نووسین: کەژوان یووسفی ئەم بۆنە دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوەی نوێتر لە یەکێک لە خەسارە کۆمەڵایەتییە ڕەیشەداکوتاوەکان کە تا ئێستایچ لە زۆر وڵاتدا، چ بە شێوەی شاراوە و چ بە شێوەی ئاشکرا، بەردەوامە. دیاردەیەکی پڕ شەرم و شورەیی وەک لەکەیەکەی گەورە و قێزەون بە دامێنی مرۆڤایەتی پێشکەوتووی سەدەی بیست و یەکەوە. بۆیە وەک رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمساڵ داوای کردووە لەم ڕۆژەدا پێویستە دەنگمان بەرز بکەینەوەو بە گشت توانا و ئێمکاناتێک نیشان بدەین کە توندوتیژی دژی ژنان تەنیا کێشەی تاکەکەسی یان بنەماڵەیی نییە؛ بەڵکوو دیاردەیەکە کە مەترسی لەسەر پێشکەوتن و تەندروستی هەموو کۆمەڵگا ئینسانییەکان دروست دەکات. دیارە بە پێی راستیە تاڵەکان و کارو تۆێژینەوە زانستی و کۆمەڵایەتییەکان دەرکەتووە کە بەداخەوە دیاردەی توندوتێژی دژی ژنان لە هەموو کۆمەڵگاکان، هەتا کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانیچ بە شێوە و رادەی جیاواز بەردەوام و وجوودی رۆژانەیان هەیە، جا بە ئاشکرا و یاسایی و کلتووری یان شاراوەو لە ناو بنەماڵە دوور لە چاوی یاسا. بە پێی ئەو توێژینەوانە کە رێکخراوەکانی بەرنگاربوونەوەی دژی توندوتیژی بڵاویدەکەنەوە، توندوتیژی دژی ژنان دەتوانێ بە شێوەی جۆراوجۆر خۆی دەرخا وەک: توندوتیژی جەستەیی، سێکسی، ئابووری، دەروونی و زارەکی، کلتووی، دینی و یاسای هتد. هەریەک لەم جۆرە توندوتیژیانە نەک هەر پێشێلکردنی ئاشتی و ئاسایش و مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو دەبێتە هۆی بێ هیوای و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و لەدەستدانی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان لە کۆمەڵگا ئینسانیە جۆراوجۆرەکاندا و بۆ ماوەی درێژخان. ئەم جۆرە لە توندوتیژی کە تۆێژەران زۆرتر سەرنجیان داوەتێ لە کۆمەڵگەکانی وەک کوردستانیچ هێشتا زۆر بەرچاون: ١. توندوتیژی خێزانی، باوترین و تاڵترین جۆری توندوتیژییە زۆربەی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە ژینگەی بنەماڵەکاندا ڕوودەدەن. لەوانەیە ژن ئێستا بتوانێ بە دەرچۆن لە بنەماڵە لە دەرەوەی ماڵەوە پەناگەیەک بە هەزاران دەرد و چەرمەسەری بدۆزێتەوە، بەڵام لە زۆربەی نمونەکاندا ژنان لەناو بنەماڵەدا کەمترین پشتیوانیان لێدەکرێ و زۆرترین ترس و زیان ئەزموون دەکەن. هەر لەبەر ئەمەیچە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و پشتیوانی یاسایی و مەدەنی لە لایەن دەوڵەتە بەرپرس و رێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانەوە بۆ ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی توندوتیژی گرنگ و چارەنووسسازن. ٢. توندوتیژی دەروونی–زامە شاراوەکان ئەم جۆرە لە توندوتیژی هەرچەندە کاریگەرییەکانی لەسەر جەستە دیار نین، بەڵام توندوتیژی دەروونی یەکێکە لە وێرانکەرترین جۆرەکانی توندوتیژی. ژنان داماو و دەسپاچە دەکا، کەرامەتیان دەشکێنێ، لاوازیان دەکا باوەر بەخۆییان سنووردار دەکا و کاریگەری دەبێ لە سەر ئازادی و تێکدانی تەندروستی دەروونیان، ئەم جۆرە لە تووندوتێژی لەو ڕەفتارانەن کە وردە وردە دەتوانن ژن ماندوو و بێدەسەڵات و تێکشکاو و بکەن. ٣. بڵاونەکردنەوەو توندوتیژی و بێدەنگی کردن لێیان، بێدەنگکردنی دەنگی ژنان ڕاپۆرتە جیهانییەکان دەریدەخەن کە زۆرێک لە ژنان یان نازانن چۆن توندوتیژیەکان کە دژیان دەکرێ بڵاوبکەنەوەو ئاشکرایبکەن، یان بە هۆی ترس و شەرمەوە بە خۆ لە راپۆرت کردنی فەرمی دەبوێرن. وەک توێژەران ئاماژەی پێدەکەن ئەم بازنە پڕ زیانە دژی ژنان دەبێت بگۆڕێ. بە بەهێزکردنی ژنان و دابینکردنی میکانیزمە یاسایی و پشتیوانیە فەرمی و کۆمەڵگایەکان بۆ کۆتایی توندوتیژی دژی ژنان زۆر گرینگە. ئەو چەند نمونەم بۆیە باس کرد تا نیشان بدەم کە هێشتا لە جیهانی پێشکەوتوودا ژنان سەڕەرایی ئیدعاکانی مرۆڤایەتی و بە قسەی زۆربەی لێکۆڵەران و رێکخراوە و دەوڵەتە بەرپرسەکان، ژنان لە دۆخێکی زۆر ناهەمووار دان و بوون و ژیان و ئاسایشیان بەردەوام لە مەترسیدایە. بە تایبەت لە کوردستانی داگیرکراودا، کە دەسەڵات بە دەست خۆمانەوە نیەو بە دەست هەزاران دەردیترەوە دەناڵێنین. رەنگە لە دەرفەتی وادا فرەتر بکرێ چاو و هۆشی سیاسی و فیکریمان بکرێتەوە بە رووی ئەو راستیەدا، کە بۆ شۆڕشی ژینا وەک پێویستییەک لە کوردستان و بە رێبەری ژنانی وریا و چاونەترس زایەڵەی دەنگی دژی ستەم و ناعەداڵەتی جیهانی تەنییەوە. لەم رۆژەدا و لەم دەرفەتەدا وەک ژنێکی کورد چاوم و بانگەوازم، پێش هەمووان لە هاوڵاتیانی کوردستانی خۆمە کە پێ بە پێی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی، دژی ستەم و هەڵاواردن و توندووتیژی دژی ژنانیچ دەنگ بەرزبکەنەوە و پێکەوە بۆ کوردستانێکی رزگار و پڕ لە بەرابەری و ئازدای خەبات بکەین. ژن، ژیان، ئازادی