29 . خاکەلێوە . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

٨٠٠ فاشیستی ئێرانی دژی نەورۆزی رۆژهەڵاتی کوردستانن

٨٠٠ فاشیستی ئێرانی دژی نەورۆزی رۆژهەڵاتی کوردستانن
18 . خاکەلێوە . 2725

ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و ئاکادیمی و کەڵتووری ئێرانی لە نامەیەکدا بەتووندی دژی رێورەسمەکانی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەستاون و چاودێرێکی سیاسیش لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدژیان وەستاوەتەوەو دەڵێ کەس لەکوردستان بۆ بەرێوەبردنی رێورەسمە مێژووییەکانیان چاوەرێی مۆڵەتی حکومەت ناکەن.

٨٠٠ کەسایەتی دیاری ئێرانی نامەیەکیان لەدژی رێورەسمەکانی نەورۆز بڵاوکردووەتەوەو لە نامەکەیاندا رەخنەیان لە رژێمی ئێران گرتووە کە بۆچی بەتووندی رێگریان لە بەرێوەچوونی
رێورەسمەکانی نەورۆز لە پارێزگاکانی سنە و ئورمییە نەگرتووە. ئەوان دەڵێن رێورەسمەکان لە رۆژئاوای ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان) دابەزاندنی نەورۆز وەکوو بۆنەییەکی نەتەوەیی ئێرانی بە رێورەسمێکی قەومی و قەبیلەیی و تائفییە.
ئەو ٨٠٠ کەسە لەنامەکەیاندا دەڵێن رێگەدان بە کوردەکان بۆ ئەوەی بەجیاواز رێورەسمی نەورۆز بەرێوەببەن، دژایەتیکردنی مێژووی ئێران و نەتەوەی ئێرانەو دەبێتە هۆی پەرەپێدان بە قسەی ئەوان قەومگەراییە.

لەبەشێکی دیکە لەنامەی ئەو فاشیستە ئێرانیانەدا رەخنە لە ئەسلی پازدەی یاسای بنەڕەتیی ئێرانیش گراوەو دەڵێن باسکردن لە خوێندنی زمانی قەومی و مەحەلی دەبێتە هۆی زمانی میللی و فەرمی وڵات! بەرای ئەوان باسکردن لەزمانی قەومەکان دەبێتە هۆی لەیەک هەڵوەشاندنەوەی زمان و کەڵتووری ئێرانی.

ئەو نامەیەی فاشیستە دیارەکانی ئێرانی کاردانەوەی زۆری لەلایەن کوردەکان لێکەوتووەتەوە، لەبەرامبەردا ئەردەشێر پەشەنگ چاودێری سیاسیی و شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی تاران وەڵامیانی داوەتەوەو نووسیویەتی:" ئێوە کە بانگەشە بۆ نیوسەفەویزم دەکەن و دەتانەوێ کۆمەڵگەو سیاسەتی ئێران بۆ ٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش و بۆ سەردەمی زیندەخۆری سەفەوی بگەرێننەوە، خێرە نیگەرانی نەورۆزی کوردستانن؟

ئەردەشیر پەشەنگ لەدرێژەی وەڵامەکەیدا باسی لەوە کردووە: "ئێوە نایبینن کە دەوڵەتی دۆست و بڕاتان بەشار ئەسەد سەرقاڵی کوشتاری خەڵک بەهۆی رێورەسمەکانی نەورۆز بوو. یان تورکیای دۆست و بڕاتان زەکیە ئاڵکان و مەزڵووم دۆغانی تەنیا بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی نەورۆز ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا؟"
ئەو چاودێرە سیاسییە کوردە بەو ٨٠٠ فاشیستە ئێرانییەی گوتووە، کە لەکوردستان کەس بۆ بەرێوەبردنی رێورەسمی نەورۆز چاوەرێی مۆڵەت لە حکومەت ناکات.
ئەردەشیر پەشەنگ داواش لەو ٨٠٠ کەسە دەکات کە سەردانێکی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن کە کوردەکان چۆن بەشکۆوە رێورەسمەکانی نەورۆز بەرێوەدەبەن، یان لانیکەم چاوێک لە ئینتەرنێت بکەن، بۆ ئەوەی لەو شکۆیە تێبگەن.