ئیسرائیل هەموو ئامادەکارییەکی بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە، بەڵام ئەمریکا پشتیوانی ناکات و دەیەوێ بەگفتوگۆ پرسی ئەتۆمی ئێران چارەسەر بکات. رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکا لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکایی رایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لەبەرامبەر پرۆژە ئامادەکراوەکەی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران وەستاوەتەوە. رۆژنامەکە دەڵێ ئیسرائیل ئامادەکاریکردووە مانگی بانەمەڕ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، بەڵام ترەمپ ئەوەی ناوێت. رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، ئاشکرایکردووە کە لەکاتێکدا ئیسرائیل هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ لەرێگەی گفتوگۆکردن پرسی ئەتۆمی ئێران چارەسەر بکات و پشتیوانی لەو بژاردەیەی تەلەڤیڤ نەکردووە. ئەو زانیاریانە لەکاتێکدایە، رافائێل گروسی سەرۆکی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەسەردانەکەیدا بۆ تاران رایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ رێککەوتنێکی زۆر ئاسانتر و روونتر لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران دەوێت، گروسی دەڵێ ئەمریکا رەشنووسێکی سادەتری بۆ رێککەوتن دەوێ، کە ئالۆزییەکانی رێککەوتنەکەی پێشووی تێدا نەبێت. رافائێل گروسی هەر لەو رۆژەدا کە سەردانی تارانی کرد، رایگەیاندبوو کە ئەگەرچی ئێستا ئێران چەکی ئەتۆمی نیە، بەڵام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بەشی دروستکردنی چەکی ئەتۆم دەکات، هەربۆیە هۆشداری دابوو، کە پێویستە بەپەلە پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە. شەممەی رابردوو گەڕی یەکەمی گفتوگۆ راستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عۆمان دەستیپێکرد، دوای کۆبوونەوەکە ستیڤ ویتکاف نوێنەری ئەمریکا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەی یەکەمیان بە بونیادنەرو ئەرێنی ناوبرد. لەگەڵ ئەوەش لە دوو رۆژی رابردوودا هەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداری لە ئەگەری رێکنەکەوتن دا، هەمیش ویتکاف رایگەیاند کە ئەوان دەیانەوێ هەموو پرۆژەی ئەتۆمی واتە سەرجەم پرۆژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەئێران کۆبکرێتەوە، بەڵام لایەنی ئێرانی ئەوەی رەتکردووەتەوە. بڕیارە رۆژی شەممە دووەم کۆبوونەوەی لایەنی ئەمریکا و ئێرانی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆببنەوە، بەر لەو کۆبوونەوەیە رافائێل گروسی سەرۆکی ئەژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی تارانی کرد، بڕیارە ستیڤ ویتکاف و مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی پاریس بکەن و هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش سەردانی مۆسکۆی کردووە.