیسفەهان و یەزد بوون. کەسێک هی پارێزگای تەورێز و تورکی ئازەری و کەسێکیش هی پارێزگای بەندەر عەباس بووە. 

لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵیش خوێندکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پلەی ژێر سەد، پلەی باشیان بەدەستهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تەرخانکرانی زۆرینەی رەهای پلەکانی یەکەم بۆ فارسەکان کاردانەوەی لێکەوتووەتەوەو شارەزاو چاودێران باس لە هۆکاری جیاواز دەکەن. (م.ه) ماموستای یەکێک لەقوتابخانەکانی دوا ناوەندی سنە بە رۆژهەڵات نیوزی گوت کە دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو دۆخە هەن. بەرای ئەو نەخوێندن بە زمانی دایکی کاریگەرییەکی راستەوخۆی لە کۆی پرۆسەی خوێندنی خوێندکاران هەیە، هەربۆیە فارسەکان کە زمانی دایکیان و زمانی خوێندنیان یەکە، زۆرتر دەتوانن لە تاقیکردنەوەکاندا سەربکەون.

ئەو ماموستایە، باس لە هۆکارێکی دیکەش دەکات، بەرای ئەو کوالێتی قوتابخانەکانی پارێزگا فارس نشینەکان زۆر باشترە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران، هاوکات ماموستا (م.ە) ئەوەشی روونکردەوە کە پارەیەکی زۆر لە تاران، مەشهەدو ئیسفەهان لە ناوەندەکانی راهێنان بۆ کۆنکور خەرج دەکرێت و لە پارێزگاکانی دیکە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری ئەو ئیمکانە بۆ خوێندکاران نیە.

لەگەڵ ئەوەی ١٣ کەس لە ١٥ کەسی یەکەمی کۆنکوری ئەمساڵی ئێران فارس ولە پارێزگا فارسەکانن. ئەمساڵیش‌ لەکوردستان خوێندکارە کوردەکان بە ماندووبوونی خۆیان پلەی باش و نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە. بۆ نموونە لە جوانرۆ ئاراس مورادی روتبەی ٥ی زانستی تەجروبی بەدەستهێناوە، یان جەواد جەلیلیان لە کرماشان پلەی ٧ی لە بەشی زانستە مرۆییەکان بەدەستهێناوە، سپێدە ئەحمەد جەنگی لە بۆکان لە دوو بەشدا پلەی باشی بەدەستهێناوە، لە زمانە خاریجییەکان پلەی ١٣ و لە زانستی تەجروبیش پلەی ٣٥ی بەدەستهێناوە. دەریا مستەفازادە لە مەهابادیش‌ پلەی ٣٨ی لە بەشی هونەر بەدەستهێناوە.






0

ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی شۆرشگێر سەبارەت بە ڕاگوێزرانی بارەگاكانیان
حدکا: بێهزاد خوسرەوی ئەنداممان بووەو رادەستی ئێران کراوەتەوە
راگەیاندنی پاک، لەسەر گووشارەکانی سەر حیزبەکان
راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە سەر راگواستنیان بۆ سورداش
بەهۆی هەڵاواردن، فارسەکان یەکەمی کۆنکوری ئێرانن
ئێران لەدرووستکردنی چەکی ئەتۆم نزیک بووەتەوە