20 . سەرماوەز . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

ئەڵیکتراڵ کاڵج یان ئەنجوومەنی هەڵبژێرەران چیە و چۆن کار دەکات؟

ئەڵیکتراڵ کاڵج یان ئەنجوومەنی هەڵبژێرەران چیە و چۆن کار دەکات؟
12 . خەزەڵوەر . 2724

رۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمریکا بەرێوەدەچێت، لەو هەڵبژاردنەدا کامڵا هەریس کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان لەکێبەرکێییەکی قورس و نزیک لەیەکدان.
هەموو هەڵبژاردنێکی سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام لە راگەیاندنەکان گوێمان لە دەستەواژەیەک بەناوی "ئەلیکتراڵ کالج" دەکەوێت، ئەوە بەو مانایە دێت کە دەنگی راستەوخۆی خەڵک سەرۆککۆمار دیاری ناکات. بەڵکوو ژمارەی ئەلیکتراڵەکان ئەو پۆستە یەکلا دەکاتەوە، چوونکە لەمێژوودا هەبووە کە کاندیدێک دەنگی راستەوخۆی خەڵکی زۆرتر هێناوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەلیکتراڵەکانی کەمتر بووە، دۆراندوویەتی. بەڵام ئەو سیستەمە چۆن هاتووە، بە چ شێوەیەک کار دەکات؟


شێوازی کارکردنی سیستەمی "ئەلیکتراڵ کاڵج"
وشەی کاڵج بە مانای (کۆبەند، ئەنجوومەن) و وشەی ئەلیکتراڵ-یش بەمانای (هەڵبژێر) یان ئەو کەسانەی هەڵدەبژێرن دێت. بۆیە دەکرێ بە کوردی ناوی ئەنجوومەنی هەڵبژێرەرانی لێبنێین. ئەو سیستەمە تەنیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمریکایەو هەڵبژاردنەکانی دیکە هەمووی بەدەنگی راستەوخۆی خەڵکە.
ئەمریکا ٥٠ ویلایەتی هەیە، هەر کامەیان بەشێوەی جیا چارەنووسی سەرۆککۆماری داهاتوو دیاری دەکەن، هەر ویلایەتێک خاوەن ژمارەیەکی دیاریکراو دەنگی ئەلیکتراڵە، ژمارەی ئەلیکتراڵەکانیش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر ویلایەتێک دیاری دەکرێن. بەگشتی ئەمریکا خاوەن ٥٣٨ دەنگی ئەلیکتراڵە، ویلایەتی کاڵیفۆرنیا کە بەردەوام هی دیموکراتەکان بووە، بە ٥٤ دەنگ، زۆرترین دەنگی ئەلیکتراڵی هەیە. ویلایەتەکانی داکوتای باکوور، داکوتای باشوور، ئاڵاسکا، دێلاوەر، وەرمونت و وایۆمینگ بە ٣ دەنگی ئەلیکتراڵ کەمترین دەنگیان هەیە.
ئەو ژمارەی کۆی نوێنەرانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ژمارەی سیناتۆرەکانی ئەنجوومەنی سیناتە. لەو بەینەدا سێ دەنگ دەمێنێتەوە کە هی واشنتن دی سی-یە، کە لەناو هیچ یەک لە ویلایەتەکانی دیکەدا نیە. لەکۆتاییدا کاندیدی بڕاوە دەبێ لانیکەم ٢٧٠ دەنگی ئەلیکتراڵ بەدەست بهێنێت، بەڵام چۆناوچۆن؟
هەر کاندیدێک لەهەر ویلایەتێک زۆرترین دەنگی راستەوخۆی دەنگدەران بەدەست بهێنێت، هەموو دەنگەکانی ئەنجوومەنی هەڵبژێرەرانیش بۆ ئەو دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر کاندیدێک لە ویلایەتی تەگزاس پەنجا پۆینت یەکی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، سەرجەم ٤٠ دەنگی ئەلیکتراڵ یان ئەنجوومەنی هەڵبژێرەرەکان بۆ ئەو دەچێت.
پرسیاری سەرەکی و باو ئەوەیە کە ئایا موومکینە کاندیدێک دەنگی زۆرینەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت، بەڵام لەکۆتاییدا لەکێبەرکێکەدا تووشی شکست بێت و کاندیدی بەرامبەری ببێتە سەرۆککۆمار؟
بەڵێ، ئەوە موومکینە و چەند جارێکیش روویداوە کە ژمارەی دەنگەکانی راستەوخۆی خەڵکی کاندیدێک زۆرتر بووە، بەڵام چوونکە کاندیدی بەرامبەری ژمارەی دەنگەکانی ئەنجوومەنی هەڵبژێرەرەکانی زۆرتر بووە، بووەتە سەرۆککۆمار.
لەساڵی ٢٠١٦، دۆناڵد ترەمپ ژمارەی دەنگەکانی نزیکەی ٣ ملیۆن لەهی هیلاری کلینتۆن کەمتر بوو، لە ساڵی ٢٠٠٠یش دەنگی راستەوخۆی جۆرج بوش نزیکەی ٥٠٠ هەزار دەنگ لەهی کاندیدی بەرامبەری ئێل گوور کەمتر بوو، بەڵام هەم ترەمپ و هەم بووش هەڵبژاردنەکەیان بردەوە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لەو ویلایەتانەی ژمارەی دەنگی ئەلیکتراڵی زۆرتر بوو، ئەوان سەرکەوتبوون، هەربۆیە بوونە سەرۆککۆمار.
پرسیارێکی باوی دیکە ئەوەیە کە ئایا ئەنجوومەنی هەڵبژێرەکان (ئەلیکتراڵ کاڵج) دەتوانن دەنگ بە یەکێک لەو کاندیدانە بدەن، لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی ئەو ویلایەتە دەنگی بەو کاندیدە نەدابێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارەش هەر بەڵێیە. ئەوان دەتوانن لەدەرەوەی ئەوەی کە خەڵکەکە دەنگی بە کام کاندید داوە، خۆیان دەنگ بە کاندیدێکی دڵخوازیان بدەن، بەڵام تاکوو ئێستا بە بەردەوامی ئەنجوومەنی هەڵبژێرەکان دەنگەکانی خۆیان بەو کەسانە داوە کە زۆرینەی ویلایەتەکە دەنگی پێداوە.
ئەگەرچی دەستووری ئەمریکا رێگەی بەو هەڵبژێرانە داوە کە لەدەرەوەی دەنگی خەڵکی ویلایەتەکە دەنگ بە کاندیدێکی دیکە بدات، بەڵام لەناو ئەمریکا بەو هەڵبژێرانەی دەنگ بە کاندیدی دڵخوازی خەڵکەکە نەدات، پێی دەڵێن هەڵبژێری "پەیمان شکێن". لەساڵی ٢٠١٦، حەوت دەنگی هەڵبژێرەکان بەمشێوەیە درا، بەڵام کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دانەنا.


پرسیارێکی دیکەش لەسەر دەنگی ئەلیکتراڵەکان ئەوەیە کە ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە کە دەنگی کاندیدەکان وەکوو یەک بێت، یان هیچ یەک لەکاندیدەکان نەتوانن دەنگی پێویست بەدەست بهێنن ؟ ئەگەر ئەوە رووبدات، سەرۆککۆمار چۆن هەڵدەبژێردرێت؟ لەمێژوودا تەنیا یەکجار لەساڵی ١٨٢٤ روویداوە، ئەوکات دەنگەکان بەسەر چوار کاندیددا دابەش ببون، بۆیە هیچکامیان نەیانتوانیبوو کە دەنگی پێویستی ئەنجوومەنی هەڵبژێران بەدەست بهێنن. لەو حاڵەتەدا ئەنجوومەنی نوێنەران و مەجلیسی یاسادانانی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرۆککۆماری داهاتوو دیاری دەکات.


سیستەمی ئەنجوومەنی هەڵبژێران بۆ دانرا؟
لەکاتی دانانی یاسای بنەرەتی ئەمریکا لەساڵی ١٧٨٧، یەکێک لە گرفتەکان لەکاتی نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی ئەمریکا لەساڵی ١٧٨٧ شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمریکا بوو. بەهۆی بەرفراوانی پانتایی وڵات و نەبوونی ئامرازەکانی گواستنەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەراسەری لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا هەتا رادەیەکی زۆر موومکین نەبوو.
هۆکارێکی دیکەش ئەوە بوو کە هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆککۆمار لەلایەن خەڵک هێزێکی زۆری پێبدات و لەکۆنترۆڵ دەربچێت، یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی دانانی سیستەمی دەنگی ئەلیکتراڵ بۆ ئەو گومانە دەگەرایەوە لەسەر دەنگی خەڵک هەبوو، نووسەرانی یاسایی بنەڕەتی لەبەردەم ئەو پرسیارە بوون کە ئایا هەمیشە خەڵک کەسی شیاو هەڵدەبژێرن؟ هەربۆیە دەبووا بەشێوەیەک نوخبەگەلێک لە دیاریکردنی سەرۆککۆماردا دەنگیان هەبێت.


سوود و زیانەکانی سیستەمی ئەنجوومەنی هەڵبژێرەران
سوودەکان:
یەکەم: ویلایەتە بچووکەکان گرنگی تایبەتیان بۆ کاندیدەکان هەیە.
دووەم: کاندیدەکان مەرج نیە سەردانی هەموو ویلایەتەکان بکەن، بەتایبەت ئەوانەی پێشوەختە یەکلابوونەتەوە، بەڵکوو زۆرتر گرنگی بە ویلایەتە سەرەکی یان خۆلەمێشییەکان دەدەن.
سێیەم: ژماردنی دەنگەکان ئاسانترە، چوونکە بەرپرسان دەتوانن کێشەکان لەناو خۆی ویلایەتەکان دیاریبکەن و چارەسەری بکەن.
زیانەکان:
یەکەم: رەنگە بڕاوەی راستەوخۆی دەنگی خەڵک، هەڵبژاردن بدۆرێنێت.
دووەم: هەندێک لە دەنگدەران ئەو هەستەیان لەلا دروست بێت، کە دەنگی ئەوان کاریگەری نیە.
سێیەم: هێزێکی زۆرتر لە ویلایەتە خولاو یان خۆلەمێشییەکان کۆدەبێتەوە.


ویلایەتە خۆڵەمێشی و یەکڵاکەرەوەکان کامانەن؟
زۆرینەی ویڵایەتەکانی ئەمریکا هەر لەکۆنەوە دەنگیان بۆ یەکێک لە کاندیدی دیموکرات یان کۆمارییەکان یەکلایی بووەتەوە، هەربۆیە دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژێرەرانی حەوت ویلایەت ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە، چوونکە ئەو ویلایەتانە دەنگی یەکڵاکەرەوەو خۆڵەمێشین و بەردەوام لە هەڵبژاردنەکاندا گۆرانیان بەسەردا دێت.
ئەو ویڵایەتانە بڕیتین لە ویلایەتی پێنسیڵڤانیا بە ١٩ دەنگی ئەڵیکتراڵ، ویلایەتەکانی جۆرجیا و کارۆڵینای باکوور هەر یەکەو ١٦ دەنگی ئەڵیکتراڵ، میشیگان ١٥ دەنگ، ئاریزۆنا ١١ دەنگ، ویسکانسین ١٠ دەنگ و ویڵایەتی نیڤادا ٦ دەنگی ئەڵیکتراڵی هەیە.
لەو هەڵبژاردنەشدا کامڵا هەریس و دۆناڵد ترەمپ لەئێستاوە شەڕ لەسەر راکێشانی دەنگی هەڵبژێرەرانی ئەو حەوت ویڵایەتە دەکەن، لەناویشیاندا ویلایەتی پێنسیلڤانیایە کە ئەو چەند رۆژە چاوێکی زۆری لەسەر دەبێت.