سەرۆککۆماری ئەمریکا چەند کاتژمێر دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی وەفدی ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت رایگەیاند، هەتا بە ئەنجامێکی دیاریکراو نەگەین، پێم خۆش نیە قسەی لەسەر بکەم. دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا درەنگانی شەوی شەممە بەکاتی کوردستان و چەند کاتژمێر دوای تەواو بوونی گفتوگۆکانی مەسقەت رایگەیاند:"هەتا ئەو کاتەی بە ئەنجام نەگەین، قسەیەکی ئەوتۆم بۆ وتن نیە، هەربۆیە نامەوێ قسەی لەسەر بکەم، بەڵام هەتا رادەیەک دۆخەکە باش دەچێتەپێش." لەگەڵ تەواوبوونی گفتوگۆکانی وەفدی ئەمریکا و ئێرانی لە عۆممان یەکەم کاردانەوە لەلایەن لایەنی ئێرانی بوو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند گفتوگۆکان ناراستەوخۆ بووەو کەشی گفتوگۆکان ئەرێنی بووە. عێراقچی ئاشکراشیکرد کە بۆ چەند خولەک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەشێوەی راستەوخۆ گفتوگۆیان کردووەو ئەوەشی بە ئاسایی ناوبرد. لایەنی ئەمریکاییش کاردانەوەیان هەبووەو بە گەشبینییەوە سەیری گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا ئیستیڤ ویتکاف نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و سەرۆکی وەفدی ئەمریکا رایگەیاند کە گفتوگۆکان بونیادنەرو ئەرێنی بووە. دواتر کۆشکی سپیش لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند کە پرسەکان زۆر ئاڵۆزن، بەڵام گفتوگۆی راستەوخۆی ویتکاف لەگەڵ لایەنی ئێران هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە ئەنجام بوو. هەردوو لایەنی ئەمریکایی و ئێرانی لەگەڵ ئەوەی دۆخەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان لەسەر گفتوگۆکان باس نەکردووە. بەڵام ماڵپەری وال ستریت ژورناڵ ئاشکرایکردووە، لە گفتوگۆی یەکەمدا باس لە پرۆژە مووشەکییەکانی ئێران و هاوکات باس لە حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکان نەکراوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەرە بنەمای سەرەکی یەکەم دانیشتنی هەردوولا لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی ئێران بووەو باسی هیچ پرسێکی دیکە نەکراوە.