27 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئێران هێرشی کرد، هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل ماوە

ئێران هێرشی کرد، هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل ماوە
11 . ڕەزبەر . 2724

رۆژهەڵات نیوز

 سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە ٢٠٠ مووشەکی باڵستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و تەلەڤیڤیش دەڵێ وەڵامێکی تووند و کاریگەری تاران دەدەینەوە.
 ئێوارەی رۆژی ١٠ی رەزبەر لەپڕێکدا میدیا و ئەژانسە هەواڵەکانی جیهان باسیان لە هێرشی کتوپڕی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلیان کرد.
رۆیتەرز، ئەکسیۆس، سی ئێن ئێن و نیۆیۆرک تایمز لەسەر زاری سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی رایانگەیاند کە سوپای پاسداران بە مووشەکی باڵستیک هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل. 

هەر زوو لەسەرەتای تاریک بوونی هەوا، خەڵکی شارەکانی کرماشان و ئیلام لەرۆژهەڵاتی کوردستان و تەورێزیش دەیان مووشەکیان لەئاسمانی شاڕەکانیان دیت کە رەوانەی ئیسرائیل دەکران. دواتر وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل پشتراستی کردەوە کە لەژێر هێرشی مووشەکی ئێران دان. سوپای پاسدارانیش لە یەکەم راگەیاندراودا پشتراستیکردەوەو رایگەیاند کە لەتۆڵەی خوێنی ئیسماعیل هەنیە و حەسەن نەسروڵڵا و دەیان فەرماندەی سوپای پاسداران ئەو هێرشەیان کردووە.
 ئەگەرچی سوپای پاسداران رایگەیاند کە سێ‌ ناوەندی سەرباز و بارەگایەکی مووسادیان کردووەتە ئامانج، بەڵام سوپای ئیسرائیل رەتیکردەوە کە شوێنی سەربازیان کرابێتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەش‌ لایەنە هەواڵگری و سەربازییەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند کە مووشەکەکانی سوپای پاسداران ١٠ ملیۆن هاووڵاتی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، ئەگەر سیستەمی بەرگریان بەهێز نەبووبا، سەدان هاووڵاتی ئیسرائیلی دەبوونە قوربانی.
هێرشەکەی ئەمجارەی سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی باڵستیک و جۆرێک لەمووشەکی فەتاح بووە، کە ماتۆری هایپەرسوونیکی هەیە. هەربۆیە بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی شایەتحاڵەکان و تەنانەت لایەنی فەرمی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەشێک لە مووشەکەکان سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیلی بڕیاوەو لەسەر خاکی ئیسرائیل کەوتووەتە خوار. ئەگەرچی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. 
وەزارەتی بەرگری و فەرماندە ناوەندیی ئیسرائیل هەر زوو رایانگەیاند کە تۆڵەیەکی تووند دەکەنەوەو ناوەندە هەستیارەکانی ئێران دەکەنە ئامانج. بنیامین نەتانیاهۆش لە پەیامێکدا رایگەیاند کە ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و دەبێ باجەکەشی بدات. ئەگەرچی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە هەر لەو شەوەدا هێرش بۆ سەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکەن، بەڵام دوای هاتنەسەر خەتی ئەمریکا و شەخسی جۆبایدن و وەزیری بەرگری وەڵامەکەی ئیسرائیل دواکەوت. 
بەشێک لە ئەژانسە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن، ئەمشەو ١١ی بانەمەڕ هێرشە مووشەکی و بەئەگەری زۆر بەفرۆکەی شەڕکەریش‌ بۆ سەر چەندین بنکەی هەستیاری ئێران دەست پێدەکات. ئەگەرچی لایەنی فەرمی ئیسرائیل سەبارەت بەو شوێنانە کە بڕیارە بکرێنە ئامانج هیچیان باس نەکردووە، بەڵام وال ستریت ژورنال باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل بنکە ئەتۆمی و پاڵاوگە نەوتییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج.