27 . ڕەزبەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

فستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان کۆتایی پێهات

فستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان کۆتایی پێهات
25 . ڕەزبەر . 2724


حەفدەیەمین فستیڤالی شانۆی نێودەوڵەتی سەر شەقامی مەریوان بە دیاریکردنی بڕاوەکان لە بەشە جیاجیاکان کۆتایی پێهات، ئەوە لەکاتێکدایە کە بەشی زۆری شانۆکارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بایکۆتیان کردبوو.


حەوتەیەمی فستیڤالی شانۆی نێودەوڵەتی سەر شەقامی مەریوان لە ٢١ی رەزبەر دەستی بەکارەکانی کرد، ئەمرۆ چوارشەممە ٢٥ی رەزبەر لەرێورەسمی کۆتاییدا بڕاوەکان دیاری کران و خەڵات کران.
لەو فستیڤالەدا ١٧٠ شانۆکار و هونەرمەند لە ٣٣ گروپدا بەشدار بوون، جگە لە گروپە بەشداربووەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، چوار گروپ لە وڵاتانی ئاڵمان، ئەلجەزایر، هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا بەشدار بوون.
لە دەسپێکی رێورەسمی کۆتایی فستیڤالەکەدا رێز لە سامان خەلیلیان، حەیدەر رەزایی و سەید سۆران حوسێنی گیرا، هەرسێکیان لە شانۆکارە دیارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
خەڵاتی باشترین موسیقی شانۆ درایە فەرید نەوایی بۆ شانۆی شەڕو ئاشتی، خەڵاتی باشترین دیزاینی فەزای شانۆ درایە ئەمیر ئەمینی بۆ شانۆی سێوی تازەو تامی مەرگ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن درایە ئارەزوو عەلیپوور بۆ شانۆی سێوی تازەو تامی مەرگ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویش درایە فابریس دومینیسی بۆ شانۆی بانانا ئوراما لە وڵاتی ئاڵمان.
لە بەشی ئیدەو پرۆژە خەڵاتی یەکەم درایە مەیسەم یوسفی بۆ ئیدەی شانۆی شەڕو ئاشتی. هاوکات خەڵاتی باشترین دەرهێنەریش بە ئەفشین خدری بۆ شانۆی زەوی درا. خەڵاتی سەرەکی فستیڤالەکەش بە گروپی شانۆی زەوی درا.
لێژنەی داوەران خەڵاتەکانی بەشی سەرەکی فستیڤالی شانۆ نێودەوڵەتی سەرشەقامی مەریوانیان بەمشێوەیە دابەش کرد:
خەڵاتی موسیقی درایە محەمەد نادر بۆ شانۆی هەچەڵ.
دیزاینی جلوبەرگ، خەڵاتەکەی بە ئۆمید قادری بۆ شانۆی رێگای بێ رێبوار درا.
دیزاینی فەزای شانۆش، خەڵاتی یەکەم بە فەرامەرز غولامیان بۆ شانۆی چاکەرانی ریشە درا.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنیش بە مارال ئیزدی بۆ شانۆی هەچەڵ درا.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویش بە ئەمیر حوسێن ئینسافی بۆ شانۆی جیهان لەگەڵ من بمرە درا.
سەعید بادینی بۆ شانۆی کاڵبودشکافی خەڵاتی باشترین دەرهێنەری پێدرا.
هەر رێورەسمی کۆتایی فستیڤاڵەکەدا ژمارەیەک راگەیاندن خەڵات کران، کە ناوەکانیان بەمشێوەیە بوو:
دەنگ و رەنگی فەرمی ئێران
ماڵپەری فارس نیوز
چالاک نیوز
زرێبار نیوز.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، هەر لەسەرەتای فستیڤاڵەکە ژمارەیەک شانۆکارو گروپی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان حەفتدەیەمین فستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوانیان بایکۆت کرد. هەندێک لەشانۆکارەکان بەهۆی شەفاف نەبوونی بەرێوەبەرییەکەی، بەشێکیش پێیانوابوو کە حکومەت و ناوەندە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر فستیڤاڵەکەدا گرتووەو وەکوو ساڵان لەدەستی هونەرمەندو شانۆکاراندا نەماوە. یەکێک لە بایکۆتکارەکان بە رۆژهەڵات نیوزی گوت کە هەوڵێکی زۆر دراوە کە لەدوای شۆرشی ژینا دۆخی کوردستان بە ئاسایی نیشان بدەن، ئەمساڵیش بەشی زۆری ئامادەکارییەکان لەهەمان ئاراستەدا بووە.