حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سێزدەیەمین کۆنگرەی خۆی بەشێوەی ئانلاین بەرێوەبرد، لەو کۆنگرەیەدا پرۆژە پێشنیاری جیاکردنەوەی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەنگی نەهێناوە.
سەر لەبەیانی ئەمرۆ شەممە ١٤ی رەزبەر کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە توانیویانە کۆنگرەی سێزدەیەمینی حیزبەکەیان بەرێوەببەن. کۆنگرەکە لەرۆژانەی ٨، ٩ و ١٠ی رەزبەر بەرێوەچووەو لەچەندین وڵات ئەندامان بەشێوەی ئانلاین بەشداربوونە.
لەراگەیاندراوەکەدا هاتووە کە لە سێ رۆژی کۆنگرەکەدا راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران خوێندراوەتەوەو تاووتوێ کراوە، هاوکات لێکدانەوە بۆ رێککەوتن و پەسەندکراوەکان کراوەو ئەندامانی نوێی کۆمیتەی ناوەندیش هەڵبژێردراون.
سەبارەت بە سێزدەیەمین کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران حەسەن رەحمانپەنا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە کۆنگرە لەسەر ئەو باوەرەبوو کە لەدوای خۆپێشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی دۆخی کوردستان و ئێران جیاوازە، هەربۆیە بڕیاریانداوە کە تەشکیلات و کارەکانیان لەسەر بنەمایی درێژەپێدان بە راپەرینی ژن ژیان ئازادی دابرێژنەوەو کاری لەسەر بکەن. هاوکات بەشێکی کۆنگرە بۆ دۆخی ئێران و ناوچەو ئەگەری ئالۆزتربوونی دۆخەکە تەرخانکراوەو قسەو باسێکی زۆر لەسەر ئەگەری پەرەسەندنی شەڕی ئێران ئیسرائیلیش کراوە.
هاوکات حەسەن یەزدانپەنا سەبارەت بە دەرەنجامەکانی کۆنگرەکەش بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە ١٥ کەس وەکوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سێ کەسیش وەکوو یەدەگ هەڵبژێدراون و، کۆمیتەی ناوەندیش لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا کۆمیتەی ئیجرایی و دەبیری کۆمیتەی ئیجرایی هەڵدەبژێرێت. رەحمانپەنا ئاماژەی بەوەشدا کە قەرارێک هاتبووە کۆنگرە کە وەکوو ئێستا کار نەکەن و بەشێوەیەک کە وەکوو دوو رێکخراوی جیاواز لەرووی تەشکیلاتی مامەڵە بکەن، بەڵام ئەو پرۆژە پێشنیارە دەنگی پێویستی نەهێناوەتەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە یەک بازنەدان، بەشێوەیەک کە بۆ نموونە سەید برایم عەلیزادە کە سکرتێری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە، هاوکات ئەندامی بەرێوەبەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیشە. ئەو دوو رێکخراوەیە ئەگەرچی لەرووی تەشکیلاتییەوە یەکن، بەڵام هەر یەکەو سکرتێرو کۆنگرەو کۆمیتەی ناوەندی خۆی هەیە.