رۆژهەڵات نیوز ئیسرائیل دەڵێ نزیکەی ٢٠ ناوەندی سەربازی ئێرانمان کردووەتە ئامانج و لەو قۆناغەدا دەست رادەگرین، بەڵام ئەگەر ئێران وەڵام بداتەوە، ئەوانیش بەتووندی وەڵامیان دەبێت. شەوی هەینی ٤ی گەڵارێزان هێرشە چاوەروانکراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دەڵێ زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەو درۆنی شەڕکەر لەو هێرشەدا بەشدار بوونە. یەکەم دەنگی تەقینەوەکان لە دەورووبەری تاران بیستران، دواتر بڵاوکرایەوە کە دەنگی تەقینەوە لە شیراز، سیمنان، ئیلام و هەندێک شوێنی دیکەش بیستراوە. دانیاڵ هەگاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە هێڕشەکانیان چوار کاتژمێری خایاندووەو فرۆکە شەڕکەرەکانیشیان دوای بەئەنجام گەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکە بەبێ کێشە گەراونەتەوە. هێڕشەکانی ئیسرائیل لە سێ شەپۆڵدا بووە، ئامانجی شەپۆڵی یەکەم لەناوبردنی سیستەمی رادار و بەرگری ئاسمانی ئێران بووە، دواتر لەرێگەی فرۆکەی ئێف ٣٥ بنکە سەربازییە دیاریکراوەکان کراونەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیل دەڵێ دوای ئەو هێڕشە ئیتر دەستکراوەیی زۆرتریان لەسەر ئاسمانی ئێران و ناوچە هەیەو دەکرێ ئەوەش بەو مانایە بێت، کە ئیسرائیل زیانی جیدیان لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران داوە. ئەگەرچی تاکوو ئێستا دیار نیە کە ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج چەندە وێران کراون، بەڵام تاکوو ئێستا لایەنی ئێرانی رایگەیاندووە کە ٤ کەس کوژراون و ژمارەیەکی بڕیندار هەن کە دۆخی هەندێکیان ناجێگیرە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیاندراوێکدا ئەگەرچی بە راشکاوی باسی لە تۆڵەکردنەوەو وەڵامی هاوشێوە نەکرد، بەڵام لەگەڵ مەحکوومکردنی ئەو هێڕشەی ئیسرائیل رایگەیاند کە ئەوان مافی بەرگریکردنی ڕەوا بۆ خۆیان دەپارێزن. لەراگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئیسرائیل پێشێڵکاری ئاشکرای کردووەو سەروەری ئێرانی بەزاندووەو بنکە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج. لەبەرامبەردا ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکا رایگەیاند کە ئیسرائیل لەرێگەی هۆڵەندا داوای لە ئێران کردووە کە خۆی لە وەڵامدانەوە بپارێزێت. تاکوو ئێستا هۆڵەند ئەو هەواڵەی رەت یان پشتراست نەکردووەتەوە. وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا رایانگەیاند کە ئەوان ئاگاداری هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوونە، بەڵام بەشداریان تێدا نەکردووە. وڵاتانی دیکەی رۆژئاواش هەتا دوای هێرشەکە کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبوو. دوای هێڕشەکە کێی ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات، داواشی لەئێران کرد کە وەڵامی ئەو هێڕشانەی ئیسرائیل نەداتەوە. ئوڵاف شۆڵتز راوێژکاری ئاڵمانیش لە پەیامێکدا روو بە ئێران رایگەیاند:" پەیامی ئێمە بۆ ئێران زۆر ڕوونە، نابێ چیتر کاردانەوەیەکی هەبێ کە قەیرانی ناوچەکە گەورەتر بکات، دەبێ ئەو دۆخە هەر ئێستا کۆتایی پێ بێت." رووسیا و چینیش لەگەڵ مەحکوومکردنی ئەو هێڕشەی ئیسرائیل، داوایان لە هەردوولا کرد کە دان بەخۆیاندا بگرن و رێگری لە دروستبوونی کارەساتێک لەناوچە بکەن. لەناو خۆی ئیسرائیلیش رەخنەی زۆر لەو جۆرە هێڕش و تۆڵەکردنەوەیە گیراوە، یائیر لاپید دیارترین کەسی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل هێڕشەکەی بە لاواز باس کردووەو رایگەیاندووە کە دەبووا بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کرابانە ئامانج. لەگەڵ ئەوەش تاکوو ئێستا ئاستی زیانەکانی ئێران دیار نین و تاکوو ئێستاش تاران بەفەرمی باسی لەوە نەکردووە کە وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە یان نا؟