دۆناڵد ترەمپ لەبڕیارێکدا باجی سەر هاوردەی کەڵوپەلی کانادا و مەکزیکی ٢٥ لەسەد و بۆ کاڵاکانی چینیش ١٠ لەسەد بەرزکردەوە، لە بەرامبەردا کانادا کاردانەوەی هەبووەو وەزیری دەرەوەی چین دەڵێ شەڕی تیجاری هیچ بڕاوەیەکی نابێت. بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەبەرامبەر قاچاخی فێنتانیل و هاتنی پەنابەری نایاسایی لەو وڵاتانە، بڕیاری داوە باجی سەر کەڵوپەلی وڵاتانی کانادا، مەکزیک و چین بەرز بکاتەوە. بەپێی بڕیارەکە کە لەرۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبارەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن باجی سەر کاڵای کانادا و مەکزیک ٢٥ لەسەد و بۆ سەر کاڵای چین ١٠ لەسەد بەرزدەبێتەوە. لە بەرامبەردا سەر هەر زوو جاستین ترۆدۆ سەرۆکوەزیرانی کانادا لە کاردانەوەیەکی تووند و بەپەلەدا رایگەیاند،باج بەسەر ١٠٧ میلیار دۆلار کاڵای ئەمریکادا زیاد دەکەن. ترۆدۆ روونیکردەوە کە هەر لە رۆژی سێشەممەوە ٢٥ لەسەد دەخەنە سەر هاوردەی کەڵوپەڵی ئەمریکا بە بڕی ٣٠ میلیار دۆلار، هاوکات ئاشکراشیکرد لە ماوەی ٢١ رۆژی داهاتووشدا باجی سەر ١٢٥ میلیارد دۆلار کەڵوپەلی دیکەی ئەمریکا بەرز دەکەنەوە. هاوکات کلۆدیا شینباوم سەرۆککۆماری مەکزیکیش رۆژی شەممە رایگەیاند، کە وەزیری دارایی راسپاردووە، بڕیاری پێویست لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی ئەمریکادا بدات، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی وڵات بپارێزن. ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ وڵاتی کەڵوپەلی وڵاتی چین-یشی گرتووەتەوە. لەیەکەم کاردانەوەدا وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، کە ئەو شەڕە تیجارییەی دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکردووە، هیچ بڕاوەیەکی نابێت، هەڕەشەش دەکات کە ئەوانیش کاردانەوەی بەرامبەریان دەبێت.