29 . خاکەلێوە . 2725
ماڵەوەکتێبخانەهەواڵوتووێژوتارھێدلاینRoj- Tech

رێکخراوەکانی مەریوان: نەورۆزی ئەمساڵ سنووری نێوان خۆمان و ئەویتری دیاریکرد

رێکخراوەکانی مەریوان: نەورۆزی ئەمساڵ سنووری نێوان خۆمان و ئەویتری دیاریکرد
25 . خاکەلێوە . 2725

ئەمساڵ نەورۆزی کوردستان بەکۆمەڵێک هۆکاری فەرهەنگی و سیاسی لە پانتاییی جوغرافیای کوردستان و لە ماکۆوە تا لوڕستان بەشکۆوە بەڕێوچوو

نەورۆزی ئەمساڵ ئاکامی گەشە و خەمڵینی بیری شوناسخوازانەی نەتەوەیەکە کە چیتر نایەوێت پەراوێز بێت. بۆیە شێلگیرانە و بوێرانە، بە مەبەستی ئافراندنی کۆمەڵگایەکی واتادار ڕاڤەی بنەماکانی بوونی خۆی دەکات. کۆمەڵگایەک کە هەڵگری هەموو توخمە سەرەکییەکانی سەروەری بێت. بۆ ئەم مەبەستە ئیرادەی کۆی کۆمەڵگای کوردستان لە ڕێگای بەمانادارکردنی کردارێکی ڕۆژانەی تاکی کوردەوە، نەورۆز دەکات بە بۆنەیەکی بوونناسانە لە پێناو زەقکردنەوەی سنووری نێوان "خۆی" و "ئەوی تر". بوونێک کە بەتەما نییە "ئەوی تر" بسڕێتەوە، بەڵام "خود"ێکی تایبەتمەند و خاوەن توخمی بوونگەرایانەیە. ئەم بوونە شوناسخوازە هەم خۆی پێناسە دەکات، هەم بە گژ ئەو گوتارە نەریتخوازەدا دەچێتەوە کە بەدرێژایی سەدەیەک هەموو ڕەهەندەکانی بۆخۆی پاوان کردووە.

دەوڵەت-نەتەوەی ئێران بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ لەسەر بنەمای ئیتنیکی فارس بیچمی گرتووە و جۆرێکی تایبەت لە ناوەندگەرایی زمانی و ئیتنیکی سیمای ئەم دەوڵەتەیە و ئێران تەنیا وەک کراسێک کراوە بە بەری ئەم دوو شتەدا. لەم دەلاقەوە فۆرمێک لە ناوەند/پەراوێز دێتە ئاراوە کە هەرچەشنە کردەوەیەکی کۆمەڵگا پەراوێزەکان وەک "منازعات قومی" و "تجزیە طلبی" خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لێرەدایە کە ئیرادەی بوونناسانەی کوردستان لە نەورۆزدا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو ناوەندگەراییە هێژمۆنیکە و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە خاڵی هاوبەشیان ناسیۆناڵیزمی ئێرانییە.

شۆفینیزمی پاوانخواز هەرجۆرە بوونێک لە دەرەوەی ئەم پێناسەیە بە هەڕەشە بۆ تەواویەتی بوونی خۆی دەزانێت، و دەمارەکانی لە ئوستوورەکان و کتێبە پیرۆزەکاندا دەبینرێت.
بەدوای نەورۆزی کوردستان ٨٠٠ کەس و کەسایەتی لە هەراسنامەیەکدا، وێڕای ئاماژەدان بە هەستیاریی دۆخی ئێستا و قەیرانە هەمەچەشنەکان و لەوانە ئەگە ری شەڕی دەرەکی، بابەتی"اقوام" وەک پاندۆرای هەموو کێشە و گرفتەکانی ئێران وێنا دەکەن، و وەها پیشان دەدەن کە نەورۆز وەک دالێکی سیاسی هۆکاری " منازعات قومی"یە و تەنانەت هێرشێکی توند دەکەنە سەر دەوڵەت کە گوایە لە ڕێگای ڕەخساندنی بەستێنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران نەورۆزیان لە بۆنەیەکی میللی_ئێرانییەوە دابەزاندووە بۆ بۆنەیەکی "خرد فرهنگ قومی". لە بەشێکی تری ڕاگەیێندراوەکەیاندا نەورۆزی پڕشکۆ دەکەن بە پاشکۆی وڵاتانی بێگانە، و دەسەڵات بە بەرپرس دەزانن لە ئەم بابەتەدا و گلەیی دەکەن کە بۆچی حاکمییەت توند ناجووڵێتەوە. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو دوالیتە نەزۆکە کاتێک کۆبوونەوەی دووی خاکەلێوەی شاری ورمێ وەک دژایەتی شوناسی نەتەوەیی لەگەل شوناسی ئێرانی وێنا دەکات.

لە بەندی دووهەمی ڕاگەییندراوەکەدا، هەستی باوکانەی ئەو شۆڤێنیزمە، نەورۆز دەکاتەوە بە موڵکی گشت ئێران، بەڵام ئەم قەوارەیە تەنیا بیانوویەکە بۆ ڕەواییدان بە بنەماکانی ئەو ناسیۆناڵیزمە تاکڕەهەند و بەرچاوتەنگە. کار دەگاتە ئەو ئاستە کە بەکارهێنانی زمانی "قومیت"کان لە قسەکانی سەرۆککۆماردا بە کۆدی لێدان لە زمانی میللی-فەرمی-ڕەسەن و شارستانیی فارسی تەعبیر دەکرێت، و بەو لۆژیکە هەموو زمانە نافەرمی و غەیرە فارسەکان ناڕەسەن و ناشارستانی وێنا دەکات.

بۆیەئێمە وەک ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان باوەڕی تەواومان بە پلۆڕاڵیسمی نەتەوەیی، زمانی و جوغڕافی هەیە، و پێمان وایە مەرجی پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی نەتەوەکان، باوەڕمەندی بە بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی، مافی هاوڵاتیبوون، عەداڵەتی ئابووری، زمانی و فەرهەنگییە. بۆ ئەم ئامانجە پێویستە لە بەر ڕۆشنایی چەمکی "ماف" ی بێ مەرج و بەرانبەری ڕەگەزی و زمانی، کار بۆ چێکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئێستا و داهاتوومان بکەین.

شورای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان:
1- ناوەندی فەرهەنگی-هونەری ڤەژین
2-ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان
3-ئەنجومەنی سەوزی چیا
4-ئەنجومەنی فەرهەنگی_زانستی ڕۆنان
5-کانون سڵامەتی ژین
6-ئەنجومەنی ئەدەبیی ڕۆجیار