6 . خەزەڵوەر . 2726
سەرەکیهەواڵڕاپۆرتوتووێژکۆحەفتەوتارھێدلاینRoj- Techشرۆڤەمێژوو کولتووروەرزشکورتەهەواڵفرۆشگاCat 0پێوەندی

بەکارهێنانی مێژوو بۆ ڕەواییکردنی سیاسەتی ئینتێگراسیۆن

بەکارهێنانی مێژوو بۆ ڕەواییکردنی سیاسەتی ئینتێگراسیۆن
6 . خەزەڵوەر . 2726

نووسین: کەژاڵ حاجی عەبباسی - بەرپرسی رێکخراوی ژنانی کوردستان - سوئیس

بڵاوکراوەی «قاسملوو لە قامشلوو» بە شێوەی چیرۆکێکی خەیاڵی، دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو دەهێنێتە قامشلوو و دەیخاتە ناو گفتوگۆیەک لەسەر سیاسەتی ئەمڕۆی کورد لە ڕۆژاوا و باکووری کوردستان. لەم گێڕانەوەیەدا هەوڵ دراوە بە بەراوردکردنی هەڵوێستە مێژووییەکانی قاسملوو لەگەڵ ئاراستەی سیاسیی ئوجەلان، ڕەوایی بە سیاسەتی ئینتێگراسیۆن وەک چارەسەر لە چوارچێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا بدرێت.

نووسەر، لەبری ئەوەی بە مەنتق و بەڵگەی زانستیی دروست و گونجاو، ئینتێگراسیۆن وەک ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی کوردستان بسەلمێنێت، پەنای بردووەتە بەر ناوی دوکتۆر قاسملوو. ئەوەش نموونەیەکە لە «پەنابردن بۆ ئۆتۆریتە» (Appeal to Authority)، کە تێیدا ناوی کەسایەتییەکی خۆشەویست و خاوەن پایەی مێژوویی بەکاردەهێنرێت بۆ قەبووڵاندنی بۆچوونێک کە بەڵگەی پێویستی بۆ نییە.

لە ڕاستیدا، لەم بابەتەدا نووسەر لەبری گفتوگۆیەکی مەنتقی و بەڵگەمەند، پەنای بردووەتە بەر شێوازێکی چەواشەکارانە. شێوازێک کە لەو ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات هەم لە خۆشەویستی و ڕێزی خەڵک بۆ دوکتۆر قاسملوو کەڵکی خراپ وەربگرێت، هەم مێژوو بە ئارەزووی خۆی لێکبداتەوە و هەم دوو ڕوانگەی لە بنەڕەتدا جیاواز و تەنانەت ناکۆک بە یەکەوە بەراورد بکات؛ تەنیا لەبەر ئەوەی هەردووکیان لە قۆناغێکدا باسی دیموکراسی، دانوستاندن و چارەسەری سیاسییان کردووە. لە کاتێکدا کە قاسملوو و ئوجەلان دوو تێڕوانینی جیاوازن بۆ چارەسەری پرسی کورد.

دوکتور قاسملوو دروشمی «دیموکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان»ی بەرز کردبووەوە. لە ڕێبازی سیاسیی ئەودا، دیموکراسی و مافی نەتەوەیی دوو داواکاریی لێکدانەبراو بوون. دوکتۆر قاسملوو باوەڕی قووڵی بە نەتەوەییبوونی کورد و سەربەخۆیی کوردستان وەک ئامانج هەبوو. سیاسەتی ستراتیژی لە پێناو ئامانجی کۆتاییدا دیاری دەکرد و باوەڕی بەوە هەبوو کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشی ببات. هەر بۆیە وەک یەکەم هەنگاو خودموختاری لە بەرنامەی کاری سیاسیی خۆیدا دانابوو. ئەو نەیدەویست  ئێران دیموکراتیزە بکات، بەڵکوو دیموکراسییەکی  راستەقینەی دەویست کە تێیدا کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی، بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی و پارێزگاریکردن لە خۆی بێت. قاسملوو دیموکراسی لە ناوەنددا وەک پشتیوانەیەک بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینی. دانوستان و گفتوگۆی وەک بەرزترین لوتکەی خەباتی سیاسی دەبینی و پێی وا بوو دەبێت شەڕ تەنیا بۆ ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر بێت بۆ مێزی گفتوگۆ، نەک ئامانج لەخۆیدا.

بە پێچەوانەوە، کاتێک بەراوردێک لە نێوان تیۆریی ئامانجی نەتەوەیی و ستراتیژیی قاسملوو لەلایەک، و فەلسەفە و تیۆریی ئینتێگراسیونی ئاپۆیی لەلایەکی ترەوە ئەنجام دەدەین، جیاوازییە بنەڕەتییەکانیان دەردەکەون. لە بیرۆکە و فەلسەفەی ئوجەلاندا، ڕەخنەی توند لە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە دەگیرێت و جەخت لەسەر هاوژیانی و تێکەڵبوونی سیاسی (ئینتێگراسیۆن)ی دلخوازانە لە ناو دەولەت نەتەوەی داگیرکەر دا دەکرێ. بانگەوازەکەی بۆ چەکدانان و تیئوری ئینتێگراسیۆن لە چوارچێوەی دەوڵەتانی سەردەستدا، نەتەوە بوونی کورد رەد دەکاتەوە. کورد بە پیکهاتەیەکی کۆمەلایەتی دەزانێ و  جەخت لەسەر دیموکراتیکبوون، هاووڵاتیبوونی یەکسان و بەشداریی سیاسیی تاکەکەسی دەکات، نەک مافی بڕیاردانی نەتەوەیی لەسەر خاک و دەسەڵات.

کەواتە، ئەم دوو تێڕوانینە یەک شت نین؛ قاسملوو خودموختاری بە قۆناغێک و هەنگاوێکی کرداری بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکان و مسۆگەرکردنی دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات دەزانى. لە کاتێکدا ئینتێگراسیۆنی ئاپۆیی دەسەڵاتی سیاسیی نەتەوەیی و خاکی دەگۆڕێتەوە بە بەشداریی دیموکراتیک لە ناو سیستەمی دەوڵەتی ناوەندیدا.

رەخنەیەک کە ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتە دەبێتەوە ئەوەیە کە ڕاستە دیموکراسی مافی تاکەکان دەپارێزێت، بەڵام پرسی کورد تەنیا پرسی مافە تاکەکەسییەکان نییە، بەڵکوو پرسی نەتەوەیەک و دەسەڵاتی لەسەر خاک، زمان، دامەزراوە و داهاتووی سیاسیی خۆیەتی. بۆیە بەشداریی کورد لە دیموکراسیی دەوڵەتێکدا بە مانای چارەسەربوونی پرسی نەتەوەیی نییە.

ئینتێگراسیۆن لە مانای سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بە مانای بەشداریی یەکسان لە دامەزراوەکان و ژیانی گشتییە، بەڵام دابینکەری مافی چارەی خۆنووسین  و دەسەڵاتی سیاسی نەتەوەیەک نییە. کێشە لەوەدا نییە کە کورد بەشداری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بکات، بەڵکوو کێشە ئەو کاتە دروست دەبێت کە ئەم بەشدارییە بکرێتە جێگرەوەی مافی نەتەوە بۆ دەسەڵاتی سیاسی و خۆبڕیاردان.

ئەگەر کورد بتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بێت، بەڵام نەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی لەسەر زمانی فەرمی، پەروەردە، دامەزراوە ناوچەییەکان و دەسەڵاتی کارگێڕیی خۆی بڕیار بدات و ئەگەر دەسەڵاتی ناوخۆیی تەنیا بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندی بێت و هەر کاتێک بیەوێت بێ ڕەزامەندیی خەڵکی کوردستان هەڵیبوەشێنێتەوە، لێرەدایە کە جیاوازیی نێوان خودموختاری و ئینتێگراسیۆن گرنگیی خۆی دەردەخات.

بۆ تێگەیشتن لە ڕێبازی سیاسیی قاسملوو، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دوا دانوستانی لە ڤییەن لە ١٢ و ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩دا؛ ئەو دانوستانە مێژووییانەی کە بە تیرۆرکردنی ئەو و هاوڕێیانی کۆتاییان هات. قاسملوو لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی دانوستانی دەکرد، چونکە باوەڕی وابوو پرسی کورد تەنیا بە شەڕ چارەسەر ناکرێت، بەڵام ئەو هەرگیز هەنگاوێک لە سەر داواکارییە سیاسییەکانی خۆی پاشەکشەی نەکرد، کە خودموختاری بوو.

بەپێی تۆمارەکانی ئەو دانوستانە کە ساڵانێک دواتر لەلایەن کەناڵی بی بی سییەوە بڵاو کرایەوە، قاسملوو بە نوێنەرانی دەوڵەتی ئێرانی دەڵێت:

«ئەو لەو قۆناغەدا خودموختاریی بۆ کوردستانی ئێران بە چارەسەری گونجاو دەزانێت و داوای دەکات، بەڵام ئەو نوێنەرایەتیی جیلی داهاتوو ناکات کە ڕەنگە داوای سەربەخۆیی بکات.»

ئەم بەڵگەیە گرینگە؛ چونکە نیشان دەدات قاسملوو لە تێڕوانینە سیاسییەکەیدا جیاوازیی لەنێوان هەڵبژاردەی کرداریی سەردەمی خۆی و شێوازەکانی تری چارەسەر و جیلی داهاتوودا دەکات و سنووریان بۆ دیاری ناکات. بە زمانێکی دیکە، نیشان دەدات کە ئەگەر نەوەیەک خودموختاری بە چارەسەری گونجاو بزانێت، نەوەیەکی تر دەتوانێت فیدراڵیزم یان سەربەخۆیی بە ئامانجی سیاسیی خۆی دیاری بکات. هیچ ڕێبەرێک ناتوانێت لە جێی نەوەکانی داهاتوو بڕیارێکی هەمیشەیی لەسەر چارەنووسی سیاسیی گەلێک بدات. بە هەمان شێوە، هیچ بیرۆکەیەکی سیاسیی ئەمڕۆش ناتوانێت مافی ئەو نەوەیانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی خۆیان سنووردار بکات.

لە ڕوانگەی لایەنگرانی ئینتێگراسیۆنەوە، ئەم سیاسەتە دەتوانێت ڕێگا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و فراوانکردنی بەشداریی دیموکراتیک خۆش بکات. بەڵام کێشەی سەرەکی لە پەیوەندیی دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکاندا دەردەکەوێت. ئاشتی تەنیا کۆتاییهێنان بە شەڕ نییە؛ وەک لە ڕۆژاوای کوردستان دەبینین، ئاشتی پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەیە کە بوونەتە هۆی ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵاتی داگیرکەر.

هەروەها بڕیاردان تەنیا مافی لایەنێکی سیاسی نییە کە بە بیانووی گەلەوە بڕیار لە چارەنووس بدات، بەڵکوو بڕیاردان مافی خەڵکە. جیاوازیی نێوان ئەم دووانە گرینگە. دیارە پێشنیارکردنی مۆدێلێکی سیاسی مافێکی ڕەوایە، بەڵام سنووردارکردنی مافی خەڵک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مۆدێلەکانی تر، پرسێکی جیایە.

کۆتایی:

کورد لە خاکی خۆیدا پەنابەر نییە؛ پرسی ئەو تەنیا چۆنیەتیی تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو چۆنیەتیی دانپێدانان بە بوونی سیاسی و مافە نەتەوەییەکانیەتی. چارەسەری پرسی کورد ئەوە نییە کە چۆن بتوانێت وەک هاووڵاتییەکی یەکسان لە کۆمەڵگایەکدا بەشدار بێت، بەڵکوو ئەم پرسە پەیوەندیی بە ناسنامە، زمان، مێژوو، خاک و دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە.

میراتی دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو تەنیا لە دانوستانەکانی یان هەڵبژاردە سیاسییەکانی سەردەمی خۆیدا کورت نابێتەوە؛ ئەو میراتە پەیوەندیی بە خەبات بۆ مافی دیاری کردنی چارەنووس، پاراستنی ناسنامە،  داواکاریی سیاسی و نەتەوەییەکان و  دیموکراسیەوە هەیە. ئەوەی قاسملوو دانوستانی لەسەر کردووە، بەڵگە نییە بۆ ئەوەی هەر دانوستاندنێک ڕەوا بێت.

ڕێزگرتن لە دوکتور قاسملوو بە مانای ئەوە نییە کە هەموو هەڵبژاردەکانی سەردەمی ئەو دووبارە بکرێنەوە. ڕێزگرتن لەو میراتە پێویستی بە خوێندنەوەی وردی مێژوو، ناسینی بارودۆخی ئەو سەردەمە و جیاکردنەوەی بەڵگە لە لێکدانەوەی سیاسی هەیە. میراتی قاسملوو دەبێت سەرچاوەیەک بێت بۆ فێربوون لە مێژوو، نەک ئامرازێک بۆ سنووردارکردنی هەڵبژاردە سیاسییەکانی ئەمڕۆ یان ڕەواکردنەوەی بۆچوون و پرۆژەی سیاسیی لایەنێکی دیاریکراو.