خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! هەروەک ئاگادارن لە دڕێژەی هێرش و گوشاری دوو ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی کۆمەڵە، حکومەتی بەغدا و کاربەدەستانی ئیدارەی سلێمانی لە هەرێم بڕیاریان داوە بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێزەوە بۆ سورداش ڕابگوازرێت و لە ئێستاوە سەرەتای ئەو راگواستنە دەستی پێکردووە. ئێمە وێرای مەحکووم کردنی ئەو بڕیارە نادۆستانە و بێ پاساوە کە لەژێر فشاری ئێراندا دراوە، لەو پێوەندەدا بەپێویستی دەزانین هەڵوێستی کۆمەڵە لەو خاڵانەی خوارەوەدا بخەینە ڕوو. ١_ کۆمەڵە بە درێژایی بوونی بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان،یارمەتیدەری خەباتی خەڵک و حیزبە سیاسیەکان و بزوتنەوەی کوردستان لە باشوور بووە و هەرگیز لە دەورەی زەبروزەنگی رژیمی بەعسیشدا نەچوەتە ژێر باری پیلان و گوشارەكانی ئەو رژیمە. لەبیرمان نەچێتەوە کە کۆمەڵە ڕێک لەبەر هاوکاریی یەکێتی نیشتمانی و تێکۆشەرانی دیكەی کوردستانی عێراق چەندین جار کەوتە بەر بۆمباران و کیمیابارانی بەعس و دەیان شەهیدی لەو پێناوەدا داوە. کارنامەی نیشتمانپەروەریی کۆمەڵە لەو بارەیەوە شەفاف و بێ هیچ پەڵەیەکی رەشە. بە هۆكاری لەمجۆرەشە كە لە ناو جەماوەر، تێکۆشەران، ڕوناکبیران و هێزە سیاسیەکان پێگەیەکی بەهێزی بۆخۆی دەستەبەر کردووە. ٢_ لە شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی(ژینا) بەملاوە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا هێرشی موشەک و درۆن، تیرۆر و ئیعدامی کۆماری ئیسلامی بەدژی کۆمەڵە بەردەوام درێژەی هەبووە، بەڵام نەک هەر پێگەی کۆمەڵەی لەنێو خەڵکی کوردستاندا لاواز نەکردوە، بەڵکوو بەردەوام خۆشەویستی و نفوزی جەماوەریی کۆمەڵە لە هەڵکشاندا بووە. گومانی تێدا نییە کە جێگۆڕکێی ئۆردوگا لەم شوێن بۆ ئەو شوێنیش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی بەربڵاو و فرەلایەنی کۆمەڵە دانانێت و لە تەوژم و مەودای خەباتی کۆمەڵە دژ بە کۆماری ئیسلامی نەك هەر کەم ناکاتەوە و ئەو جارەش کۆماری ئیسلامی سەری وەبەرد دەکەوێ و تەنیا قین و نەفرەتی زۆرتری خەڵکی کوردستان ڕووبەڕوی خۆی دەکاتەوە و بڕیاردەر و داڕێژەر و بكەری ئەو پیلانەی تێدا ڕیسواتر دەبێ. بەربەرەکانێی دوو ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە هێز و پێگەی سەرەکی ئێمە لە ناوخۆ و لە خەباتی بێ پسانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ٣- ئێمە داوا لە هەموو تێکۆشەرانی ریزەکانی کۆمەڵە، هەموو رێکخستنەکانی نێوخۆ، هەموو پێشمەرگە و ئەندامان، هەموو دۆستان ودڵسۆزان و بەگشتی هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین کە بە ورەیەکی بەرزتر لە هەمیشەوە درێژە بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بدەن و بە پشتگیریی و هاوکاریی زیاتر لە کۆمەڵەی خۆیان، وڵامی پڕۆپاگەندەی درۆیینی رژیمی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە. كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاویی ڕێكەوتی ٧ی سێپتامبری ٢٠٢٤ زاینیی