ئەو دوو کەسەی دەسترێژی سێکسیان کردبووە سەر فەرید سادقی و ڤیدیۆیان لێ تۆمارکردبوو، دەستبەسەر کراون و پارێزەری ئەو کەیسە دەڵێ ئەگەری ئەوە هەیە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دیاری بکرێت.
چڵ رۆژ لەمەوبەر لە ٢٣ی گەلاوێژدا هەواڵێک کوردستانی شۆک کرد. کوڕێکی تەمەن ١٤ ساڵان لە تاران خۆی کوشتبوو، ئەو کوڕە ناوی فەرید سادقی بوو، خەڵکی گوندی چەمەقلووی شاری قوروەی پارێزگای سنەیە، بەڵام لە تاران خۆی کوشت.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و ئەو وێنەو دەنگانەی لە مۆبایلەکەیدا هەبوون، دەرکەوت کە لە گوندەکەیان دوو کەس بەناوەکانی حەسەن تەهماسمپی و کوهیار عەباسی دەسترێژی سێکسیان کردووەتە سەر فەرید و ڤیدیۆیان لێتۆمار کردووە. چەندی جاری دیکەش هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەیان لە فەرید کردووەو ڤیدیۆکەیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی چەندین جاری دیکەش دەسترێژی بکەنەوە سەر فەرید. هەر ئەو گوشارە دەرونییە وا لە فەرید دەکات کە لەکۆتاییدا لە تاران خۆی بکوژێت.
فەرید بە منداڵی و بەناچاری کاری قورسی کردووە، حەسەن تەهماسپی و کوهیار عەباسی ئەو دوو کەسەی دەسترێژیان کردووەتە سەر فەرید، هەردووکیان مەوادفرۆش و حەسەن ئەندامی سوپای پاسدارانیش بووەو هەر لەو رێگەیەشەوە هەڕەشەی لە فەرید کردووە.
بەڵام دوای ئەوەی فەرید خۆی کوشت و هەواڵ و وردەکارییەکان لەمیدیاکان بڵاوکرانەوە، دەسترێژیکارەکان دەستبەسەر کراون. ئێستا دوو پارێزەر بەناوەکانی یونس قوبادی و ئەفشار خالیدیان کار لەسەر پەروەندەی فەرید سادقی دەکەن. ئەو دوو پارێزەرە لەیەکەم لێدوانیاندا رایانگەیاندووە کە دوو تۆمەتباری سەرەکی دەستبەسەر کراون و لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکانی بەندیخانەی سنە راگیراون. هاوکات کەسێکی دیکەش بەناوی "ع، ح" دەستبەسەر کراوەو دوو کەسیش بەهۆی ئەوەی تەمەنیان لەژێر تەمەنی یاساییە هەتا رۆژی دادگاییکردن بە وەسیقە ئازاد کراون.
یونس قوبادی یەکێک لە پارێزەرەکانی دۆسییەی فەرید سادقی رایگەیاندووە کە تۆمەتباران بەپێی مادەی ٣٠٦ی ئاینی دادرەسی کە تاوانی جینسی دەگرێتەوە، دادگایی دەکرێن. ئەو پارێزەرە دەڵێ بەپێی ئەو مادەیەو بەهۆی ئەوەی فەرید مێرمنداڵ بووە، تاوانی جینسی بەرامبەر کراوەو هاوکات لەرووی شەرعی مەسەلەی لەواتیش لەئارادایە، هەربۆیە سزای بکەرانی دەتوانێ هەتا قەتڵ واتە لەسێدارەدانیش دیاری بکرێت.