1 . خەزەڵوەر . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

یەک لەسەر سێی سێوی ورمێ‌ بەفیرۆ دەچێ

یەک لەسەر سێی سێوی ورمێ‌ بەفیرۆ دەچێ
28 . ڕەزبەر . 2724



ئەمساڵ نزیکەی ٥٠٠ هەزار تۆن سێو لە پارێزگای ورمێ‌ بەفیرۆ چووەو باغدارەکانیش حکۆمەت بەهۆکاری ئەو دۆخە دەزانن.

ئەمرۆ شەممە ٢٨ی رەزبەر موعتەمدی پارێزگاری ورمێ‌ رایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی ٥٠٠ هەزار تۆن سێو لەو پارێزگایە بەفیرۆ چووە. بەو سێوانەی لەسەر جادەکان کۆدەکرێتەوە، دەکوترێ سێوی سەنعەتی. پارێزگاری ورمێ هۆکاری ئەو بەفیرۆچوونە بۆ راهێنان نەکردن بە باغداران دەگەرێنێتەوەو پێیوایە دەبێ جۆرێک راهێنان بە باغدارەکان بکرێت، کە بتوانن سێوەکانیان بەشێوەیەک ئامادەی بە بازارکردن بکەن کە بەفیرۆ نەچن.
بەڵام باغدارەکان بۆچوونێکی پێچەوانەیان هەیە. بەپێی بەدواداچوونی رۆژهەڵات نیوز، ئەمساڵ تەنیا لە پارێزگای ورمێ‌ یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تۆن سێو بەرهەم هاتووە. ئەو رێژە نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو سێوی ئێران دەکات. بەڵام بەشێکی بەرچاو لەو سێوە ناگاتە بازارو بەفیرۆ دەچێت.
باغدارێکی شاری شنۆ سەبارەت بەهۆکاری ئەو دۆخە بە رۆژهەڵات نیوزی راگەیاند کە ئەوان تەنیا دەتوانن گرەو لەسەر سێوی پڵە یەک بکەن و بەپەلە رەوانەی بازاری دەکەن. بەڵام سێوەکانی پلە دوو، سێ و ئەوانەی لەژێر دارەکان دەکەون لەسەر دەستیان دەمێنێتەوە. بەگوتەی ئەو باغدارە کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە حکومەت کار ئاسانیان بۆ ناکات کە بتوانن هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی بکەن. کێشەیەکی دیکەش ئەوەیە کە لەکاتی پێگەیشتنی سێو بازار پڕ دەبێت و یان دەبێ‌ بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشن یانیش دەبێ‌ لەساردخانەکان رایگرن، ئەگەریش رایگرن دوو کێشەیان دەبێ، یەکەم ساردخانەکان کەمن و کرێی ساردخانەکانیش‌ بەرادەیەک زۆرە کە ئەگەر دوو سێ‌ مانگ رایبگرن، دواتر دەبێ‌ بەنرخێکی زۆر زیاتر بیفرۆشن، ئەوەش رێژەی فرۆشتن کەم دەکاتەوە.
ئەو باغدارە بۆ چارەسەری ئەو دۆخە، داوا دەکات کە سەرەتا حکومەت ئاسانکاریان بۆ بکات کە بتوانن بەبێ کێشە بەرهەمەکانیان هەناردە بکەن، هاوکات کارگەی بەرهەمهێنانەوەی بەرهەمی سێویان بۆ دروستبکات، بۆ ئەوەی بتوانن سێوە پلە سێ و ژێردارەکان لەو کارگانەدا بەشێوەی ئاو یان کۆمپوت یان هەر شێوەیەکی دیکە بەکار بهێننەوە.