1 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

حەسەن نەسروڵڵا کێ بوو؟

حەسەن نەسروڵڵا کێ بوو؟
7 . ڕەزبەر . 2724

پێش نیوەرۆی ئەمرۆ شەممە حیزبوڵڵای لوبنان بەفەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی رێکخراوەکەی راگەیاند، سەر لەبەیانی سوپای ئیسرائیل بەفەرمی رایگەیاندبوو کە نەسروڵڵای کوشتووە.


ئێوارەی رۆژی هەینی ٦ی رەزبەر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند زیاتر لە ٦ بینای حیزبوڵڵایان لە باشووری بەیروت کردووەتە ئامانج، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەو ڤیدیۆکان دەرکەوت کە سەرجەم بیناکان خاپوور کراون. هەر زوو ئیسرائیل رایگەیاند ئامانجیان کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا بووە، نەسروڵڵا لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی حیزبوڵڵا و سوپای پاسداران بەشداری کردووە. لەگەڵ ئەوەی هەواڵەکان لەسەر کوژران و یان زیندووبوونی حەسەن نەسروڵڵا جیاواز بوون، بەڵام سەر لەبەیانی ئەمرۆ شەممە ٧ی رەزبەر سەرەتا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە حەسەن نەسروڵڵایان کوشتووەو دواتر حیزبوڵڵاش لە راگەیاندراوێکدا کوژرانی ئەمیندارەکەیانی پشتراست کردەوە. بەڵام حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی حیزبوڵڵای لوبنان کێ بوو؟

حەسەن نەسروڵڵا لە ساڵی ١٩٦٠ لە ناوچەی بورجی حەموودی لە دەورووبەری بەیروت لەدایکبوو، باوکی ناوی عەبدوڵکەریم و مارکێتی هەبووەو ئەندامی حیزبی سوسیال ناسیۆنالیستی سوریە بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەری ناوخۆی لوبنان لەساڵی ١٩٧٥، خێزانی حەسەن نەسروڵڵا ئاوارەی گوندەکانی دەورووبەری شاری سوور لە باشووری لوبنان دەبن.

دواتر حەسەن نەسروڵڵا هەر لە هەرەتی لاویەتی دەبێتە ئەندامی بزوتنەوەی ئەمەل، کە رێکخراوەیەکی سیاسی و سەربازی شیعەکان بوو. ئەو کاتەی لە بزوتنەوەی ئەمەل دا دەبێت، حەسەن نەسروڵڵا سەردانی عێراق دەکات و لەوێ لە شاری نەجەف لەگەڵ محەمەد باقر سەدر لە دامەزرێنەرانی حیزبی دەعوە ئاشنا دەبێت و هەر لەوێ‌ لەگەڵ کەسایەتییە شیعە مەزهەبەکانی لوبنان و بەتایبەت عەباس موسەوی ئاشنا دەبێت.

دوای گەرانەوەی بۆ لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا وەکوو نوێنەری سیاسی بزوتنەوەی ئەمەڵ لەناوچەی بەقا دەستبەکار دەبێت و هەر لەوێش دەبێتە ئەندامی دەفتەری سیاسی ئەو حیزبە. هەر زوو لە ساڵی ١٩٨٢ و لەتەمەنی ٢٢ ساڵیدا حەسەن نەسروڵڵا واز لە بزوتنەوەی ئەمەڵ دەهێنێت و دەبێتە ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان کە پێشتر لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرابوو. هەر ئەوەش وایکرد ساڵی ١٩٨٩ نەسروڵڵا سەردانی قۆم دەکات و دەست بە خوێندنی ئایینی دەکات. هەر لەوێش ئێران حەسەن نەسروڵلا پەروەردە دەکات و وەکوو بەشێک لە سوپای قودس مامەڵەی لەگەڵ دەکات و هەموو پشتیوانییەکیشی دەکات.

بەو پشتیوانیانەی ئێران، لەساڵی ١٩٩٢  و دوای ئەوەی عەباس موسەوی رێبەری ئەوکاتی حیزبوڵڵا دەکوژرێت، حەسەن نەسروڵڵا دەبێتە رێبەرو ئەمینداری گشتی ئەو رێکخراوەیە. 

حیزبوڵڵای لوبنان لەکاتی رێبەرایەتی حەسەن نەسروڵڵا، دەبێتە بەشێک لە سوپای پاسداران و پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە. ئێران پشتیوانی ماڵی و سەربازی زۆری حیزبوڵڵا دەکات، بەشێوەیەک کە ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بەو رێکخراوەیە دەدات و هاوکات بە هەزاران موشەکی لەرێگەی جۆراوجۆر بە حیزبوڵڵای لوبنان دا، بۆ ئەوەی هەڕەشەی پێ لە ئیسرائیل بکات. 

حەسەن نەسروڵڵا نزیکایەتی یەکجار زۆری لەگەڵ عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران هەبوو، بەشێوەیەک کە دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکا کوژرا، نەسروڵڵا رایگەیاند کە ئەو لەگەڵ قاسم سلێمانی وەکوو بڕا بووین و ئامادەش بووە کە گیانی خۆی فیدای قاسم سلێمانی بکات.