1 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئەو فێلەی حکومەت و مەجلیس لە حوسێنزادە و سوننە مەزهەبەکانی کرد

ئەو فێلەی حکومەت و مەجلیس لە حوسێنزادە و سوننە مەزهەبەکانی کرد
5 . ڕەزبەر . 2724

رۆژهەڵات نیوز

مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران، داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی عەبدوڵکەریم حوسێنزادە نوێنەری شارەکانی شنۆ و نەغەدەی رەتکردەوە، ئەو بڕیارەی مەجلیس رێگە لە چوونی سوننە مەزهەبێک بۆ ناو کابینەی دەوڵەتی ئێران دەگرێت. 


مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێستای ئێران، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆری مانۆر لەسەر گرنگیدان بە کەمینە بە گوتەی خۆی مەزهەبی و قەومییەکان دا. سەردانی پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێی کرد و، چەندینجار بە زمانی کوردی خەڵکی هاندا کە دەنگی پێبدەن. هاوکات لە سیستان و بەلووچستانیش‌ گرەوی لەسەر پشتیوانیکردنی بەلوچ و بەگشتی سوننە مەزهەبەکان کردبوو. ئەوەش‌ وای دەرخست کە رەنگە بۆ یەکەمین جار پزشکیان تەنانەت وەزیرێکی سوننە مەزهەب دابنێت. 

بەڵام دوای ئەوەی ناوی وەزیرەکانی کابینەکەی بڵاوبوویەوە، هیچ‌ سوننە مەزهەب و تەنانەت کوردێکیشی وەکوو وەزیر تێدا نەبوو. ئەوەش کاردانەوەی ئەو سوننە مەزهەبانەی لێکەوتەوە کە لەناو کەمپەینی هەڵبژاردنەکانیدا بوون. جەلال جەلالیزادە و جەلال مەحموودزادە دوو نوێنەری پێشووی شارەکانی سنە و مەهاباد لە نووسین و لێدوانی جیاوازدا بێهیوابوونی خۆیان لە پزیشکیان و کابینەکەی راگەیاند. ئەوەش وایکرد لە کۆتاییدا مەسعود پزیشکیان عەبدوڵکەریم حوسێنزادەی وەکوو جێگری خۆی بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە گەشە نەکردووەکان دیاریکرد. 

لەگەڵ ئەوەی دەیان و سەدان پسپۆری دیکەی کورد و سوننە مەزهەب هەبوون بۆ ئەوەی ئەو پۆستەی پێ بدرێت، دیاریکردنی حوسێنزادە هەر لەسەرەتاوە دەریخست کە ئەوە پرۆژەیەکی ماناداری پزیشکیان بوو، بۆ ئەوەی لەهەر حاڵەتێکدا سوننە مەزهەبەکان و لە پارێزگای ورمێش کوردەکان بڕاوە نەبن. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار و چاڵاکوانێکی مەدەنی دیاری شاری ورمێ بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند، مەسعود پزیشکیان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی مەجلیسی ئێران عەبدوڵکەریم حوسێنزادەی وەکوو جێگری خۆی دیاریکردووە. بەگوتەی ئەو لەهەر حاڵەتێکدا کورد بڕاوەی ئەو بڕیارەی حکومەتی ئێران نابێت. چوونکە ئەگەر بەبێ‌ کێشە حوسێنزادە پۆستەکە وەربگرێت، ئاوا دەبێ واز لە مەجلیس بهێبێت و بەمشێوەیە ئەگەری ئەوەی تورکێکی ئازەری لە جێگەی ئەو دابنێن، یەکجار زۆرە. چوونکە حوسێنزادە لە نەغەدەو شنۆ کە تێکەڵاوییەک لە ئازەری و کوردن دەنگی هێنابوویەوە. ئەگەر ئەوەش‌ رووبدات بۆ کورد باش نابێت. 

هاوکات سیناریۆیەکی دیکەش‌ هەماهەنگی نێوان پزیشکیان و قالیباف بوو. مەسعود پزیشکیان بۆ ئەوەی گوشارەکان لەسەر خۆی لابەرێت، بە هەماهەنگی سەرۆکی مەجلیسی ئێران کەسێکی بۆ ئەو پۆستە دیاریکردبوو، کە لەکۆتاییدا مەجلیس دەنگ بە دەستلەکارکێشانەوەکەی نەدات و بەمشێوەیە هەم رێگە لەچوونی سوننە مەزهەبێک بۆ کابینە بگرن و هەمیش‌ گلەییەکان لەسەر کابینەی پزیشکیان لابەرن. 

زۆرینەی بناژۆخوازەکانی مەجلیسی ئێران بە پاساوی ئەوەی کە نابێ ئەندامی مەجلیس واز لە پۆستەکەی لەپێناو کابینەی حکومەتدا بهێنێت، دەنگیان بە دەستلەکارکێشانەوەی عەبدوڵکەریم حوسێنزادە نەدا. ئەوە لەکاتێکدایە لە کابینەی پێشوودا لانیکەم ٥ ئەندامی مەجلیس پۆستی حکومەتیان پێدرا و مەجلیسیش دەنگی بە دەستلەکارکێشانەوەیانی دا، لەهەموویان دیارتر ئەمیرحوسێن قازی زادەی هاشمی کە لەگەڵ‌ ئەوەی ئەندامی مەجلیس بوو، بەڵام کرایە وەزیری کاروباری شەهید و ئیسارگەرەکانی ئێران.