لە ڕوانگەی ئێمەوە وەکوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پرسی کورد لە هەموو کوردستان لە ڕاستیدا یەک مەسەلەیە بۆیە چارەنووسی خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی گرینگە و کاریگەریی دۆخی پرسی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لە سەر بەشەکانی دیکە دەبینین و هەوڵ دەدەین یارمەتیدەر و هاوکاری خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بین بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. هاوکات خەڵکی دانیشتووی هەر بەشێک بە خاوەن ماف و سەروەریی بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان دەزانین و ڕێز لە ئیرادەیان دەگرێ. بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازی کورد لە هەموو بەشەکانی بزووتنەوەیەکی سیاسی حەقخۆازانەیە که تەنیا دوای داگیرکاری و لەشکەرکەشی بۆ سەریان دەستیان داوەتە چەک بۆ پاراستنی خۆیان. هەروەها وێرای هەوراز و نشیو و شکان و هەستانەوە، خەباتی نەتەوەی کورد ڕەوا و بەرحەقە و تا گەیشتن به مافەکانی درێژەی دەبێ. دەقی بەیاننامەی کۆمەڵە: کۆمەڵە و پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیە پەیامی بەڕێز ئۆجالان لە سەر پرۆسەی ئاشتی و ڕوو لە پارتی کرێکارانی کوردستان ئەو ڕاستییە دەردەخات کە باسی کورد لە دۆخی ئەمڕۆدا خاوەن گرینگییەکی تایبەتە و بۆیەش هەڵوێست و جووڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی گرینگی مەیدانی خەباتی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان و بەڕێز ئوجالان وەکوو سەرۆکی ئەو پارتە بۆ هەموو یار و نەیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان جێگەی سەرنج و بایەخە. گرینگترین خاڵگەلێک کە دەکرێ لەو پەیوەندییەدا ئاماژەیان پێ بکەین ئەمانەن: ١. هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورکییە بە پیریی بانگەوازی ئاشتییەوە هاتووە و ڕێگەی داوە پەیامی بەڕێز ئۆجالان ڕوو لە پارتەکەی بڵاو بێتەوە، دەگەڕێتەوە سەر ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و جۆرێک لە ڕەخسانی هەڵ بۆ دەستەبەرکرانی مافەکانی کورد و هەست بە مەترسی کردنی دەوڵەتی تورکییە لەوەی شەپۆلی ئاڵوگۆڕەکان تورکییەش بگرێتەوە و چارەسەری مەسئەلەی کورد بچێتە ئاستێکەوە کە بۆ ئەوان بە تەواوەتی نەخوازراوە، بۆیە نیگەرانیی ئەوەیان هەیە بە شێوەیەک کۆنترۆڵی دۆخەکەیان لەدەست دەرچێ بۆیە هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ. ٢. کاردانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئاستێکی سەرەتاییدایە و دەوڵەتی تورکییەش هێشتا هەڵوێستێکی ئاشکرای دەرنەبڕیوە بۆیە لە ڕاستیدا دەبێ ئەم پەیامە وەکوو سەرەتای پرۆسەیەک چاو لێ بکرێ نەک وەکوو تاکە بڕیارێک کە هەموو شتێک بە لایەکدا دەخات یان چارەنووسی ئەو پارتە پاش نزیکەی پەنجا ساڵ تێکۆشانی دیاری دەکا. هەنگاوەکانی داهاتووی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکییە چارەنووسی ئەم پرۆسەیە دیاری دەکەن. ٣. ئەگەر حیزبی سیاسی وەکوو ئامراز لە خەباتدا چاوی لێبکرێ ئەوەی گرینگە نەک بەردەوامیی یان هەڵوەشانەوەی حیزبەکە بەڵکوو کاریگەریی بوون و نەبوونی، لەسەر خەبات و دەستەبەربوونی ماف و ئامانەجەکانە. بەم ڕوانینەوە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویداوە دەتوانێ هەوڵێک بێت بۆ گۆڕینی شێوەی کار و چالاکی و دیاریکردنی جۆرێکی دیکە لە تاکتیک و دانانی بەرنامەیەکی دیکە بۆ گەیشتن بە ئامانج بە پێی دۆخی نێونەتەوەیی و ناوچەیی. ئەوەی کە دیاری دەکا ئەم بڕیارە دەبێتە شکست و نسکۆ یان دەسکەوت و ئاکامی باشی دەبێ نەک پەیامەکە بەڵکوو درێژەی پرۆسەکەیە کە ئەو پەیامە سەرەتایەتی. ئەمە ئەرکێکی قورس دەخاتە سەرشانی ڕێبەرایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەندامان و چالاکانی ئەو حیزبە. ٤. پارتی کرێکارانی کوردستان وەکوو حیزبێکی سیاسی وێڕای ڕێزگرتن لە ڕێبەری خۆیان دەبێ وەکوو حیزبێکی بە ئەزموون هەنگاوەکانی داهاتووی داڕێژێ. ڕاگەیاندنی ئاگربڕ دەتوانێ کارێکی ئەرێنی بێ بۆ سەرەتای ئەم پرۆسەیە ئەو بڕیارە هەم ڕێزە بۆ ڕابەری حزبەکەیان و هەم بە جیهانی دەنوێنێ کە بۆ کورد و خەباتەکەی چەک ئامرازێکی خۆپاراستنە بەرانبەر بە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان و وەکوو ڕێگەیەکی سەپێندراوە. بزووتنەوەی کوردستان بۆ بەرگری لە خۆی و خەباتی نەتەوەی کورد بە ناچار دەستی داوەتە چەک. ئێستا دەوڵتی تورک ناچارە نیشانی بدات ئەوان چەندە ئامادەن لە بەرانبەر هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی پێکاکا دا هەوڵ بۆ چارەسەری پرسی کورد و ددان نان بە مافی نەتەوەیی کورد لە باکووری وڵاتدا بدەن. ٥. ئەمڕۆ جیهان دەبینێ پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرۆکەکەی ئامادەن شێوازی خەباتیان بگۆڕن و تەنانەت بیر لە هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکەیان لەم شێواز و قەوارەی ئەمڕۆدا بکەنەوە. ئایا دەوڵەتی تورکییە لەبەرانبەردا ئامادە دەبێ واز لە سیاسەتە دژە کوردەکانی خۆی بێنێ و هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەی کورد لەبیر بکا و دەرفەتی شیاو بۆ درێژەپێدرانی پرۆسەی چارەسەری بخولقێنێ؟ ئەگەر دەوڵەتی تورکییە ئامادەی ئەو کارە نەبێ و لەسەر سیاسەتی هەمیشەیی خۆی بۆ سەرکوت و سڕینەوە بەردەوام بێ، ئەم هەوڵەش وەکوو هەوڵەکانی پێشوو لەبەر هەڵوێستی حکوومەتی تورکییە نەزۆک دەبێ و ناگاتە ئاکام. هەر بۆیە پێی دەچی دەسەڵاتە جیهانییەکان و زلهێزەکان لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا دەستیان بۆ گوشار خستنەوە سەر تورکییە بۆ ئەوەی مافی کورد بسەلمێنێ ئاواڵەتر بێ و چیدیکە مۆرکی تیرۆریستێک کە خۆیان لە بەر دڵی دەوڵەتی تورکییە لە پارتی کرێکارانی کوردستانیان دابوو ناتوانێ بیانووی خۆ دزینەوە لە هەوڵ بۆ چارەسەری پرسی کورد بێ. لە ڕوانگەی ئێمەوە وەکوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پرسی کورد لە هەموو کوردستان لە ڕاستیدا یەک مەسەلەیە بۆیە چارەنووسی خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی گرینگە و کاریگەریی دۆخی پرسی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لە سەر بەشەکانی دیکە دەبینین و هەوڵ دەدەین یارمەتیدەر و هاوکاری خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بین بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. هاوکات خەڵکی دانیشتووی هەر بەشێک بە خاوەن ماف و سەروەریی بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان دەزانین و ڕێز لە ئیرادەیان دەگرێ. بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازی کورد لە هەموو بەشەکانی بزووتنەوەیەکی سیاسی حەقخۆازانەیە که تەنیا دوای داگیرکاری و لەشکەرکەشی بۆ سەریان دەستیان داوەتە چەک بۆ پاراستنی خۆیان. هەروەها وێرای هەوراز و نشیو و شکان و هەستانەوە، خەباتی نەتەوەی کورد ڕەوا و بەرحەقە و تا گەیشتن به مافەکانی درێژەی دەبێ. کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ٣ی مارسی ٢٠٢٥