Weather widget for website
راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە سەر راگواستنیان بۆ سورداش

راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە سەر راگواستنیان بۆ سورداش

17 . خەرمانان . 2724

ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
سەبارەت به بڕیاری گواستنەوەی ئۆردوگای کۆمەڵە
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!
نزیکەی دوو ساڵ لەوەپێش که ئێران و عێراق پەیمانێکی به ناو ئەمنییەتی له نیوان خۆیان و به ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد، گوشارەکان و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خێراییەکی زۆرتری له خۆ گرت. ئاشکرایە که ئەم به ناو هاوپەیمانە هەمووی بۆ دژایەتی و گوشار خستنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە که ساڵانێکە ناوەندی رێبەریی و ئۆرگانەکان و هێزی پێشمەرگەیان لە باشوری کوردستانە و چالاکیەکانیان بەرەو پێش بردووە.
هەر له پاش ڕاپەڕینی کوردستانی باشوور له بەهاری ١٩٩١ و ڕاونانی هێزی داگیرکەری بەعس، کۆماری ئیسلامی له باشووری کوردستان له ڕێگای دەستوپێوەند و سیخۆر و بەکرێگیراوانی خۆی، دەستی کرد به تیرۆر و ڕفاندن و کوشتنی سەدان ئەندام و پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ، لەم ساڵانەی دوایشدا بە دڕۆن و موشەکبارانی بارەگای حیزبەکان درێژەی بەم سیاسەتەدا. بوونی حزبەکانی رۆژھەڵات له باشوور بۆ بزووتنەوەی کوردستان له ڕۆژهەڵات گرنگییەکی حاشاهەڵنەگری بووە و وەک چەقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕژیمەی ئازار داوە. هەر بۆیە هێرش و پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکان قەد ڕانەوەستاوە و هەر کات هەلومەرجی لەباری بۆ ڕەخساوە تاوانی ئەنجامداوە.
گوشارەکانی دوو ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حزبەکان و به تایبەت پاش بەستنی پەیمانی به ناو ئەمنییەتی خێراتر و دڕندانەتر بووە. خێرایی ئەم گوشارانە چەندین ھۆکاری هەیە که گرنگترین و سەرەکی ترینیان کاریگەری و نفوزی حیزبەکانی رۆژھەڵات لەسەر رێکخستن و یەکڕیزی خەڵکی کوردستانە کە لە مانگرتنە گشتییەکان و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لەساڵانی رابردوو بەرجەستەبوو و، لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا گەیشتە لوتکە. هەر بۆیە رژیمی کۆماری ئیسلامی پێیوایە بە گوشارخستنە سەر حیزبەکان دەتوانێت ناڕەزاییە جەماوەرییەکان کۆنتڕۆڵ بکات بە فەرزکردنی سیاسەتەکانی بەسەر دەسەڵاتی عێراق و ھەرێم سەرپۆشێک لەسەر قەیرانێکی قوڵتر و گەورەتر دابنێت که ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵدێر و نەمان دەبات:
١- شۆڕشی ژینا که له کوردستانەوە سەری گرت و به خێراییەکی بەرچاو سنوورەکانی به جێهێشت و جیهانیی بووەوە، هەم کوردستانی کردە سەنگەرێکی بەهێزی بەرخۆدان و هەم حیزبەکانیشی کردە مەرجەعی سیاسی و هەم ڕابەران و کادرەکان و هێزێکی بەرچاوی له رێبەرانی مەیدانی له ناوخۆ هێنایەوە لوتکە و جەرگەی خەباتێکی جەماوەری کەم وێنە، بەهێز، مەدەنی و نوێ.
کۆماری ئیسلامی وێڕای جەنایەتەکانی له شۆڕشی ژینا، نەیدەتوانی ناڕەزاییەکان سەرکوت بکات و باش دەیزانی ئەگەر ئەمجاریش شۆڕشەکە له گڕوتین بکەوێ، جارێکی تر سەرهەڵئەداتەوە و حزبەکان و کادرەکانی و سەدان و هەزاران لیدری مەدەنی و کۆمەڵایەتی دەکەونەوە ناو گۆڕەپان و شەپۆلەکانی شۆڕش و ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن. کۆماری ئیسلامی دەزانێ شۆڕشی ژینا به هێزتر و ڕێکخراوتر و هیوابەخشتر دەسپێدەکاتەوە. هەر بۆیە زۆر بە پەلەیە پێش گەیشتن به دووهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا حیزبەکان سەرقاڵ بکات و تۆوی ناهومێدی و نیگەرانی بڵاوبکاتەوە.
٢- کۆماری ئیسلامی قوڵترین قەیرانی دەسەڵات، سیاسی و حاکمییەت و مەشروعییەتی هەیە. ترس و دڵەڕاوکێ له هەستانی جەماوەری کە لەم ساڵانەدا مەودای نێوانیان کەم و کەمتر بوەتەوە، سەرتاپای دەسەڵاتی ئیسلامی داگرتووە. دەور و ڕۆڵی کوردستان و حزبەکانی له بەهێزترکردن و گەشەی ناڕەزاییەکان و شۆڕشەکان له ئێران و به تایبەت له ناو نەتەوەکان بەرچاو بووە و کۆماری ئیسلامی ناتوانێ له بەرچاوی نەگرێ.
٣- نفوزوی دەزگا سیخوڕییەکانی وڵاتان بەتایبەت له ناو دامودەزگاکانی سەرەوەی رژیم و وەها ریسوایی بۆ کۆماری ئیسلامی بەبار هێناوە که تەنانەت باڵاترین ئۆرگان و دەسەڵاتی رژیم ناچارن باسی بکەن. بەڵام کۆماری ئیسلامی که عاجزە له دەربازبوون لەم ریسوایی ئەمنیەتییە، هێرشی بۆ سەر حیزبەکانی رۆژھەڵات له باشوور چڕتر کردوە و وەک بنکەی ئیسرائیل ناویان دەبات و چەندین جاریش هێرشی هاژەکی بۆ سەریان ئەنجام داوە.
٤- هەلومەرجی هەرێمی کوردستان، هاتنە ناو خاکی هەرێم له لایەن سوپای داگیرکەری تورکیە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و دابەشبونیان به سەر دوو ڕەوتی زۆر جیاواز، ئاستەنگەکانی بەردەم هەرێم و لاوازبوونی له بەرامبەر بەغدا، هەم مەیدانی بەرفراوانتری بۆ حوزووری کۆماری ئیسلامی کردوەتەوە و هەم توانایی ئیمتیاز وەرگرتنی له هەر کام له ھێزەکان بردوەتە سەرێ و مەیدانی مانۆڕی بەرفراوانتر کردووە.
٥- پاش شەڕی غەزە و ئیسرائیل که له ڕاستیدا شەڕی کۆماری ئیسلامیشە، ئاستەنگەکانی بەردەم حوزوور و مانۆڕی کۆماری ئیسلامی له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەربینی ئەم رژیمەی توند گرتووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ کزتر، ریسواتر و عاجزتر دەبێ له کاردانەوە که بەرپرسانی باڵای هەر ڕۆژە نائومێدانە دووپاتی دەکەنەوە. کۆماری ئیسلامی ئەم مانوڕە بچوکانەی له سیاسەت و له ملهۆڕی و نیشاندانی زەبر و زەنگ له عێراق بۆ ماوەتەوە. کۆماری ئیسلامی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی و هەنییە و دەیان فەرماندەی خۆیی لەم چەند مانگە له دەستداوە، بەڵام بێدەنگی یا هاواری عاجزانەی هەڵبژاردووە و، لەبەرامبەردا هێرش بۆ سەر هەرێم و حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان وەک جوڵەیەک بۆ داپۆشینی شکستە سیاسی، نیزامی و ئەمنییەتیەکانی خۆیی گرتوەتە پێش.
٦- هەرێمی کوردستان و به تایبەت یەکێتی نیشتمانی که حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆرتر له سنووری ئەودا نیشتەجێن له بەرانبەر ئەزموون و تاقیکردنەویەکی کەم وێنە و مێژووییدا قەراریان گرتووە. هەرێمی کوردستان و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هێشتا مەودا و ئیمکان و هێز ئەوەیان هەیە که ڕۆڵی پۆزەتیڤی خۆیان بگێڕن.
هەر وەک چۆن کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر له سەرەتاوە پشتیوان و هاوکاری هەرێم بوون و له شایی و سەرکەوتنەکانی شاییان گێڕاوە و له گرفت و دژواریەکانیان خۆیان به هاوبەش زانیوە و ، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش بەرژەوەندییەکان هەرێمیان ڕەچاو کردوە و دەرکی بارودۆخی هەرێمیان کردووە، پێوستە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستانیش وردتر و بەرپرسانەتر بڕواننە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان که هەموو ئاماژەکان پێمان ئەڵێن له ئاستی زۆر بەرین، جەماوەری ملیۆنی و به ئاگاهی و زانستی زۆرترەوە له ڕێدایە. هەرێمی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی زەرفییەت و هێزی ئەوەیان هەیە که چیدی ڕێگا به زیادەڕۆیی کۆماری ئیسلامی نەدەن.
کۆمەڵە له بەردەم ئەزمونێک ڕاوەستاوە که به بێ هیچ گومانێک رووسوور و سەرکەوتوو دەێتە دەر. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەم قۆناخە ئەم ئەرکە گرنگانەی له بەر دەمدایە و دەبێ هەنگاوی ژیرانە و له سەرخۆ، هەڵگرێ:
- بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد له ڕۆژهەڵات له بەهێزترین قوناغی خۆیدا بە سەر دەبات. گۆڕینی شوێنی ناوەندی رێبەریی کۆمەڵە نابێ ئێمە له ئەرکەکانمان له ناوخۆیی وڵات غافڵ بکات. هێرش بۆ سەر حیزبەکان له باشوور نه کۆتایی بزووتنەوەی کوردە و نه توشی ڕاوەستانی دەکات.
- ئەم قوناغە به یەکڕیزی ناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و به تایبەت رێبەرییەکەی ئاسانتر و به دەسکەوتتر تێپەڕ دەبێت. بارهێنانی ڕیزەکانمان و ئامادەکردنیان بۆ حوزووری چالاکانە و کاریگەر له شۆڕشەکانی داهاتوو وێڕای هەر هەلومەرجێک راناوەستێت و روو لەگەشە دەبێت.
- دانانی پلانی تۆکمە و روون بۆ درێژەپێدان به کاری ئۆرگانەکان له رێبەرییەوە تا ڕاگەیاندن و رێکخستنی نهێنی و فەراهەم کردنی ژینگەی پێشمەرگانە و ڕاگرتنی هێما و سیماکانی و چالاکیەکانمان له دەرەوەی وڵات، ئەرکی سەرکیمانە.
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ھەوڵەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی بەرەی نیشتمانی و کوردستانی (که نەبونی یەکێک له هۆکارەکانی داسەپاندنی ئەم وەزعەیە) چڕتر دەکاتەوە.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٦ی خەرمانانی ١٤٠٣
٦ی سێپتامبێری ٢٠٢٤



0

ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی شۆرشگێر سەبارەت بە ڕاگوێزرانی بارەگاكانیان
حدکا: بێهزاد خوسرەوی ئەنداممان بووەو رادەستی ئێران کراوەتەوە
راگەیاندنی پاک، لەسەر گووشارەکانی سەر حیزبەکان
راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە سەر راگواستنیان بۆ سورداش
بەهۆی هەڵاواردن، فارسەکان یەکەمی کۆنکوری ئێرانن
ئێران لەدرووستکردنی چەکی ئەتۆم نزیک بووەتەوە