1 . بەفرانبار . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لەسەر داڕمانی رژێمی ئەسەد

هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لەسەر داڕمانی رژێمی ئەسەد
21 . سەرماوەز . 2724

دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە بەیاننامەی جیاوازدا راوبۆچوونی خۆیان سەبارەت بەو رووداوە دەربری.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیاندراوێکی لەسەر روخانی رژێمی بەشار ئەسەد بڵاوکردەوەو لەبەشێکیدا نووسیویەتی:"شێوازی دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەد، پشتگوێخستنی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی سووریە و سەرکوتی بێ‌بەزییانەیان و تەنانەت ڕێگەدان بە ڕێژیمێکی لەخۆ دیکتاتۆرتری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی و سەرکوتی ئازادیخوازانی وڵات، ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی کە بەشار ئەسەد و ڕێژیمەکەی تووشی هاتن."
حدکا داوا لە گەلانی سوریا وەردەگرێت کە ئەزموون لە مێژوو وەربگرن و ئاماژە دەکات:"لەگەڵ ئەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان لە سووریە ئاڵۆزیی خۆیان هەیە و تا ئیستاش تێڕوانین و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی شوێندانەر لەسەر ڕەوتەکە زۆر ڕوون نیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە گەلانی سووریە ئەزموون لە مێژوو وەربگرن و واقیعبینانە و بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە زاتییەکانی وڵاتەکە، پێکهاتەی وڵات کە لە گەلان و ئایینزای جیاواز پێک هاتووە، هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بەرپرسانە هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخەکە بکەن و بیر لە درووستکردنەوەی سووریەی داهاتوو بکەنەوە. بۆ ئەوەش دەبێ خەڵکی ئەم وڵاتە بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی خۆیان کار لە چارەنووس و دواڕۆژی وڵاتەکەیان بکەن."
حیزبی دیموکراتی کوردستان بەشێکیشی تەرخانکردووە بۆ کوردەکان و رایگەیاندووە:"- گەلی کورد لە سووریە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای فیداکاری و قوربانیدانێکی زۆر ئەزموونێکیان لە "دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری" بەدەستهێناوە، پێویستە بە خوێندنەوە و لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەت بە ڕۆژاوای کوردستان پارێزگاری لە دەسکەوتەکانیان بکەن. هێزە سیاسییەکان ڕۆژاوای کوردستان لەم بارودۆخەدا لەسەریانە وێڕای کارکردن بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە نێو خۆیان‌دا، بە وریاییەوە لەگەڵ دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەمیان مامەڵە بکەن."
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش لە راگەیاندراوێکدا راوبۆچوون و داواکارییەکانی خۆی باسکردووە. راگەیاندراوەکە باس لە دەرفەت و مەترسییەکانی روخانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکات و نووسیویەتی:"بۆ كورد و ئەزموونەكەی لە رۆژئاوای كوردستان هەم دەرفەتی نوێ خولقاوە و هەم مەترسییەكانیش هێشتا هەڕەشەی جیددین. هەر وەک دیتمان زۆر زوو كەوتنە بەر هێرش. کورد لە رۆژئاوا بەردەوام بەرەنگاری هێزە تێرۆریستییەکانی داعش و هێرشی سپای تورکیە بۆتەوە و گەلێک قوربانی داوە. بێگومان ئەوان سەلماندیان کە دەتوانن پارێزەری دەسکەوتەکانی خەڵک بن و شایستەی دەسەڵات و کیانێکی سەربەخۆن لە رۆژئاوای کوردستاندا."
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەراگەیاندراوەکەیدا باس لە داڕمانی هەژموونی ئێرانیش لە ناوچە دەکات:"ئەگەر ساڵی ٢٠٠٣ ڕووخانی ڕژیمی بەعس لە عێراق، دەرفەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەخساند تا زیاتر لە ناوچەکە دەس ئاوەڵا بێ بۆ پەرەدان بە پیلان و پرۆژەکانی، نەمانی ئەسەد و لاواز بوونی حەماس و حیزبوڵڵا، بەرتەسکبوونەوە و تەریک کەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی لێدەکەوێتەوە و چیتر توانای مانۆڕ و بەکارهێنانی هێزە پرۆکسییەکانی نەماوە. بە گوێرەی سەرجەم ڕووداو و پێشهاتەكان لە یەك ساڵی ڕابردوو و بەدیاریكراوی، پاش حەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ گۆڕانكارییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی دەڕوات و كۆی ئاماژەكانیش دەرخەری ئەو راستییەن كە كۆماری ئیسلامی هیچ كات تا ئەم ڕادەیە لە ئاستی ناوخۆیی‌ و لە ئاستی ناوچەكە لاواز نەبووە و ئەگەری ڕووخانی زیاتر لە هەمیشە هەست پێدەكرێ."
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەو دۆخەی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بە دەرفەتێک دەزانێک لەلایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کەڵکی لێوەربگرن و لەبەشێکیدا ئاماژەی داوە:"بەم بۆنەوە ئەركی قورستر و بەرپرسایەتی زیاتر دەكەوێتە سەر شانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. خوێندنەوەی دۆخی ئێستاكە دەرخەری ئەو راستیەیە كە ئۆپۆزیسیۆنی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێویستە زیاتر لەهەمیشە هەوڵەكانی لە رێگەی دیالۆگێكی ڕاشكاوانە و بە هاوكاری تێكۆشەران و كەسایەتیی و دەستەبژێری كۆمەڵگە لە پێناو خۆئامادەكردن بۆ ئەگەری هەر جۆرە ڕووداوێك، بخاتە گەڕ. ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دووپاتی ئەکەینەوە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک و هەنگاوی کردەیی لەمبارەوە ئامادەین."
عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس رژێمی بەشار ئەسەدی بە جەلاد و هاوپەیمانی نزیکی ئێران ناوبردووەو پیرۆزبایی داڕمانی کردووەو هیواشی خواستووە کە رۆژێکی جەژنی داڕمانی کۆماری ئیسلامی لەئێران بگرن.
پارتی ئازادی کوردستان پاک، یەکێکیتر لەو لایەنە سیاسیانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە سەبارەت بە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیاندراوی دەرکردووەو تێیدا هاتووە:" ڕمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، تەنیا کۆتایی هێنانی حوکمڕانیی لە وڵاتێکی دیاری کراو نییە، بەڵکو گۆڕانێکی ژێئۆپۆلیتیکییە لە ناوچەکە. بەو ڕووداوە، هیلالی شێعە و مەحوەری مقاوەمەتی ئێرانی پەکی کەوت و لێکترازا. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لە سەر پێگەی هەرێمی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دادەنێ."
پارتی ئازادی کوردستان چەندین پرسیاریش لەسەر داهاتووی رۆژئاوای کوردستان کردووە:" ئاخۆ داهاتوو و چارەنووسی ڕۆژاوای کوردستان چۆن دەبێ؟ ئایا سەرکردایەتی سیاسیی و سپایی ڕۆژاوای کوردستان بە ستراتیژیی ڕزگاریی نەتەوەیی و گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەییەوە لە گۆڕەپانی سیاسی تازەی سووریادا یاری دەکەن یان بە تەمای دێموکراسیی سووری، بەشدار دەبن لە نۆژەنکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوەی قەیرانگرتووی سووریا و چەقاندنەوەی سێدارەکەی دیمەشق بۆ ڕۆڵەکانی کوردستان؟"
لەبەشێکی پەیامەکەشیدا پارتی ئازادی کوردستان بەمشێوەیە پێشنیار بە رۆژئاوای کوردستان دەکات: "پارتی ئازادیی کوردستان لەو باوەڕەدایە کە بەمەرجی یەکێتی و یەکڕێزی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە سەر بنەمای وەدەستهێنانی مافی دیاریی کردنی چارەنووس و هەماهەنگی و کەڵکوەرگرتن لە کاپاسیتییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان و بە گەڕخستنی دیپلۆماسییەکی چالاک؛ ئەو دەرفەتە هەڵکەوتووە کە ڕۆژاوای نیشتمان تا ئاستی یەکەیەکی خاوەن سەروەریی گەشەبکات و پێگەیەکی ژێئۆپۆلیتێک و ژێئۆستراتێژیک دابین بکات."