22 . ڕەشەمە . 2724
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

پەیامەکەی ئۆجەلان و رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا ئێمە نامۆ بووین

پەیامەکەی ئۆجەلان و رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا ئێمە نامۆ بووین
11 . ڕەشەمە . 2724

شاندی دەم پارتی پرسی بە لایەنە سەرەکییەکانی سێ پارچەی کوردستان کردبوو، بەڵام لەکۆتاییدا پەیامەکەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکرایەوەو بەبێ ئەوەی وەفدەکەی ئیمراڵی لەو بوارەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردبێت.

لەکۆتاییدا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ٩ی رەشەممە پەیامە چاوەروانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بڵاوکرایەوە، پەیامەکە لەکاتێکدا لەلایەن شاندەکەی دەم پارتی کە چەند جار سەردانی ئیمرالیان کردبوو، بڵاوکرایەوە کە زۆر کەس لەچوارپارچەی کوردستان چاوەروانیان دەکرد.

رێبەری بەندکراوی پەکەکە لە پەیامەکەیدا داوای لە پەکەکە کرد، کە چەکەکانیان دابنێن و لە کۆنگرەیەکیشدا خۆیان هەڵبوەشێننەوە. چیرۆکی ئەو پەیامە نزیکەی شەش مانگ لەمەوپێش دەستی پێکرد، ئەوکاتەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرەستی مەهەپە رایگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە، پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکات و، هەر زوو لەلایەن رەجەب تەئیب ئەردوغان سەرۆککۆماری تورکیاش پشتیوانی لێکرا.

لێدوانەکانی دوایی باخچەڵی و پشتیوانییەکانی ئەردوغان دەریخست کە پرسەکە لای تورکەکان جیدییە، هەر ئەوەش وایکرد، سەردانەکانی سڕی سوڕەیا ئۆندەر و پەروین بوڵتان دوو پەرلەمانتاری دەم پارتی بۆ ئیمرالی دەستپێبکات. دواتر ئەحمەد تورکیش بەو دوو کەسە زیاد بوو و، بە شاندی ئیمراڵی ناویان دەرکرد.
ئەو شاندەی ئیمرالی کە هەر زوو ئاگاداری ناوەرۆکی پەیامە چاوەروانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوون و، پێدەچوو هەر لەسەر داوای ئەویش سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و پەیامەکەی رێبەری بەندکراوی پەکەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکەکانی پارتی و یەکێتی باسکرد.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات نیوز، پەیامەکەی ئۆجەلان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) بەدیاریکراوی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش باسکراوە، ئەگەرچی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەر لە بڵاوبوونەوەی پەیامەکەش پشتیوانیان لێکرد، بەڵام بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان دوای راگەیاندنی پەیامەکە پشتیوانیان خۆیان راگەیاند.

شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئەوەی سەردانی باشووری کوردستانیان کرد، لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیروان بارزانی، مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە. قسەو گفتوگۆیەکی چڕیش لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کرا، بەڵام دوور و نزیک شاندەکەی ئیمراڵی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئەو پرسەیان لەگەڵ حیزبە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رای گشتی رۆژهەڵاتیش باس نەکرد. ئەندامێکی بەشدار لەکۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند کە شاندەکەی ئیمراڵی پێی وتوون کە ئەو سەردانانە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری بەندکراوی پەکەکە بووە.

سەبارەت بەوەی کەبۆچی شاندی ئیمراڵی باسی پەیامەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتی تەنیا بۆ رۆژهەڵاتییەکان باس نەکردووە، رۆژهەڵات نیوز زانیویەتی کە ناوەرۆکی پەیامەکەو پرۆسەی ئاشتییەکە لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک باسکراوەو ئەوانیش پشتیوانیان لێکردووە.

سەبارەت بە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ بەرپرس و ئەندامی رێبەری هەر یەکە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە رۆژهەڵات نیوزیان راگەیاند کە نەک شاندەکەی ئیمراڵی سەردانی نەکردوون، بەڵکوو لەرێگەی پەیام و نامەو تەلەفوونیش ئەو پرسەیان لەگەڵ باس نەکراوە.

هاوکات دوو رۆژ دوای راگەیاندنی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تاکوو ئێستا تەنیا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەپەیامێکی کورت و فەرمیدا پشتیوانی خۆی لە پرۆسەی ئاشتی دەربریوەو بەبێ ئەوەی باس لە ناوەرۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە بکات، رایگەیاندووە کە ئەوان هەنگاوەکان بە ئەرێنی دەزانن و هیواشیان خواستووە کە ئەنجامەکەی لەبەرژەوەندی هەردوو گەلی کورد و تورک بێت.