27 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئەو شۆڕشەی کۆڵ نادات

ئەو شۆڕشەی کۆڵ نادات
15 . ڕەزبەر . 2724

نووسین: رەزا کەعبی سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

وەرگێران لە فارسییەوە: سەیران مەنووچێهری (کازێوە)


١- دوو ساڵ لە شۆڕشی ژینا تێپەڕ بوو. دینامیکی ئەم شۆڕشە هێندە هەنووکەیی و زیندووە کە تێپەڕبوونی دوو ساڵی پێوە دیار نیە.   ئەو خوێنە تازە و پێکهاتەشکێنیەی کە لە دەمارەکانی بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکان و لە کولتووری کۆمەڵگە و لە شێوازی هەڵوێست بەرانبەر بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها دیاردە و نەریتەکانی ژیانی سەخت و کۆندا ڕژاوە، هێشتا گەرموگوڕ و وزەبەخشە.

٢- ئەوەی کە ساڵانە لە ٢۵ی خەرمانان نزیک دەبینەوە و هەموومان هەست به ئەرک و بەرپرسیارەتی دەکەین و هەوڵ ئەدەین بە شکۆمەندییە یادی بکرێتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە ئەو شۆرشە گرنگی و بایەخێکی تایبەتی هەبووە و هەموو کەس خۆی به بەرپرسیار دەزانێت کە ئەرکەکەی جێبه جێ بکات.  شۆڕشی ژینا کاریگەریی قووڵی لەسەر پەیکەری کۆمەڵگە هەبوو و لە ئاکامدا بناغەکانی سیستەمی فاشیستی پیاوسالاری و ئایینی خستە لەرزەوە.  شۆڕشی ژینا وەک شۆڕشە مەزن و مێژووسازەکان، خەریکە جێگەی خۆی دەکاتەوە و لاپەڕەیەک لە مێژوو تەرخان دەکات بۆ خۆی.

٣- شۆڕشی ژینا، ئەرک و مانای ڕاستەقینەی خۆی گەڕاندەوە بۆ چەمکی شۆڕش.  مەحکوومکردنی هەر شۆڕشێک، بەتایبەتی دوای دۆڕانی قورسی شۆڕشی ساڵی ١٣۵٧ی هەتاوی و کاریگەریی کاراکتێرەکانی "شۆڕشی ئیسلامی" بووبوو بە بابەتێکی ڕەوا و دڵنیاکەرەوە.  شۆڕشی ژینا ئەو فەلسەفەچنین و قسەی خەیاڵاوییانەی سەبارەت بە زیانەکانی شۆڕش کردە بڵقی سەرئاو. شۆڕش جارێکی تر پێویستیی خۆی سەلماند.  کەس بەشداریکردنی لە شۆڕشدا بەمەرجدار نەکردووەتەوە لەسەر ئاکامەکەی.  داینامیکی شۆڕشی ژینا و بەتایبەتی نزیکبوونەوەی بەرانبەر بە داهاتوو و سەرەتای گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان، لانی کەم لە مێشک و هزری ئەندامانی کۆمەڵگەدا لە هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ژن و ئایین و ئازادییەکانی تاک و بەرزکردنەوەی چاوەڕوانییەکانی خەڵک لە لایەنە سیاسییەکان و سەرکردەکان و لە ئەنجامی شۆڕش و سەرهەڵدانەکان، جیاوازییەکە ئاکامێکی سەرنجڕاکێشی نیشان داوە.  شۆڕشی ژینا "هەموو باوەڕی خورافەیی و خەیاڵپڵاوەکانی ڕابردوودا وەلا نا".


٤- ئەو ناوچەیەی شۆڕشی ژینا تێیدا سەری هەڵدا، فاکتەری سەرەکی وروژاندن و بەرفراوانبوونی هەبوو. شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و بوو بە شۆڕشێکی بەربڵاوی جیهانی.  ڕوودانی ئەم شۆڕشە لە کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەڕێکەوت نەبوو. تاوانی هاوشێوە لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕێژیمدا لە هەموو شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمدا بە فراوانی ڕوویان داوە. بەڵام لە کوردستاندا چەندین جار بینیومانە کە ئەو جۆرە تاوانانە تێچووی گەورەی لێ کەوتەوە بۆ داگیرکەر، کە شۆڕشی ژینا لووتکەی کاردانەوەی خەڵکی کوردستانە و زۆر لەوە زیاتر بوو لە کاردانەوە بەرانبەر بە خراپەکانی ڕێژیم و هەمووان بەبێ دوودڵی بە شۆڕش ناویان دەبرد.

کوردستان هەر لە سەرەتای دەسەڵاتەوە، لە پێناو بەدەستهێنانی پێگەی ڕاستەقینە و شایستەی خۆی، پەنای بۆ دەستپێشخەریی مەدەنی و سیاسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بردووە.  هەر ئەم دەسەڵاتە بوو کە وەک دەسەڵاتی پێش خۆی پەنای بۆ هێز و چەک و داگیرکاری و لەسێدارەدان برد.  لەم ٤۵ ساڵەدا کوردستان لە تاقیکردنەوەی بەرگریی چەکداری بۆ زیندووڕاگرتنی بزووتنەوەکەیان و لەگەڵ دابەزینی، تاقیکردنەوەی خەباتی مەدەنی کە ساڵانە بەهێزتر بووە.  شۆڕشی ژینا لووتکەی تێگەیشتن و زیرەکی و تاقیکردنەوەی نەتەوەیەکە کە بڕیاری دا بە ئازادی بژیت. داهێنانەکانی ئەم شۆڕشە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەی کوردستان شتێکە کە پێویستە بە بەردەوامی لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت. کۆمەڵگەی کوردستان بەم شۆڕشە زۆر زیاتر پێشکەوتووە.  خەباتی خەڵک بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووسی خۆیان و خەباتە مەدەنی و سیاسییەکانی خەڵک بۆ یەکسانیی ژنان و دادپەروەری بۆ کرێکاران و ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان هەڵوێستێکی زۆر جیاوازن لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان کە تەرکیز و سەرچاوەی وزەی ڕاستەقینەی ئەو مافە بۆ مافی چارەنووسی پێش ٢۵ی خەرمانی ٢٧٢١ دراوە.

٥- بەشی باوک و دایکی ژینا (کاک ئەمجەد و خاتوو موژگان) لە وروژاندنی دۆخی شۆرشەکە و پەرەپێدانی یەکجار زۆر و کاریگەر بوو. هێزو خۆراگریی دایک و باوکی ژینا، فێڵ و دروستکردنی ترس و دڵەرواکێ لەلایەن رژێم و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی بێ‌ کاریگەر کرد، چوونکە هەمیشە رژێم بۆ تۆقاندنی خەڵک لەو ترس و سەرکوتکردنە کەڵکی وەردەگرت. بەڵام دیتمان کە پێداگری دایک و باوکی ژینا وایکرد کە بنەماڵەی گیان بەختکراوەکانی شۆرشی ژیناش رۆڵی گەورەیان لەو شۆرشەدا بگێرن. هەتا رادەیەکی زۆریش‌ بووە هۆی بەشداری و پشتیوانی چاڵاکەنەی زۆرتری خەڵک.

٦- لە ڕۆژی ئەسپەردەکردنی شەهید ژینا لە گۆڕستانی "ئایچی" لەسەر بەردی سەرگۆڕەکەی نووسرابوو "ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕمز" نووسەری ئم دێڕە، پەیامێکی زۆر گرنگی گەیاندووە بە خەڵک.

ئەم کورتە نووسینە تێگەیشتنێکی ڕوون بوو لە هەلومەرج و توانای کۆمەڵگەی کوردستان، کە لە ماوەی دەیان ساڵەی سەقامگیریدا بە شانازییەوە لە تاقیکردنەوە سەخت و خوێناوییەکانەوە هاتبووە دەرەوە.  نووسەری ئەو دێڕەی سەر بەردی گۆڕەکەی ژینا تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنێکی دروستی هەبوو بۆ دۆخەکە کە توانی پەیامێکی وا مانادار بنێرێت و تەنیا چەند ڕۆژێک بەر لەو چالاکییە بەرفراوانە ئەو دروشمەی نووسیبوو.

٧ - بەڵام لە گۆڕستانی "ئایچی" مانادارترین و هاوچەرخترین پەیام - ژن، ژیان ئازادی ـ لە کاتێکدا ژنانی ئامادەبوو هەموویان لەچکەکانیان لابرد، خێرا بۆ هەموو جیهان پەرەی گرت و لە ڕاستیدا پێکانی یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بوو و بینیمان کە چۆن بوو بە مانیفێستێکی جیهانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی و چوون بۆ شەڕی جیهانی بەرامبەر بە پیاوسالاری و فاشیزمی ئایینی. "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە پایەی بنەڕەتی شۆڕش و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە بەدەستهێنانی هاوسۆزی و ڕاکێشانی بۆچوونی هەمووان. دروشمی ئەم شۆڕشە کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گشتگیر و پەرەی گرت، لە گەشەکردن و تەقینەوەی خێرای خۆیدا حاشاهەڵنەگرە.


٨- ڕۆڵی کەسوکاری قوربانیانی شۆڕشی ژینا لە درێژەدانیی شۆڕشەکە حاشاهەڵنەگرە. وتاری هیوابەخشانە و ورەپێدەرانە لەسەر گۆڕی ئازیزانیان، کۆبوونەوەی سەربەرزانە و پەیمانبەستن بۆ درێژەدان بە ڕێبازی گیانبەختکردووەکانیان، ڕازاندنەوەی گۆڕەکان و گۆڕینی گۆڕستانە تاریک و ترسناکەکان بۆ گۆڕی ئەو شۆڕشگێڕانەی کە هەمیشە لەسەر ڕێبازی جوانترین و پێشکەوتووترین بیرۆکە و ئایدئۆلۆژییە مرۆییەکان، هەروەها هیوا بۆ "زیندووەکان" کە بە دواڕۆژێکی جیاوازیان بەخشی.

٩- شۆڕشی ژینا هەر زوو بوو بە سەکۆیەک کە هەموو "چەوساوەکان"، هەموو ستەملێکراوەکان، هەموو ئەوانەی لە ڕێژێمی فاشیستی ئایینی یاخی بوون، هاواریان دەکرد و بڕیاریان دا کۆتایی بەو زوڵمە بهێنن.  تێکۆشەرانی کوردستان و تێکۆشەرانی گەلانی ستەملێکراو بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی، بەردەوامیی ژنان بۆ یەکسانی و بەرابەری، تینووی لاوان بۆ ژیانێکی باشتر و مۆدێرنتر، کرێکاران بۆ دادپەروەری، چالاکانی ژینگەپارێزی و هەوڵەکانیان و داوای دایکی گیانبەختکردووان لەسەر ئەم سەکۆیە یەکگرتوو بوون.

١٠- شێوازە نوێیەکانی ڕێکخستنی بەرخۆدان لەم شۆڕشەدا جێگەی سەرنجن. هەزاران خەباتکار بە کۆمەڵێک سەرکردەی (لیدر) مەیدان بە دەستپێشخەری و داهێنانی نوێ، ئاراستەیەکی نوێیان بە بەرەی شۆڕشگێڕی و بەرخۆدان بەخشی.  سەرکردەکانی شەقام و مەیدانی کە بەرپرسیارەتیی سەنگەرەکانی بەرەی شەڕیان گرتە ئەستۆ، سەرکردە پزیشکییەکان بە ئامادەکردنی شوێنی سەلامەت بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی "شەڕ"، بە ڕێکخستنی کۆکردنەوە و گواستنەوەی یارمەتیی پزیشکی و نەشتەرگەری یان گواستنەوەی بریندارەکان بۆ شارەکانی دەرەوەی کوردستان و چارەسەرکردنی لە ناوەندە گونجاو و باشەکان، سازدانی ڕێوڕەسمی شکۆمەندانەی بۆ ئەسپەردەکردنی گیانبەخەتکردووەکان و دروستکردنی سەکۆیەکی شۆڕشگێڕانە لەو کارەساتانە، بۆ بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی شۆڕش و ڕێگریکردن لە بێهیوایی و ماتەمینی. 

کۆکردنەوەی دروستی فۆرمەکانی نوێی ڕێکخستن و تاقیکردنەوە لەم شۆڕشەدا پێویستە بۆ پێشخستنی لە قۆناغی داهاتوودا، کە بەدڵنیایییەوە ڕوو دەدات.

١١- شۆڕشی ژینا هاوکێشە سیاسییەکانی تێک دا. سەرلەنوێ پێناسەی پرسە گرنگ و بنچینەیییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی کردەوە یان ئەولەویەتێکی نوێی بە پرسە باڵاکانی کۆمەڵگە دا.  نە ئەو پرسانەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی لۆبییە بەرفراوانەکانییەوە لە ڕاگەیاندنەکاندا پەرەی پێی دەدا، نە ڕیفۆرمخوازی، نە ئینکاری نەتەوەکان، نە ئینکاری بزووتنەوە جەماوەرییەکان، دەرفەتی بڵاوکردنەوەی باڵەکانیان لەدەست نەدا.  ژن و ڕێگاکانی لە ڕەهەندێکی گەورەی کۆمەڵایەتیدا هێنایە لووتکەی کۆمەڵگە و درزێکی هێندەی دروست کرد کە هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکانی ٤٠ ساڵی ڕابردووی کردە بوون و فەلسەفە.  بزووتنەوەی بەهێزی کوردستان و بزووتنەوە و داخوازیی گەلانی دیکە بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، کە ڕێژیم بە هەموو دەسەڵاتی دارایی و سەرکوتکردنی خۆیەوە هەوڵی پەراوێزخستنی دەدا، بووە جێی سەرنجی خەباتی جەماوەری لە شۆڕشی ژینادا.  ئازادییە تاکەکەسییەکان و هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان بەخێرایی لەسەر پلاتفۆرمێکی نوێ سەریهەڵدا. شۆڕشی ژینا کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بنەماڵە، پێگەی ژن و هاوکێشە سیاسییەکان بەگشتی دانا.

١٢- شۆڕشی ژینا، گرنگیدانی کرێکارەکان بە "باڵادەستەکان" و بەرهەمهێنانی دروشمی "مرد، میهن، آبادی" وەک دژایەتیی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەبەرامبەر ڕاسیستترین و توندڕەوترین ڕەوت و هاوکات لەگەڵ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی وەستایەوە.  شۆڕشی ژینا پشتی بە هێزی جەماوەری و ئەو ڕاستییە بەست کە "شۆڕش کاری جەماوەرە" و ئەمەش بوو بە یەکێک لە خالە سەرنجڕاکێشە سەرەکییەکانی. ئەم ڕەوت و ئاراستەیە لە سەردەمێکدا کە بزووتنەوەکانی خەڵک بۆ گۆڕانکاری پەراوێز خرابوون، زەبری شایستەی سەرنجدان بە شۆڕشی ژینا و ڕەوایی و پشتیوانیی بەرفراوانی جیهان بۆی لای خۆی ڕاکێشا.


١٣- پەیوەندی لەگەڵ "بزووتنەوەی سەرانسەری" و چەمک و پێگەی گۆڕانکارییەکی جەوهەری بەخۆیەوە بینیوە. چاولێکردنی بێ ئەنجام لە "ناوەند" جێگەی خۆی بە بوونی بەهێزی "پەراوێزەکان" داوە.  "حیزبە سەرانسەرییەکان" ڕووبەڕووی چەلنجگەلێکی نوێ دەبنەوە.

١٤- شۆڕشی ژینا دەرفەتێکی دیکەی  دگمەنی بە حیزبەکانی کوردستان بەخشی تا ببنە مەرجەعێکی سیاسی (کە لە ماوەیەکی کورتدا لە سەردەمی شۆڕشدا بوونە مەرجەع) و سنوورداربوونی حیزبەکانی لە بوارە جیاجیاکاندا ئاشکرا کرد. ئەم شۆڕشە کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکانی هێنایە پێشەوەی خەباتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی حیزبەکان نەتوانن بە ناوی خۆیانەوە تەواوی بکەن.  چاوەڕوانییەکان لە حیزبەکان زیادی کردووە و داخوازیگەلێکی نوێیان لێ دەخوازرێت. 

١۵- خەباتی چەکداری لە چوارچێوەی کلاسیک و ڕۆڵی ناوازەی لە بزووتنەوەکانی کوردستان دەرهێنا و جەختی لەسەر پێویستیی پێداچوونەوە بەم گۆڕەپانە گرنگە و یەکێک لە پایە بەهێزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان کردەوە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەت بە ئامادەبوونی کۆمەڵە و گەشەی خەباتی مەدەنی و سیاسی، ڕۆڵی ناوازەی خەباتی چەکداری (بەرگری) جێگەی چەشنی جۆراوجۆری خەباتی گرتەوە کە ڕوخساری ئەم بزووتنەوەیەیان لە هەموو بوارەکاندا گۆڕیوە.

١۶- شۆڕشی ژینا نادوڕێت. چونکە هەنووکەش بەردەوامە و لەگەڵ درێژەدان بە لێکدانەوەکانیدا، لە مانیفێستی ژن، ژیان، ئازادی و چاوەڕوانییەکان لەو دروشمه و ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەی کە هێواش هێواش دروستی کردووە و لە قووڵاییی کۆمەڵگەدا بەردەوامی هەیە، زیندووە.  ئەگەر لە "سەرکەوتن و دۆڕان"ی کلاسیکی شۆڕشەکان دوور بکەینەوە، درێژەدان بە شۆڕشی ژینا و بەشداریی فراوانترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، سەرسوڕهێنەرە. 

تێبینی: بڕیار بوو ئەم بابەتە بۆ ساڵیادی شۆڕشی ژینا ئامادە بکرێت، بەڵام بەهۆی کار و چالاکییەکانی ئەم دوایییە دوا خرا