شەڕو تێکهەڵچوون لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان شۆرشگێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سوپای تیرۆریستی پاسداران بەردەوامە، لە قزقەپانی پیرانشار پێنج پێشمەرگە شەهیدبوونەو هێزەکانی «خۆری هیوا» و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.
رۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەر لە درێژەی تێکهەڵچوونەکانی شۆرشگێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سوپای تیروریستی پاسداران لە دوو ناوچەی پیرانشار و سەردەشت شەڕو پێکدادان روویدا. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەی شار بە ناوەکانی کارۆ هۆرمزیاری، فەردین جەهانگیری، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی شەهید بوونە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە :" ئێمە لە کاتێکدا سەری ڕێز لە ئاست تێکۆشان و فیداکاریی ئەو نەمرانە نەوی دەکەین، ڕادەگەیەنین خوێنی گەشی ئەم شەهیدانە خوێنبایی ئازادی و هەوێنی گەشەکردنی خەبات و سەرکەوتنی دواجاری گەلەکەمان بەسەر کۆماری ئیسلامیدایە و خەڵکی کوردستان و ڕۆڵە خەباتکارەکانی دیکەی نیشتمان ڕێگە نادەن خوێنی بەناحەقڕژاوی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە بەفیڕۆ بچێ."
هاوکات لە راگەیاندراوێکی دیکەدا هێزەکانی «خۆری هیوا» بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی داوەو رایگەیاندووە :" " بەڵێن بە خاکی پاکی کوردستان دەدەین کە ناهێڵین خوێنی ئەم لاوانە بەفیڕۆ بڕوات. بکەران و دەستڕێژکەرانی ئەم تاوانە، باجێکی وا دەدەن کە لە مێژوودا تۆمار بکرێت."
هاوکات هەر رۆژی چوارشەممە شەڕو پێکدادانێک لەنێوان هێزێکی شۆرشگێری رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت روویداوە، رۆژنامەنوس تروسکە سادقی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردووە، ئەو هێزەی لەسەردەشت لەگەڵ سوپای تیرۆریستی پاسداران تووشی تێکهەڵچوون بوونە، گریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی -پژاک بوونە. تاکوو ئێستا زانیاری زیاتر لەسەر ئەو شەڕە بڵاونەکراوەتەوەو تاکوو ئێستا هیچ لایەنێکیش بەفەرمی ئەو چاڵاکییەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
لە دوو هەفتەی رابردوودا شۆرشگێرانی رۆژهەڵآتی کوردستان لە چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت لە پاوە، بانە، مەریوان، سەردەشت، مەهاباد، پیرانشار و ... زەربەی قورسیان لە هێزەکانی رژێمی ئێران داوەو تاکوو ئێستاش چاڵاکییەکان بەردەوامن.