3 . گەلاوێژ . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

قارەمانیی دوو برای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆرانبازیی ئازاد و لەسەر ئاستی وڵاتی عێراق

قارەمانیی دوو برای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆرانبازیی ئازاد و لەسەر ئاستی وڵاتی عێراق
1 . گەلاوێژ . 2726

دوو برای دووانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کێبڕکێی زۆرانبازیی ئازاد و لەسەر ئاستی سەرانسەری وڵاتی عێراق، سەرکەوتن و میداڵیای زێڕیان بەدەست هێنا.

رۆژی چوارشەممە ٣١ی پووشپەر پاڵەوانییەتی زۆرانبازی لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو، لەو پاڵەوانیەتییەدا دوو برای دووانەی لاوی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی ساکۆ ئەسکۆیی لە کێشی ٦٧ کیلۆ و سارۆ ئەسکۆیی لە کێشی ٧٢ کیلۆ، ئەندامی تیمی زۆرانبازیی هەولێر بە ڕاهێنەریی شاریار ئەسکۆیی، لە کێبڕکێی نێوان تیمی زۆرانبازیی هەولێر و تیمەکانی زۆرانبازیی بەغدا و کەرکووک و لە کێبڕکێییەکانی سەر ئاستی سەرانسەری وڵاتی عێراق، کە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، لە چەند کێبڕکێی جیاوازدا، سەرکەوتن و میداڵیای زێڕیان بەدەست هێنا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژهەڵات نیوز، لێهاتوویی و توانابوونی بێوێنەی ئەم دوو برایە، تیمی زۆرانبازیی هەولێریان لەسەر ئاستی گشتیی زۆرانبازیی وڵاتی عێراقدا کرد بە تیمی یەکەم و پێگەی زۆرانبازیی هەرێمی کوردستانیان بردووەتە قۆناغێکی نوێیەوە.

شایانی باسە کە نزیک مانگێک لەمەوبەر، ئەم دووانەیە لە کێبڕکێی نێوان تیمی زۆرانبازیی هەولێر و تیمی زۆرانبازیی زاخۆ، سەرکەوتن و میداڵیای زێڕیان بەدەست هێنا و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بوون بە یەکەم.

ئەم دوو برایە خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و لەگەڵ بنەماڵەکەیان، ماوەی کەمتر لە پێنج مانگە وەک پەنابەر هاتوونەتە باشووری کوردستان و لەو ماوە کەمەدا توانیویانە زۆر بەباشی لەنێو کۆمەڵگەی وەرزشیی باشووری کوردستان و عێراق بەگشتی، بەتایبەت لە بواری زۆرانبازیدا جێگەی خۆیان بکەنەوە و سەرکەوتن بەدەست بهێنن.